عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
مردنی ناداب و ئه‌بیهو 
1
دوو كوڕی هارون، ناداب و ئه‌بیهو، هه‌ریه‌كه‌ و بخووردانه‌كه‌ی خۆی برد و ئاگریان تێدا كرده‌وه‌ و بخووریان به‌سه‌ردا كرد. له‌به‌رده‌م یه‌زدان ئاگرێكی نامۆیان پێشكه‌ش كرد، كه‌ ئه‌و فه‌رمانی پێیان نه‌دابوو.
2
ئیتر ئاگرێك له‌لایه‌ن یه‌زدانه‌وه‌ كڵپه‌ی كرد، هات و ئه‌وانی هه‌ڵلووشی و له‌به‌رده‌م یه‌زدان مردن.
3
موساش به‌ هارونی گوت: «ئه‌مه‌ بوو مه‌به‌ستی یه‌زدان كاتێك فه‌رمووی:
«”له‌نێو ئه‌وانه‌ی لێم نزیك ده‌بنه‌وه‌
پیرۆزی خۆم ده‌رده‌خه‌م و
له‌به‌رده‌م هه‌موو گه‌ل
شكۆدار ده‌بم.“»
هارون بێده‌نگ بوو.
4
موسا بانگی میشائیل و ئه‌لسافانی كرد، دوو كوڕه‌كه‌ی عوزیێلی مامی هارون و پێی گوتن: «وه‌رنه‌ پێش، ئامۆزاكانتان له‌به‌رده‌م پیرۆزگا هه‌ڵبگرن بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئۆردوگاكه‌.»
5
ئه‌وانیش هاتنه‌ پێش و به‌ كراسه‌كانیان هه‌ڵیانگرتن بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئۆردوگاكه‌، هه‌روه‌ك موسا گوتی.
6
هه‌روه‌ها موسا به‌ هارون و ئه‌لعازار و ئیتاماری كوڕه‌كانی هارونی گوت: «سه‌رتان ڕووت مه‌كه‌ن و جله‌كانتان مه‌دڕێنن، نه‌وه‌ك بمرن و تووڕه‌یی یه‌زدان بێته‌ سه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵ. به‌ڵام كه‌سوكارتان، هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل بۆ ئه‌وانه‌ بگریێنن كه‌ یه‌زدان به‌ ئاگر له‌ناوی بردوون.
7
له‌ ده‌روازه‌ی چادری چاوپێكه‌وتنیش ده‌رمه‌چن، نه‌وه‌ك بمرن، چونكه‌ زه‌یتی ده‌ستنیشانكردنی یه‌زدان له‌سه‌رتانه‌.» ئه‌وانیش به‌گوێره‌ی قسه‌كه‌ی موسایان كرد.
8
هه‌روه‌ها یه‌زدان به‌ هارونی فه‌رموو:
9
«شه‌راب و مه‌ی مه‌خۆره‌وه‌، خۆت و كوڕه‌كانیشت، له‌ كاتی چوونه‌ ژووره‌وه‌تان بۆ ناو چادری چاوپێكه‌وتن، نه‌وه‌ك بمرن. ئه‌مه‌ فه‌رزێكی هه‌تاهه‌تاییه‌ نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌،
10
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌نێوان پیرۆز و پیرۆزنه‌كراو و له‌نێوان پاك و گڵاو جیاكاری بكه‌ن،
11
هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیل ده‌رباره‌ی هه‌موو فه‌رزه‌كان فێر بكه‌ن كه‌ یه‌زدان له‌ ڕێگه‌ی موساوه‌ له‌گه‌ڵیاندا دوا.»
12
موساش به‌ هارونی برای و دوو كوڕه‌كه‌ی هارون، ئه‌لعازار و ئیتامار كه‌ مابوونه‌وه‌ گوتی: «ئه‌و پێشكه‌شكراوه‌ دانه‌وێڵه‌یه‌ی له‌ قوربانییه‌ به‌ ئاگره‌كانی بۆ یه‌زدان ماوه‌ته‌وه‌، بیبه‌ن و له‌ته‌نیشت قوربانگاكه‌ به‌بێ هه‌ویرترش بیخۆن، چونكه‌ هه‌ره‌پیرۆزه‌.
13
له‌ شوێنێكی پیرۆز بیخۆن، چونكه‌ به‌شی تۆ و به‌شی كوڕه‌كانته‌ له‌ قوربانییه‌ به‌ ئاگره‌كانی بۆ یه‌زدان، چونكه‌ من به‌و شێوه‌یه‌ فه‌رمانم داوه‌.
14
به‌ڵام سنگی به‌رزكراوه‌ و ڕانی پێشكه‌شكراو له‌ شوێنێكی پاك ده‌خۆن، خۆت و كوڕه‌كانت و كچه‌كانت، چونكه‌ كراون به‌ به‌شی تۆ و به‌شی كوڕه‌كانت له‌ قوربانییه‌كانی هاوبه‌شی نه‌وه‌ی ئیسرائیل.
15
ڕانی پێشكه‌شكراو و سنگی به‌رزكراوه‌ له‌گه‌ڵ پیوه‌كانی قوربانی به‌ ئاگر ده‌هێنن، هه‌تا له‌به‌رده‌م یه‌زدان وه‌ك قوربانی به‌رزكردنه‌وه‌ به‌رز بكرێنه‌وه‌. ئه‌مانه‌ بۆ تۆ و بۆ كوڕه‌كانت ده‌بن كه‌ له‌گه‌ڵتدان، به‌شێكی چه‌سپاوه‌، هه‌روه‌ك یه‌زدان فه‌رمانی دا.»
16
كاتێك موسا داوای گیسكه‌كه‌ی قوربانی گوناهی كرد و بینی وا سووتاوه‌، له‌ ئه‌لعازار و ئیتامار تووڕه‌ بوو، دوو كوڕه‌كه‌ی هارون كه‌ مابوونه‌وه‌، گوتی:
17
«بۆچی قوربانییه‌كه‌ی گوناهتان له‌ پیرۆزگادا نه‌خوارد؟ بێگومان كه‌ هه‌ره‌پیرۆزه‌ و پێتان دراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تاوانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ هه‌ڵبگرن بۆ كه‌فاره‌ت بۆیان له‌به‌رده‌م یه‌زدان،
18
له‌و كاته‌وه‌ خوێنه‌كه‌ی بۆ ژووره‌وه‌ی شوێنی پیرۆز نه‌هێنرا، بێگومان ده‌بووایه‌ له‌ پیرۆزگا بیخۆن، هه‌روه‌ك فه‌رمانم داوه‌.»
19
هارون وه‌ڵامی موسای دایه‌وه‌: «ئه‌وان ئه‌مڕۆ قوربانی گوناهه‌ و قوربانی سووتاندنیان له‌به‌رده‌م یه‌زدان پێشكه‌ش كرد و شتێكی وام تووش بوو. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ من له‌ قوربانی گوناهم بخواردایه‌، ئایا له‌به‌رچاوی یه‌زدان ئه‌مه‌ په‌سه‌ند ده‌بوو؟»
20
كه‌ موسا گوێی له‌مه‌ بوو، له‌به‌رچاوی په‌سه‌ند بوو.