عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕێنمایی ده‌رباره‌ی نه‌خۆشی پێست 
1
هه‌روه‌ها یه‌زدان به‌ موسا و هارونی فه‌رموو:
2
«ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئاوسانێك، یان لیرێك یان له‌كه‌یه‌كی بریقه‌دار له‌سه‌ر پێستی له‌شی هه‌بوو، كه‌ گومانی نه‌خۆشی گواستراوه‌ی پێستی[a] لێ بكرێت، ئه‌وا ئه‌و كه‌سه‌ ده‌هێنرێته‌ لای هارونی كاهین، یان یه‌كێك له‌ كوڕه‌ كاهینه‌كانی.
3
ئه‌گه‌ر كاهینه‌كه‌ پشكنی زامه‌كه‌ له‌ پێستی له‌شه‌ و ئه‌و مووانه‌ی له‌ناو زامه‌كه‌ن سپین و زامه‌كه‌ له‌ پێستی له‌ش قووڵتره‌، ئه‌وه‌ نه‌خۆشی گواستراوه‌ی پێسته‌. كاتێك كاهینه‌كه‌ پشكنی، به‌پێی ڕێوڕه‌سم ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ گڵاوه‌.
4
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌كه‌یه‌كی بریقه‌داری سپی بوو له‌ پێستی له‌ش و له‌ پێست قووڵتر نه‌بوو و ئه‌و مووانه‌ی له‌ناو له‌كه‌كه‌ن سپی نه‌ببوون، ئه‌وا كاهینه‌كه‌ كه‌سی تووشبوو حه‌وت ڕۆژ له‌ خه‌ڵك جیای ده‌كاته‌وه‌.
5
ئه‌گه‌ر كاهینه‌كه‌ له‌ ڕۆژی حه‌وته‌م پشكنینی بۆ ئه‌نجام دا و بینی زامه‌كه‌ وه‌ك خۆیه‌تی و له‌ پێستی ته‌شه‌نه‌ی نه‌كردووه‌، ئه‌وا كاهینه‌كه‌ حه‌وت ڕۆژی دیكه‌ش جیای ده‌كاته‌وه‌.
6
ئه‌گه‌ر كاهینه‌كه‌ دووباره‌ له‌ ڕۆژی حه‌وته‌م پشكنینی بۆ ئه‌نجام دا و بینییه‌وه‌ و زامه‌كه‌ كاڵ بووه‌ته‌وه‌ و له‌ پێستی ته‌شه‌نه‌ی نه‌كردووه‌، ئه‌وا كاهینه‌كه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ پاكه‌، واته‌ ئه‌وه‌ لیره‌. ئه‌و كه‌سه‌ جله‌كانی ده‌شوات و پاك ده‌بێت.
7
به‌ڵام ئه‌گه‌ر لیره‌كه‌ له‌ پێستی ته‌شه‌نه‌ی كرد له‌دوای ئه‌وه‌ی پیشانی كاهینه‌كه‌ درا بۆ پاككردنه‌وه‌ی، ده‌بێت دیسان پیشانی كاهینه‌كه‌ بدرێته‌وه‌.
8
ئه‌گه‌ر كاهینه‌كه‌ پشكنی لیره‌كه‌ له‌ پێستی ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌، ئه‌وا كاهینه‌كه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ گڵاو بووه‌، ئه‌وه‌ نه‌خۆشییه‌كی گواستراوه‌یه‌.
9
«ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌خۆشی گواستراوه‌ی پێستی هه‌بێت، ئه‌وا ده‌هێنرێته‌ لای كاهین.
10
ئه‌گه‌ر كاهینه‌كه‌ پشكنینی بۆ ئه‌نجام دا و بینی ئاوسانێكی سپی له‌ پێست هه‌یه‌ و مووی سپی كردووه‌ و له‌ شوێنی ئاوسانه‌كه‌ گۆشتی ڕووت به‌ ده‌ره‌وه‌یه‌،
11
ئه‌وا نه‌خۆشی پێستی درێژخایه‌نه‌ له‌ پێستی له‌شی، ئیتر كاهینه‌كه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ گڵاوه‌، دووره‌په‌رێزی ناكات، چونكه‌ گڵاوه‌.
