عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یاسا جۆراوجۆرەکان 
1
هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
2
«لەگەڵ هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”دەبێت پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم، یەزدانی پەروەردگارتانم.
3
«”هەر یەکێک لە ئێوە، دەبێت ڕێزی دایک و باوکی خۆی بگرێت و شەممەکانم بپارێزن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
4
«”ئاوڕ لە بت مەدەنەوە و خوداوەندی لەقاڵبدراو بۆ خۆتان دروستمەکەن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
5
«”کاتێک قوربانییەکی هاوبەشی بۆ یەزدان سەردەبڕن، با بە شێوەیەک بێت لەبەردەم یەزدان قبوڵ بێت،
6
ئەو ڕۆژەی سەری دەبڕن دەیخۆن لەگەڵ ڕۆژی پاشتر. ئەوەی لێی دەمێنێتەوە بۆ ڕۆژی سێیەم، دەبێت بە ئاگر بسووتێنرێت.
7
ئەگەر لە ڕۆژی سێیەمدا بخورێت، ئەوە گڵاوە و قبوڵ نییە.
8
ئەوەی لێی بخوات ئەوا تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت، چونکە شتێکی پیرۆزی یەزدانی گڵاو کردووە، جا ئەو کەسە لە گەلەکەی دادەبڕدرێت.
9
«”کاتێک دروێنەی زەوییەکانتان دەکەن، لێوارەکانی کێڵگەکەت مەدورەوە، ئەوەی لە دروێنەکە دەکەوێت، هەڵیمەگرەوە،
10
پاشماوەی هێشووە ترێیەکان لە مێوەکەت مەکەرەوە و ئەوەی دەکەوێت هەڵیمەگرەوە، بۆ هەژار و نامۆی بەجێبهێڵە. من یەزدانی پەروەردگارتانم.
11
«”مەدزن.
«”درۆ مەکەن.
«”فێڵ لە یەکتری مەکەن.
12
«”بە درۆ سوێند بە ناوی من مەخۆن، چونکە ناوی خوداکەت دەزڕێنیت، من یەزدانم.
13
«”نزیکەکەت فریومەدە و تاڵانی مەکە.
«”کرێی کرێگرتەش لەلای خۆت بۆ بەیانی مەهێڵەوە.
14
«”نەفرەت لە کەڕ مەکە و کۆسپ مەخەرە بەردەم نابینا، بەڵکو لە خودات بترسە، من یەزدانم.
15
«”لە دادوەریدا ستەم مەکەن، نە لایەنگری هەژار بکەن و نە پشتی کەسی مەزن بگرن، بەڵکو بە دادپەروەری حوکمی بەرامبەرەکەت بدە.
16
«”لەنێوان خەڵکی قسە مەهێنە و مەبە.
«”مەبە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەکەت، من یەزدانم.
17
«”لە دڵەوە ڕقت لە براکەت نەبێتەوە، ڕاشکاوانە دراوسێکەت سەرزەنشت بکە، بۆ ئەوەی بەشداری لە گوناهی نەکەیت.
18
«”تۆڵە مەستێنەوە و قین لە دڵ مەبە بەرامبەر کوڕی گەلەکەت، بەڵکو نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت. من یەزدانم.
19
«”فەرزەکانم بەجێبهێنن.
«”دوو جۆری جیا لە ئاژەڵەکانت پێکەوە جووت مەکە.
«”دوو جۆر تۆو لە کێڵگەکەت مەڕوێنە.
«”با جلێکت لەبەر نەبێت کە دوو جۆر بێت.
20
«”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ ئافرەتێک جووت بوو، ئەویش کەنیزەیەکی مارەبڕ بوو بۆ پیاوێکی دیکە، بەڵام نەکڕابووەوە و ئازاد نەکرابوو، پێویستە سزایەکی گونجاو بدرێت. کەسیان ناکوژرێت، چونکە ئافرەتەکە ئازاد نەکراوە.
21
دەبێت پیاوەکە قوربانییەک بۆ تاوانەکەی بۆ لای یەزدان بهێنێتە دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، بەرانێک وەک قوربانی تاوان.
22
جا کاهینەکە بە بەرانی قوربانی تاوانەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی، جا لەو گوناهەی کردوویەتی لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
23
«”کاتێک چوونە ناو خاکەکە[a] و هەر دارێکتان بۆ خواردن ڕواند، ئەوا بەرەکەی بە قەدەغەکراو بزانن. سێ ساڵ بۆتان قەدەغەکراوە و لێی ناخورێت،
24
لە ساڵی چوارەمیش هەموو بەروبوومەکەی تەرخانکراو دەبێت بۆ شکۆدارکردنی یەزدان،
25
بەڵام لە ساڵی پێنجەمدا بەرەکەی بخۆن، هەتا داهاتی بۆتان زیاد بکات، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
26
«”هەر گۆشتێک بە خوێنەوە بوو مەیخۆن.
«”فاڵ مەگرنەوە و جادووگەری مەکەن.
27
«”لاتەنیشتەکانی سەرتان مەتاشن و دەستکاری دوو لای ڕیشتان مەکەن.
28
«”بۆ مردوو خۆتان بریندار مەکەن، نەخش لە لەشی خۆتان مەکوتن، من یەزدانم.
29
«”کچەکەت سووک مەکە، بەوەی بیکەیت بە لەشفرۆش، نەوەک خاکەکە پڕ بێت لە لەشفرۆشی و بەدڕەوشتی.
30
«”شەممەکانم بپارێزن و ڕێز لە پیرۆزگاکەم بگرن، من یەزدانم.
31
«”مەگەڕێنەوە بۆ لای نێوانگر[b] و بەدوای ڕۆح ئامادەکاردا[c] مەگەڕێن، پێیان گڵاو دەبن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
32
«”لەبەر ڕیش سپی هەستە و ڕێزی پیر بگرە و لە خودات بترسە، من یەزدانم.
33
«”ئەگەر نامۆیەک هاتە خاکەکەتان، ستەمی لێ مەکەن،
34
وەک هاوڵاتییەک ڕەفتاری لەگەڵ بکەن، وەک خۆتت خۆشبوێت، چونکە ئێوەش لە خاکی میسر نامۆ بوون، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
35
«”ساختەکاری مەکەن، نە لە ئەندازەی پێوانە و نە لە کێش و نە لە بڕ،
36
دەبێت تەرازووی ڕاست و کێشانەی ڕاست و ئێفەی[d] ڕاست و هەینی[e] ڕاستتان هەبێت، من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسر دەریهێنان.
37
«”هەموو فەرزەکانم بەجێبهێنن و یاساکانم پەیڕەو بکەن و جێبەجێیان بکەن، من یەزدانم.“»
  1. a. 19‏:23 مەبەست لە خاکی بەڵێندراوە.‏
  2. b. 19‏:31 لێرە بەو واتایە دێت، کەسێکە کە گوایە هۆی پەیوەندی ڕێکخەرە لەنێوان خەڵکی مردوو و زیندوو. بڕوانە یەکەم ساموئێل 28‏:3‏،7‏،9.‏‏
  3. c. 19‏:31 بەو کەسە دەگوترێت کە ڕۆح ئامادە دەکات. بڕوانە یەکەم ساموئێل 28‏:3 و 8‏–9.‏‏
  4. d. 19‏:36 ئێفە پێوانەی وشک بوو.‏
  5. e. 19‏:36 هەین پێوانەی شلەمەنی بوو.‏