عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئاژەڵە پاکەکان و ئاژەڵە ناپاکەکان 
1
هەروەها یەزدان لەگەڵ موسا و هارون دوا و پێی فەرموون:
2
«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێن و بڵێن: ”ئەوانە ئەو گیانلەبەرانەن کە دەیانخۆن، لە هەموو ئاژەڵەکانی سەر زەوی:
3
هەر ئاژەڵێک کە سمی دوو کەرت بێت و کاوێژ بکات، ئەوە دەخۆن.
4
«”لەوانەی تەنها کاوێژ دەکەن یان تەنها سمیان دوو کەرتە، ئەمانە ناخۆن: وشتر، چونکە کاوێژ دەکات بەڵام سمی دوو کەرت نییە، بۆیە گڵاوە بۆتان؛
5
هەروەها گۆڕهەڵکەنە، چونکە کاوێژ دەکات، بەڵام سمی کەرت نییە، گڵاوە بۆتان؛
6
کەروێشک، چونکە کاوێژ دەکات بەڵام سمی دوو کەرت نییە، بۆیە گڵاوە بۆتان؛
7
بەراز، چونکە سمی کەرت کراوە، بەڵام کاوێژ ناکات، بۆیە گڵاوە بۆتان.
8
نە گۆشتیان بخۆن و نە دەست لە کەلاکیان بدەن، چونکە گڵاوە بۆتان.
9
«”لە هەموو ئەوانەی لەناو ئاوەکانیشن ئەمانە دەخۆن، هەموو ئەوانەی باڵ و پوولەکەیان هەبێت لەناو ئاوەکان، لەناو دەریاکان و لەناو ڕووبارەکان، ئەوانە دەخۆن.
10
بەڵام هەموو ئەوەی باڵ و پوولەکەی نەبێت لەناو دەریاکان و ڕووبارەکان، لە هەموو خشۆکەکانی ناو ئاوەکان و هەموو زیندەوەرێکی ناو ئاوەکان، قێزەونە بۆتان.
11
بۆتان قێزەون دەبێت، لە گۆشتەکەی ناخۆن و قێزتان لە کەلاکەکەی دەبێتەوە.
12
هەموو ئەوەی باڵ و پوولەکەی نەبێت لەناو ئاوەکان، بۆتان قێزەونە.
13
«”لە باڵندەکانیش، قێزتان لەمانە دەبێتەوە، ناخورێن، قێزەونن، هەڵۆ و سیسارکە کەچەڵ و داڵاش،
14
واشەی سوور و هەموو جۆرەکانی واشەی ڕەش،
15
هەموو جۆرەکانی قەلەڕەش،
16
کوندەپەپووی شاخدار و بایەقووش[a] ، مەلی دەریا، هەموو جۆرەکانی باز،
17
کوندەپەپووی بچووک، مەلی ماسیگرە، کوندەپەپووی گەورە،
18
کوندەپەپووی سپی و کوندەپەپووی بیابان، واشەی ماسیگر،
19
لەقلەق و هەموو جۆرەکانی شاهۆ و پەپوسڵێمانکە و شەمشەمەکوێرە.
20
«”هەموو مێرووێکی باڵدار کە لەسەر چوار پێ بڕوات بۆ ئێوە قێزەونە.
21
لەنێو هەموو مێرووێکی باڵدار کە لەسەر چوار پێ دەڕوات تەنها ئەمانە دەخۆن، ئەوەی دوو لاقی نوشتاوەی هەیە لەسەر قاچەکانی و پێیان هەڵدەبەزێتەوە لەسەر زەوی،
22
ئەمە بە هەموو جۆرەکانییەوە دەخۆن: کوللە و سۆلام[b] و بێوکە[c] و پێکوڕە.
23
بەڵام ئەوانی دیکە هەر مێرووێکی باڵدار کە چوارپێی هەبێت قێزەونە بۆتان.
24
«”بەمانە گڵاو دەبن، هەرکەسێک دەست لە کەلاکیان بدات یان بەر کەلاکیان بکەوێت، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت،
25
هەر یەکێک کەلاکیان هەڵبگرێت، دەبێت جلەکانی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
26
«”هەموو ئەو ئاژەڵانەش کە سمیان بە تەواوی شەق نەبێت، یان کاوێژ نەکات، ئەوا گڵاوە بۆتان و هەرکەسێک دەست لە کەلاکی هەر یەکێکیان بدات یان بەر کەلاکی هەر یەکێکیان بکەوێت ئەوا گڵاو دەبێت.
27
هەر ئاژەڵێکیش لە چوار پێیەکان کە لەسەر ناولەپی بڕوات، گڵاوە بۆتان و هەرکەسێک دەست لە کەلاکیان بدات یان بەر کەلاکیان بکەوێت، هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت،
28
هەرکەسێک کەلاکیان هەڵبگرێت، دەبێت جلەکانی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، ئەوە گڵاوە بۆتان.
29
«”ئەمەش گڵاوە بۆتان لەوانەی لەسەر زەوی دەخشێن، ڕاسۆ[d] ، جرج[e] ، مارمێلکە بە هەموو جۆرەکانییەوە،
30
قومقمۆکە، بزنمژ، شەوگەرد، مارمێلکەی خشۆک و کامیلۆن.