12
«به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌ ته‌شه‌نه‌ی كردبێت و هه‌موو پێستی داگرتبوو، له‌ سه‌رییه‌وه‌ هه‌تا پێیه‌كانی، به‌گوێره‌ی هه‌موو ئه‌وه‌ی چاوی كاهینه‌كه‌ ده‌یبینێت،
13
كاهینه‌كه‌ پشكنینی بۆ ئه‌نجام دا و بینی وا نه‌خۆشییه‌كه‌ هه‌موو له‌شی داگرتووه‌، ئه‌وا ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ تووشبووه‌كه‌ پاكه‌، له‌و كاته‌وه‌ هه‌مووی سپی بووه‌، ئه‌وه‌ پاكه‌.
14
به‌ڵام هه‌ر كاتێك گۆشتی ڕووتی تێدا بینی، ئه‌وا گڵاو ده‌بێت.
15
كاتێك كاهینه‌كه‌ گۆشته‌ ڕووته‌كه‌ی بینی، ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ گڵاوه‌. گۆشتی ڕووت گڵاوه‌، ئه‌وا كه‌سه‌كه‌ نه‌خۆشییه‌كی گواستراوه‌ی هه‌یه‌.
16
ئه‌گه‌ر گۆشته‌ ڕووته‌كه‌ جارێكی دیكه‌ سپی بووبێته‌وه‌، ئه‌وا دێته‌وه‌ لای كاهینه‌كه‌.
17
ئینجا كه‌ كاهینه‌كه‌ پشكنی وا شوێنه‌ تووشبووه‌كه‌ سپی بووه‌، كاهینه‌كه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ تووشبووه‌كه‌ پاكه‌، ئه‌وا كه‌سه‌كه‌ پاكه‌.
18
«ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ پێسته‌كه‌ی دومه‌ڵێك بووبێت و چاك بووبێته‌وه‌،
19
له‌ شوێنی دومه‌ڵه‌كه‌ش ئاوسانێكی سپی یان له‌كه‌یه‌كی بریقه‌داری سپی سوورباو هه‌بێت، ئه‌وا پیشانی كاهینه‌كه‌ ده‌درێت.
20
ئه‌گه‌ر كاهینه‌كه‌ پشكنی له‌ پێست قووڵتره‌ و مووه‌كانی سپی بووه‌، ئه‌وا كاهینه‌كه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ گڵاوه‌. ئه‌وه‌ نه‌خۆشی گواستراوه‌ی پێسته‌ كه‌ له‌ دومه‌ڵه‌كه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌.
21
به‌ڵام ئه‌گه‌ر كاهینه‌كه‌ پشكنی مووی سپی تێدا نییه‌ و له‌ پێست قووڵتر نییه‌ و ڕه‌نگی ئاساییه‌، ئه‌وا كاهینه‌كه‌ حه‌وت ڕۆژ جیای ده‌كاته‌وه‌،
22
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ پێست ته‌شه‌نه‌ی كردبێت، ئه‌وا كاهینه‌كه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ گڵاوه‌، ئه‌وه‌ گواستراوه‌یه‌.
23
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌كه‌ بریقه‌داره‌كه‌ له‌ شوێنی خۆی مایه‌وه‌ و ته‌شه‌نه‌ی نه‌كردووه‌، ئه‌وه‌ شوێنه‌واری دومه‌ڵه‌كه‌یه‌ و كاهینه‌كه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ پاكه‌.
24
«ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ پێستیدا شوێنێكی سووتاوی به‌ ئاگر هه‌بێت، گۆشته‌ ڕووته‌كه‌ی شوێنه‌ سووتاوه‌كه‌ له‌كه‌یه‌كی بریقه‌داری سپی سوورباو یان سپی هه‌بێت،
25
كاهینه‌كه‌ پشكنی وا مووی له‌كه‌ بریقه‌داره‌كه‌ سپی بووه‌ و له‌ پێست قووڵتره‌، ئه‌وه‌ نه‌خۆشییه‌كی گواستراوه‌یه‌ و له‌ شوێنه‌ سووتاوه‌كه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌. كاهینه‌كه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ گڵاوه‌، ئه‌وه‌ نه‌خۆشی گواستراوه‌ی پێسته‌.
