عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئاژه‌ڵه‌ پاكه‌كان و ئاژه‌ڵه‌ ناپاكه‌كان 
1
هه‌روه‌ها یه‌زدان له‌گه‌ڵ موسا و هارون دوا و پێی فه‌رموون:
2
«له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی ئیسرائیل بدوێن و بڵێن: ”ئه‌وانه‌ ئه‌و گیانله‌به‌رانه‌ن كه‌ ده‌یانخۆن، له‌ هه‌موو ئاژه‌ڵه‌كانی سه‌ر زه‌وی:
3
هه‌ر ئاژه‌ڵێك كه‌ سمی دوو كه‌رت بێت و كاوێژ بكات، ئه‌وه‌ ده‌خۆن.
4
«”له‌وانه‌ی ته‌نها كاوێژ ده‌كه‌ن یان ته‌نها سمیان دوو كه‌رته‌، ئه‌مانه‌ ناخۆن: وشتر، چونكه‌ كاوێژ ده‌كات به‌ڵام سمی دوو كه‌رت نییه‌، بۆیه‌ گڵاوه‌ بۆتان؛
5
هه‌روه‌ها گۆڕهه‌ڵكه‌نه‌، چونكه‌ كاوێژ ده‌كات، به‌ڵام سمی كه‌رت نییه‌، گڵاوه‌ بۆتان؛
6
كه‌روێشك، چونكه‌ كاوێژ ده‌كات به‌ڵام سمی دوو كه‌رت نییه‌، بۆیه‌ گڵاوه‌ بۆتان؛
7
به‌راز، چونكه‌ سمی كه‌رت كراوه‌، به‌ڵام كاوێژ ناكات، بۆیه‌ گڵاوه‌ بۆتان.
8
نه‌ گۆشتیان بخۆن و نه‌ ده‌ست له‌ كه‌لاكیان بده‌ن، چونكه‌ گڵاوه‌ بۆتان.
9
«”له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ناو ئاوه‌كانیشن ئه‌مانه‌ ده‌خۆن، هه‌موو ئه‌وانه‌ی باڵ و پووله‌كه‌یان هه‌بێت له‌ناو ئاوه‌كان، له‌ناو ده‌ریاكان و له‌ناو ڕووباره‌كان، ئه‌وانه‌ ده‌خۆن.
10
به‌ڵام هه‌موو ئه‌وه‌ی باڵ و پووله‌كه‌ی نه‌بێت له‌ناو ده‌ریاكان و ڕووباره‌كان، له‌ هه‌موو خشۆكه‌كانی ناو ئاوه‌كان و هه‌موو زینده‌وه‌رێكی ناو ئاوه‌كان، قێزه‌ونه‌ بۆتان.
11
بۆتان قێزه‌ون ده‌بێت، له‌ گۆشته‌كه‌ی ناخۆن و قێزتان له‌ كه‌لاكه‌كه‌ی ده‌بێته‌وه‌.
12
هه‌موو ئه‌وه‌ی باڵ و پووله‌كه‌ی نه‌بێت له‌ناو ئاوه‌كان، بۆتان قێزه‌ونه‌.
13
«”له‌ باڵنده‌كانیش، قێزتان له‌مانه‌ ده‌بێته‌وه‌، ناخورێن، قێزه‌ونن، هه‌ڵۆ و سیساركه‌ كه‌چه‌ڵ و داڵاش،
14
واشه‌ی سوور و هه‌موو جۆره‌كانی واشه‌ی ڕه‌ش،
15
هه‌موو جۆره‌كانی قه‌له‌ڕه‌ش،
16
كونده‌په‌پووی شاخدار و بایه‌قووش[a] ، مه‌لی ده‌ریا، هه‌موو جۆره‌كانی باز،
17
كونده‌په‌پووی بچووك، مه‌لی ماسیگره‌، كونده‌په‌پووی گه‌وره‌،
18
كونده‌په‌پووی سپی و كونده‌په‌پووی بیابان، واشه‌ی ماسیگر،
19
له‌قله‌ق و هه‌موو جۆره‌كانی شاهۆ و په‌پووله‌سڵێمانكه‌ و شه‌مشه‌مه‌كوێره‌.
20
«”هه‌موو مێرووێكی باڵدار كه‌ له‌سه‌ر چوار پێ بڕوات بۆ ئێوه‌ قێزه‌ونه‌.
