عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پاکبوونەوەی ژنان لەدوای منداڵبوون 
1
هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
2
«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”ئەگەر ژنێک سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو، ئەوا بەپێی ڕێوڕەسم بۆ حەوت ڕۆژ گڵاو[a] دەبێت، هەروەک لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی مانگانەی گڵاو دەبێت.
3
لە ڕۆژی هەشتەمدا کۆرپەکە خەتەنە دەکرێت،
4
ئینجا دایکەکە سی و سێ ڕۆژی دیکە دەمێنێتەوە هەتا لە خوێن لێچوونەکەی پاک ببێتەوە، بەر هیچ شتێکی پیرۆز ناکەوێت و بۆ پیرۆزگا ناچێت، هەتا ڕۆژانی پاکبوونەوەی تەواو دەبێت.
5
ئەگەر کچی بوو، ئەوا دوو هەفتە پاک نابێت، هەروەک لە خوێنلێچوونی بێت، ئینجا شەست و شەش ڕۆژی دیکە دەمێنێتەوە، هەتا لە زەیستانییەکەی[b] پاک ببێتەوە.
6
«”کاتێک ڕۆژانی پاکبوونەوەی[c] تەواو بوو، ئەگەر کوڕی بووبێت یان کچ، ئەوا بەرخێکی یەک ساڵە وەک قوربانی سووتاندن و بێچووە کۆترێک یان کوکوختییەک وەک قوربانی گوناه[d] دەهێنێتە بەر دەروازەی چادری چاوپێکەوتن بۆ کاهینەکە.
7
ئەویش لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات و کەفارەتی بۆ دەکات، ئینجا بەپێی ڕێوڕەسم لە خوێن لێچوونەکەی پاک دەبێتەوە.[e]
«”ئەوە ڕێنماییە بۆ ئەو ژنەی کوڕ یان کچی دەبێت.
8
بەڵام ئەگەر دەستکورت بوو بەرخێک بهێنێت، ئەوا دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر، یەکێکیان بۆ قوربانی سووتاندن و ئەوی دیکە بۆ قوربانی گوناه، بەم شێوەیە کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات و پاک دەبێتەوە.“»
  1. a. 12‏:2 لە پەیمانی کۆن خوێن بە پیرۆز هەژمارد کراوە، بەڵام کاتێک ئافرەت دەکەوتە سووڕی مانگانە و خوێنی لێ دەرچوو، ئەو ماوەیە ئافرەتەکە بە گڵاو هەژمارد دەکرا. خۆشبەختانە لە پەیمانی نوێ بەهۆی عیسای مەسیحەوە بە پاک دادەنرێت. بڕوانە مەرقۆس 7‏:17‏-23.‏‏
  2. b. 12‏:5 زەیستانی: منداڵبوون نابێتە هۆی گڵاوی، بەڵام مەبەستی پاکبوونەوەیە لە خوێنی زەیستانی.‏
  3. c. 12‏:6 مریەم لە کاتی لەدایکبوونی عیسا ئەم نەریتەی جێبەجێ کرد، بڕوانە لۆقا 2‏:22‏-24.‏‏
  4. d. 12‏:6 قوربانی گوناه: پێشکەشکردنی قوربانی لە پێناو گوناه یاخود تاوان، کاریگەری هەیە لەسەر دووبارە گەڕاندنەوەی مرۆڤ بۆ ناو ژیانی خواپەرستی.‏
  5. e. 12‏:7 لە زمان و کەلتوری عیبری خوێن هێمای ژیانە، ژیانیش لەلایەن یەزدانەوە پیرۆزکراوە کە بەخشیویەتی. لەبەر ئەو هۆکارە بووە کە جولەکەکان ڕێگەیان نەدابوو بە خواردنی گۆشت کە خوێنی تێدابێت. ( پەیدابوون 9‏:4‏‏) هەموو لێچوونێکی خوێنیش پێویست بوو بە باشترین شێوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت. لەبەر ئەوە کوشتار و خوێنڕشتن بە کۆتایی پێهێنانی ژیان زانراوە، بۆیە لەلایەن یەزدانەوە پێویستی بە لێپرسینەوە هەیە ( پەیدابوون 9‏:5‏‏).‏