31
ئەمانە گڵاوەکانن بۆتان لە هەموو خشۆکەکان، هەرکەسێک دەستیان لێ بدات یان بەریان بکەوێت دوای مرداربوونیان، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
32
هەر شتێکیش یەکێک لەوانەی کەوتە سەری کە مردبوو، ئەو شتە گڵاو دەبێت، لە هەر شتێک، دار بێت یان قوماش یان پێست یان گوش[f] ، هەر شتێک کە کاری پێ بکرێت، دەخرێتە ناو ئاوەوە و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت و پاشان پاک دەبێتەوە.
33
هەر دەفرێکی[g] گڵینیش ئەمانەی بکەوێتە ناوی، هەرچی تێیدایە گڵاو دەبێت و دەفرەکەش دەشکێنن.
34
هەر خواردنێکیش کە بخورێت، لەو دەفرەیە ئاوی بەسەردا بکرێت، گڵاو دەبێت. هەر خواردنەوەیەکیش کە لەو دەفرەیە بخورێتەوە، گڵاو دەبێت.
35
هەر شتێک کەلاکی یەکێک لەوانەی تێبکەوێت، گڵاو دەبێت، ئەگەر تەنوور بێت یان ئاگردان، دەبێت تێکبدرێت، ئەوە گڵاوە و بۆ ئێوە گڵاو دەبێت.
36
تەنها کانی و ئەمباراو کە ئاویان تێدا کۆدەبێتەوە، ئەوان پاک دەبن، بەڵام هەرکەسێک دەست لە کەلاکی هەر یەکێکیان بدات یان بەر کەلاکی هەر یەکێکیان بکەوێت، ئەوا گڵاو دەبێت.
37
ئەگەر کەلاکی یەکێکیان کەوتە سەر هەر تۆوێک کە بچێنرێت، ئەوا تۆوەکە پاکە،
38
بەڵام ئەگەر ئاو لەسەر تۆوەکە هەبوو و کەلاکی یەکێکیانی کەوتە سەر، گڵاوە بۆتان.
39
«”ئەگەر یەکێک لەو ئاژەڵانەی کە خواردنە بۆتان مرد، هەرکەسێک دەست لە کەلاکی بدات یان بەر کەلاکی بکەوێت، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
40
هەر یەکێکیش لە کەلاکەکەی بخوات، ئەوا جلەکانی دەشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، هەر یەکێکیش کەلاکەکەی هەڵبگرێت، ئەوا جلەکانی دەشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
41
«”هەموو خشۆکێکیش کە لەسەر زەوی دەخشێت، ئەوە قێزەونە و ناخورێت.
42
هەرچی لەسەر سکی بڕوات و هەرچی لەسەر چوارپێ بڕوات لەگەڵ هەموو ئەوەی پێی زیاترە، لە هەموو خشۆکەکان کە لەسەر زەوی دەخشێن مەیخۆن، چونکە قێزەونە بۆتان.
43
خۆتان پیس مەکەن بە خشۆکێک کە دەخشێت، خۆتانی پێ گڵاو مەکەن و پێی گڵاو مەبن.
44
من یەزدانی پەروەردگارتانم، خۆتان تەرخان بکەن و پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم. خۆتان بە خشۆکێک کە لەسەر زەوی دەخشێت گڵاو مەکەن.
45
من یەزدانم ئەوەی کە لە خاکی میسرەوە دەریهێنان بۆ ئەوەی ببێتە خوداتان، کەواتە پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم.
46
«”ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی ئاژەڵ و باڵندەکان و هەموو گیانلەبەرێک کە لەناو ئاو دەجوڵێت و هەموو گیانێک کە لەسەر زەوی دەخشێت.
47
پێویستە گڵاو و پاک و ئەو زیندەوەرانەی دەخورێن و ئەو زیندەوەرانەی ناخورێن لێک جیا بکەنەوە.“»
  1. a. 11‏:16 بایەقووش: جۆرێکە لە کوندەپەپوو.‏
  2. b. 11‏:22 سۆلام: باڵدارێکی بچووکی ڕەنگ سەوزە، وەک بێوکە لە شەودا چالاکە و لە ڕۆژدا بەهۆی لێکچوونی لەگەڵ گەڵا، لەژێر گەڵاکاندا خۆی حەشار دەدات.‏
  3. c. 11‏:22 بێوکە: لە شێوەی کوللەیە و بچووکە، لە شوێنی شێدار دەژیێت، ئێواران زیکەزیک دەکات.‏
  4. d. 11‏:29 ڕاسۆ یان مشکی خورما: گیاندارێکی گۆشتخۆری درێژکۆڵەی قاچ کورتی کلک تووکن و درێژە.‏
  5. e. 11‏:29 یان جورج.‏
  6. f. 11‏:32 ڕیشاڵی ڕووەک بۆ دروستکردنی گوش و گونییە بەکارهاتووە، کە لەو سەردەمە بەرگی ماتەمی لێ دروستدەکرا.‏
  7. g. 11‏:33 جام یان دەوری بۆ پێداویستی خواردن.‏