21
له‌نێو هه‌موو مێرووێكی باڵدار كه‌ له‌سه‌ر چوار پێ ده‌ڕوات ته‌نها ئه‌مانه‌ ده‌خۆن، ئه‌وه‌ی دوو لاقی نوشتاوه‌ی هه‌یه‌ له‌سه‌ر قاچه‌كانی و پێیان هه‌ڵده‌به‌زێته‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌وی،
22
ئه‌مه‌ به‌ هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌ ده‌خۆن: كولله‌ و سۆلام[b] و بێوكه‌[c] و پێكوڕه‌.
23
به‌ڵام ئه‌وانی دیكه‌ هه‌ر مێرووێكی باڵدار كه‌ چوارپێی هه‌بێت قێزه‌ونه‌ بۆتان.
24
«”به‌مانه‌ گڵاو ده‌بن، هه‌ركه‌سێك ده‌ست له‌ كه‌لاكیان بدات یان به‌ر كه‌لاكیان بكه‌وێت، ئه‌وا هه‌تا ئێواره‌ گڵاو ده‌بێت،
25
هه‌ر یه‌كێك كه‌لاكیان هه‌ڵبگرێت، ده‌بێت جله‌كانی بشوات و هه‌تا ئێواره‌ گڵاو ده‌بێت.
26
«”هه‌موو ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ش كه‌ سمیان به‌ ته‌واوی شه‌ق نه‌بێت، یان كاوێژ نه‌كات، ئه‌وا گڵاوه‌ بۆتان و هه‌ركه‌سێك ده‌ست له‌ كه‌لاكی هه‌ر یه‌كێكیان بدات یان به‌ر كه‌لاكی هه‌ر یه‌كێكیان بكه‌وێت ئه‌وا گڵاو ده‌بێت.
27
هه‌ر ئاژه‌ڵێكیش له‌ چوار پێیه‌كان كه‌ له‌سه‌ر ناوله‌پی بڕوات، گڵاوه‌ بۆتان و هه‌ركه‌سێك ده‌ست له‌ كه‌لاكیان بدات یان به‌ر كه‌لاكیان بكه‌وێت، هه‌تا ئێواره‌ گڵاو ده‌بێت،
28
هه‌ركه‌سێك كه‌لاكیان هه‌ڵبگرێت، ده‌بێت جله‌كانی بشوات و هه‌تا ئێواره‌ گڵاو ده‌بێت، ئه‌وه‌ گڵاوه‌ بۆتان.
29
«”ئه‌مه‌ش گڵاوه‌ بۆتان له‌وانه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی ده‌خشێن، ڕاسۆ[d] ، جرج[e] ، مارمێلكه‌ به‌ هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌،
30
قومقمۆكه‌، بزنمژ، شه‌وگه‌رد، مارمێلكه‌ی خشۆك و كامیلۆن.
31
ئه‌مانه‌ گڵاوه‌كانن بۆتان له‌ هه‌موو خشۆكه‌كان، هه‌ركه‌سێك ده‌ستیان لێ بدات یان به‌ریان بكه‌وێت دوای مرداربوونیان، ئه‌وا هه‌تا ئێواره‌ گڵاو ده‌بێت.
32
هه‌ر شتێكیش یه‌كێك له‌وانه‌ی كه‌وته‌ سه‌ری كه‌ مردبوو، ئه‌و شته‌ گڵاو ده‌بێت، له‌ هه‌ر شتێك، دار بێت یان قوماش یان پێست یان گوش[f] ، هه‌ر شتێك كه‌ كاری پێ بكرێت، ده‌خرێته‌ ناو ئاوه‌وه‌ و هه‌تا ئێواره‌ گڵاو ده‌بێت و پاشان پاك ده‌بێته‌وه‌.
33
هه‌ر ده‌فرێكی[g] گڵینیش ئه‌مانه‌ی بكه‌وێته‌ ناوی، هه‌رچی تێیدایه‌ گڵاو ده‌بێت و ده‌فره‌كه‌ش ده‌شكێنن.
34
هه‌ر خواردنێكیش كه‌ بخورێت، له‌و ده‌فره‌یه‌ ئاوی به‌سه‌ردا بكرێت، گڵاو ده‌بێت. هه‌ر خواردنه‌وه‌یه‌كیش كه‌ له‌و ده‌فره‌یه‌ بخورێته‌وه‌، گڵاو ده‌بێت.
35
هه‌ر شتێك كه‌لاكی یه‌كێك له‌وانه‌ی تێبكه‌وێت، گڵاو ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ته‌نوور بێت یان ئاگردان، ده‌بێت تێكبدرێت، ئه‌وه‌ گڵاوه‌ و بۆ ئێوه‌ گڵاو ده‌بێت.