26
به‌ڵام ئه‌گه‌ر كاهینه‌كه‌ پشكنی له‌ له‌كه‌ بریقه‌داره‌كه‌ مووی سپی نییه‌ و له‌ پێست قووڵتر نییه‌ و ڕه‌نگی ئاساییه‌، ئه‌وا كاهینه‌كه‌ حه‌وت ڕۆژ جیای ده‌كاته‌وه‌.
27
كاهینه‌كه‌ له‌ ڕۆژی حه‌وته‌م ده‌یبینێت، ئه‌گه‌ر به‌ پێستدا ته‌شه‌نه‌ی كردبێت، ئه‌وا كاهینه‌كه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ گڵاوه‌، ئه‌وه‌ نه‌خۆشی گواستراوه‌ی پێسته‌.
28
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌كه‌ بریقه‌داره‌كه‌ له‌ شوێنی خۆی مایه‌وه‌ و له‌ پێست ته‌شه‌نه‌ی نه‌كردبێت و ڕه‌نگی ئاسایی بوو، ئه‌وا ئاوسانی سووتانه‌كه‌یه‌، كاهینه‌كه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ پاكه‌، چونكه‌ شوێنه‌واری سووتانه‌كه‌یه‌.
29
«هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ئافره‌تێك یان پیاوێك زامێك له‌ سه‌ری یان له‌ چه‌ناگه‌ی هه‌بێت،
30
كاهینه‌كه‌ زامه‌كه‌ی پشكنی وا له‌ پێست قووڵتره‌ و مووی زه‌ردی وردی تێدایه‌، ئه‌وا كاهینه‌كه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ گڵاوه‌، ئه‌وه‌ كه‌چه‌ڵییه‌، ئه‌وه‌ نه‌خۆشی گواستراوه‌ی سه‌ر یان چه‌ناگه‌یه‌.
31
به‌ڵام ئه‌گه‌ر كاهینه‌كه‌ پشكنی تووشبوون به‌ كه‌چه‌ڵییه‌كه‌ له‌ پێست قووڵتر نییه‌، به‌ڵام مووی ڕه‌شی تێدا نییه‌، ئه‌وا كاهینه‌كه‌ حه‌وت ڕۆژ كه‌سی تووشبوو جیا ده‌كاته‌وه‌.
32
ئه‌گه‌ر كاهینه‌كه‌ له‌ ڕۆژی حه‌وته‌م كه‌چه‌ڵییه‌كه‌ی پشكنی، وا ته‌شه‌نه‌ی نه‌كردووه‌ و مووی زه‌ردی تێدا نییه‌ و كه‌چه‌ڵییه‌كه‌ له‌ پێست قووڵتر نییه‌،
33
با بتاشرێت، به‌ڵام كه‌چه‌ڵییه‌كه‌ نا، كاهینه‌كه‌ش حه‌وت ڕۆژی دیكه‌ كه‌سی تووشبوو جیا ده‌كاته‌وه‌.
34
ئه‌گه‌ر كاهینه‌كه‌ له‌ ڕۆژی حه‌وته‌م كه‌چه‌ڵییه‌كه‌ی پشكنی، وا كه‌چه‌ڵییه‌كه‌ له‌ پێستدا ته‌شه‌نه‌ی نه‌كردووه‌ و له‌ پێست قووڵتر نییه‌، ئه‌وا كاهینه‌كه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ كه‌سی تووشبوو پاكه‌، جا جله‌كانی ده‌شوات و پاك ده‌بێت.
35
به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌چه‌ڵییه‌كه‌ له‌ پێستدا ته‌شه‌نه‌ی كردبێت له‌دوای ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یه‌نرا كه‌ پاكه‌،
36
كاهینه‌كه‌ش پشكنی وا كه‌چه‌ڵییه‌كه‌ له‌ پێست ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌، ئه‌وا كاهینه‌كه‌ له‌دوای مووی زه‌رد ناگه‌ڕێت، ئه‌وه‌ گڵاوه‌.
