عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
مردنی ناداب و ئەبیهو 
1
دوو کوڕی هارون، ناداب و ئەبیهو، هەریەکە و بخووردانەکەی خۆی برد و ئاگریان تێدا کردەوە و بخووریان بەسەردا کرد. لەبەردەم یەزدان ئاگرێکی نامۆیان پێشکەش کرد، کە ئەو فەرمانی پێیان نەدابوو.
2
ئیتر ئاگرێک لەلایەن یەزدانەوە کڵپەی کرد، هات و ئەوانی هەڵلووشی و لەبەردەم یەزدان مردن.
3
موساش بە هارونی گوت: «ئەمە بوو مەبەستی یەزدان کاتێک فەرمووی:
«”لەنێو ئەوانەی لێم نزیک دەبنەوە
پیرۆزی خۆم دەردەخەم و
لەبەردەم هەموو گەل
شکۆدار دەبم.“»
هارون بێدەنگ بوو.
4
موسا بانگی میشائیل و ئەلسافانی کرد، دوو کوڕەکەی عوزیێلی مامی هارون و پێی گوتن: «وەرنە پێش، ئامۆزاکانتان لەبەردەم پیرۆزگا هەڵبگرن بۆ دەرەوەی ئۆردوگاکە.»
5
ئەوانیش هاتنە پێش و بە کراسەکانیان هەڵیانگرتن بۆ دەرەوەی ئۆردوگاکە، هەروەک موسا گوتی.
6
هەروەها موسا بە هارون و ئەلعازار و ئیتاماری کوڕەکانی هارونی گوت: «سەرتان ڕووت مەکەن و جلەکانتان مەدڕێنن، نەوەک بمرن و تووڕەیی یەزدان بێتە سەر هەموو کۆمەڵ. بەڵام کەسوکارتان، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل بۆ ئەوانە بگریێنن کە یەزدان بە ئاگر لەناوی بردوون.
7
لە دەروازەی چادری چاوپێکەوتنیش دەرمەچن، نەوەک بمرن، چونکە زەیتی دەستنیشانکردنی یەزدان لەسەرتانە.» ئەوانیش بەگوێرەی قسەکەی موسایان کرد.
8
هەروەها یەزدان بە هارونی فەرموو:
9
«شەراب و مەی مەخۆرەوە، خۆت و کوڕەکانیشت، لە کاتی چوونە ژوورەوەتان بۆ ناو چادری چاوپێکەوتن، نەوەک بمرن. ئەمە فەرزێکی هەتاهەتاییە نەوە دوای نەوە،
10
بۆ ئەوەی بتوانن لەنێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو و لەنێوان پاک و گڵاو جیاکاری بکەن،
11
هەروەها بۆ ئەوەی نەوەی ئیسرائیل دەربارەی هەموو فەرزەکان فێر بکەن کە یەزدان لە ڕێگەی موساوە لەگەڵیاندا دوا.»
12
موساش بە هارونی برای و دوو کوڕەکەی هارون، ئەلعازار و ئیتامار کە مابوونەوە گوتی: «ئەو پێشکەشکراوە دانەوێڵەیەی لە قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان ماوەتەوە، بیبەن و لەتەنیشت قوربانگاکە بەبێ هەویرترش بیخۆن، چونکە هەرەپیرۆزە.
13
لە شوێنێکی پیرۆز بیخۆن، چونکە بەشی تۆ و بەشی کوڕەکانتە لە قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان، چونکە من بەو شێوەیە فەرمانم داوە.
14
بەڵام سنگی بەرزکراوە و ڕانی پێشکەشکراو لە شوێنێکی پاک دەخۆن، خۆت و کوڕەکانت و کچەکانت، چونکە کراون بە بەشی تۆ و بەشی کوڕەکانت لە قوربانییەکانی هاوبەشی نەوەی ئیسرائیل.
15
ڕانی پێشکەشکراو و سنگی بەرزکراوە لەگەڵ پیوەکانی قوربانی بە ئاگر دەهێنن، هەتا لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە بەرز بکرێنەوە. ئەمانە بۆ تۆ و بۆ کوڕەکانت دەبن کە لەگەڵتدان، بەشێکی چەسپاوە، هەروەک یەزدان فەرمانی دا.»
16
کاتێک موسا داوای گیسکەکەی قوربانی گوناهی کرد و بۆی دەرکەوت کە سووتێنراوە، لە ئەلعازار و ئیتامار کە دوو کوڕەکەی هارون بوون و مابوونەوە، تووڕە بوو و گوتی:
17
«بۆچی قوربانییەکەی گوناهتان لە پیرۆزگادا نەخوارد؟ بێگومان کە هەرەپیرۆزە و پێتان دراوە بۆ ئەوەی تاوانی کۆمەڵەکە هەڵبگرن بۆ کەفارەت بۆیان لەبەردەم یەزدان،
18
لەو کاتەوە خوێنەکەی بۆ ژوورەوەی شوێنی پیرۆز نەهێنرا، بێگومان دەبووایە لە پیرۆزگا بیخۆن، هەروەک فەرمانم داوە.»
19
هارون وەڵامی موسای دایەوە: «ئەوان ئەمڕۆ قوربانی گوناهە و قوربانی سووتاندنیان لەبەردەم یەزدان پێشکەش کرد و شتێکی وام تووش بوو. ئەگەر ئەمڕۆ من لە قوربانی گوناهم بخواردایە، ئایا لەبەرچاوی یەزدان ئەمە پەسەند دەبوو؟»
20
کە موسا گوێی لەمە بوو، لەبەرچاوی پەسەند بوو.