36
ته‌نها كانی و ئه‌مباراو كه‌ ئاویان تێدا كۆده‌بێته‌وه‌، ئه‌وان پاك ده‌بن، به‌ڵام هه‌ركه‌سێك ده‌ست له‌ كه‌لاكی هه‌ر یه‌كێكیان بدات یان به‌ر كه‌لاكی هه‌ر یه‌كێكیان بكه‌وێت، ئه‌وا گڵاو ده‌بێت.
37
ئه‌گه‌ر كه‌لاكی یه‌كێكیان كه‌وته‌ سه‌ر هه‌ر تۆوێك كه‌ بچێنرێت، ئه‌وا تۆوه‌كه‌ پاكه‌،
38
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاو له‌سه‌ر تۆوه‌كه‌ هه‌بوو و كه‌لاكی یه‌كێكیانی كه‌وته‌ سه‌ر، گڵاوه‌ بۆتان.
39
«”ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌و ئاژه‌ڵانه‌ی كه‌ خواردنه‌ بۆتان مرد، هه‌ركه‌سێك ده‌ست له‌ كه‌لاكی بدات یان به‌ر كه‌لاكی بكه‌وێت، ئه‌وا هه‌تا ئێواره‌ گڵاو ده‌بێت.
40
هه‌ر یه‌كێكیش له‌ كه‌لاكه‌كه‌ی بخوات، ئه‌وا جله‌كانی ده‌شوات و هه‌تا ئێواره‌ گڵاو ده‌بێت، هه‌ر یه‌كێكیش كه‌لاكه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت، ئه‌وا جله‌كانی ده‌شوات و هه‌تا ئێواره‌ گڵاو ده‌بێت.
41
«”هه‌موو خشۆكێكیش كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌خشێت، ئه‌وه‌ قێزه‌ونه‌ و ناخورێت.
42
هه‌رچی له‌سه‌ر سكی بڕوات و هه‌رچی له‌سه‌ر چوارپێ بڕوات له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وه‌ی پێی زیاتره‌، له‌ هه‌موو خشۆكه‌كان كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌خشێن مه‌یخۆن، چونكه‌ قێزه‌ونه‌ بۆتان.
43
خۆتان پیس مه‌كه‌ن به‌ خشۆكێك كه‌ ده‌خشێت، خۆتانی پێ گڵاو مه‌كه‌ن و پێی گڵاو مه‌بن.
44
من یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانم، خۆتان ته‌رخان بكه‌ن و پیرۆز بن، چونكه‌ من پیرۆزم. خۆتان به‌ خشۆكێك كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌خشێت گڵاو مه‌كه‌ن.
45
من یه‌زدانم ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ خاكی میسره‌وه‌ ده‌ریهێنان بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ خوداتان، كه‌واته‌ پیرۆز بن، چونكه‌ من پیرۆزم.
46
«”ئه‌مانه‌ ڕێنماییه‌كانن ده‌رباره‌ی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌كان و هه‌موو گیانله‌به‌رێك كه‌ له‌ناو ئاو ده‌جوڵێت و هه‌موو گیانێك كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌خشێت.
47
پێویسته‌ گڵاو و پاك و ئه‌و زینده‌وه‌رانه‌ی ده‌خورێن و ئه‌و زینده‌وه‌رانه‌ی ناخورێن لێك جیا بكه‌نه‌وه‌.“»
  1. a. 11‏:16 بایه‌قووش: جۆرێكه‌ له‌ كونده‌په‌پوو.
  2. b. 11‏:22 سۆلام: باڵدارێكی بچووكی ڕه‌نگ سه‌وزه‌، وه‌ك بێوكه‌ له‌ شه‌ودا چالاكه‌ و له‌ ڕۆژدا به‌هۆی لێكچوونی له‌گه‌ڵ گه‌ڵا، له‌ژێر گه‌ڵاكاندا خۆی حه‌شار ده‌دات.
  3. c. 11‏:22 بێوكه‌: له‌ شێوه‌ی كولله‌یه‌ و بچووكه‌، له‌ شوێنی شێدار ده‌ژیێت، ئێواران زیكه‌زیك ده‌كات.
  4. d. 11‏:29 ڕاسۆ یان مشكی خورما: گیاندارێكی گۆشتخۆری درێژكۆڵه‌ی قاچ كورتی كلك تووكن و درێژه‌.
  5. e. 11‏:29 یان جورج.
  6. f. 11‏:32 ڕیشاڵی ڕووه‌ك بۆ دروستكردنی گوش و گونییه‌ به‌كارهاتووه‌، كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ به‌رگی ماته‌می لێ دروستده‌كرا.
  7. g. 11‏:33 جام یان ده‌وری بۆ پێداویستی خواردن.