37
به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ك خۆی مایه‌وه‌ و مووی ڕه‌شی تێدا ڕوا، ئه‌وا كه‌چه‌ڵییه‌كه‌ چاك بووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ پاكه‌ و كاهینه‌كه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ پاكه‌.
38
«ئه‌گه‌ر پیاوێك یان ئافره‌تێك له‌ پێستیدا له‌كه‌ی سپی هه‌بوو،
39
كاهینه‌كه‌ش پشكنی ئه‌وا له‌ پێستی له‌شی له‌كه‌ی ڕه‌نگ ئاسایی سپی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ لیری بێ زیانه‌، له‌ پێستدا ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌، ئه‌وا كه‌سه‌كه‌ پاكه‌.
40
«ئه‌گه‌ر كه‌سێك مووی سه‌ری ڕووتایه‌وه‌، ئه‌وه‌ كه‌چه‌ڵه‌، ئه‌و پاكه‌.
41
ئه‌گه‌ر مووی سه‌ری له‌لای پێشه‌وه‌ ڕووتایه‌وه‌، ئه‌وه‌ سه‌ر ڕووتاوه‌، ئه‌و پاكه‌.
42
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ كه‌چه‌ڵییه‌كه‌ یان ڕووتاوییه‌كه‌ له‌كه‌ی سپی سوورباو هه‌بوو، ئه‌وا نه‌خۆشی گواستراوه‌یه‌ و له‌ كه‌چه‌ڵییه‌كه‌ی یان ڕووتاوییه‌كه‌ی ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌.
43
ئه‌گه‌ر كاهینه‌كه‌ ئه‌وه‌ی پشكنی و بینی وا ئاوساوی تووشبوونه‌كه‌ سپی سوورباوه‌ له‌ كه‌چه‌ڵییه‌كه‌ی یان له‌ ڕووتاوییه‌كه‌ی وه‌ك نه‌خۆشی گواستراوه‌ی پێست،
44
ئه‌وه‌ كه‌سێكی نه‌خۆش و گڵاوه‌. كاهینه‌كه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ گڵاوه‌، سه‌ری تووش بووه‌.
45
«ئه‌و كه‌سه‌ تووش بووه‌، جلی دڕاو له‌به‌ر ده‌كات و سه‌ری دانه‌پۆشراو ده‌بێت و سمێڵی داده‌پۆشێت و هاوار ده‌كات: ”گڵاو! گڵاو!“
46
هه‌موو ئه‌و ڕۆژانه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ی پێوه‌یه‌ گڵاو ده‌بێت، گڵاوه‌ و به‌ ته‌نها ده‌ژیێت، ده‌ره‌وه‌ی ئۆردوگا ده‌بێته‌ جێی مانه‌وه‌ی.
ڕێنمایی سه‌باره‌ت به‌ كه‌ڕوولێدان 
47
«به‌ڵام ئه‌گه‌ر جلوبه‌رگێك كه‌ڕوو لێی دابوو، جلوبه‌رگی خوری یان كه‌تان،
48
ئه‌وه‌ی ڕستراو بێت یان چنراو، له‌ كه‌تان و له‌ خوری، یان له‌ چه‌رم[b] ، یان له‌ هه‌ر دروستكراوێك له‌ چه‌رم،
49
لێدانه‌كه‌ش[c] سه‌وزباو یان سوورباو بوو، له‌ جله‌كه‌ یان له‌ چه‌رمه‌كه‌، له‌ ڕستراو یان له‌ چنراو یان له‌ هه‌ر شتێك له‌ چه‌رم بێت، ئه‌وه‌ لێدانی كه‌ڕووه‌، جا پیشانی كاهین ده‌درێت.
50
كاهینه‌كه‌ش كه‌ڕووه‌كه‌ ده‌پشكنێت و لێدراوه‌ تووشبووه‌كه‌ حه‌وت ڕۆژ جیا ده‌كاته‌وه‌.
51
جا كه‌ له‌ ڕۆژی حه‌وته‌م لێدانه‌كه‌ی پشكنی وا له‌ جله‌كه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌، له‌ ڕستراو یان له‌ چنراو یان له‌ چه‌رم، له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ چه‌رم دروستده‌كرێت بۆ به‌كارهێنان، ئه‌وا لێدانه‌كه‌ كه‌ڕووه‌ و زیان به‌خشه‌، گڵاوه‌.
52
جا جله‌كه‌ یان ڕستراوه‌كه‌ یان چنراوه‌كه‌ له‌ خوری بێت یان كه‌تان یان له‌ هه‌ر شتێكی چه‌رم ده‌یسووتێنێت، ئه‌وه‌ی لێدانه‌كه‌ی تێدایه‌، چونكه‌ كه‌ڕووی زیان به‌خشه‌ به‌ ئاگر ده‌سووتێنرێ.
53
«به‌ڵام ئه‌گه‌ر كاهینه‌كه‌ پشكنی وا كه‌ڕووه‌كه‌ له‌ جله‌كه‌ یان ڕستراوه‌كه‌ یان چنراوه‌كه‌ یان شته‌ چه‌رمه‌كه‌ بڵاونه‌بووه‌ته‌وه‌،
54
ئه‌وا كاهینه‌كه‌ فه‌رمان ده‌دات ئه‌وه‌ی لێدانه‌كه‌ی تێدایه‌ بشۆن و حه‌وت ڕۆژی دیكه‌ جیای ده‌كاته‌وه‌.
55
ئه‌گه‌ر كاهینه‌كه‌ دوای شوشتنی لێدانه‌كه‌ پشكنی كه‌ڕووه‌كه‌ دیمه‌نی نه‌گۆڕاوه‌ و بڵاونه‌بووه‌ته‌وه‌، ئه‌وا گڵاوه‌. ده‌بێت به‌ ئاگر بیسووتێنیت، جا له‌ناوه‌وه‌ی بێت یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی.
56
به‌ڵام ئه‌گه‌ر كاهینه‌كه‌ پشكنی شوێنی كه‌ڕووه‌كه‌ ڕه‌نگی ئاساییه‌ پاش شوشتنی، ئه‌وا له‌ جله‌كه‌ یان چه‌رمه‌كه‌، ڕستراوه‌كه‌ یان چنراوه‌كه‌ ده‌یدڕێنێت.
57
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ جله‌كه‌، له‌ ڕستراوه‌كه‌ یان چنراوه‌كه‌ یان له‌ شته‌ چه‌رمه‌كه‌ ده‌ركه‌وته‌وه‌، ئه‌وا بڵاوبووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ڕووه‌كه‌ی تێدایه‌ به‌ ئاگر ده‌یسووتێنێت.
58
به‌ڵام هه‌ر جلێك، ڕستراو یان چنراو، یان شتێكی چه‌رم، ئه‌وه‌ی ده‌یشۆیت و كه‌ڕووه‌كه‌ی تێدا نامێنێت، ئه‌وا دووباره‌ ده‌شۆردرێته‌وه‌ و پاك ده‌بێته‌وه‌.»
59
ئه‌وانه‌ ڕێنماییه‌كان بوون ده‌رباره‌ی كه‌ڕوولێدان، له‌ جلی خوری یان له‌ كه‌تان، له‌ ڕستراو یان له‌ چنراو یان هه‌ر شتێكی چه‌رم، بۆ ڕاگه‌یاندن كه‌ پاكه‌ یان گڵاوه‌.
  1. a. 13‏:2 نه‌خۆشی گواستراوه‌ی پێست: له‌ زمانی عیبری به‌ واتای گه‌ڕوگولی و چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی جیاوازی پێست دێت.
  2. b. 13‏:48 چه‌رم: واته‌ پێستی خۆشكراو، شتومه‌كی له‌ چه‌رم دروستكراو.
  3. c. 13‏:49 بۆ ئه‌و شتانه‌ی كه‌ كه‌ڕووی هه‌ڵهێناوه‌، واته‌ پیس بوون.