عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - ئاژەڵە پاکەکان و ئاژەڵە ناپاکەکان
 - 1
 - هەروەها یەزدان لەگەڵ موسا و هارون دوا و پێی فەرموون:
 - 2
 - «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێن و بڵێن: ”ئەوانە ئەو گیانلەبەرانەن کە دەیانخۆن، لە هەموو ئاژەڵەکانی سەر زەوی:
 - 3
 - هەر ئاژەڵێک کە سمی دوو کەرت بێت و کاوێژ بکات، ئەوە دەخۆن.
 - 4
 - «”لەوانەی تەنها کاوێژ دەکەن یان تەنها سمیان دوو کەرتە، ئەمانە ناخۆن: وشتر، چونکە کاوێژ دەکات بەڵام سمی دوو کەرت نییە، بۆیە گڵاوە بۆتان؛
 - 5
 - هەروەها گۆڕهەڵکەنە، چونکە کاوێژ دەکات، بەڵام سمی کەرت نییە، گڵاوە بۆتان؛
 - 6
 - کەروێشک، چونکە کاوێژ دەکات بەڵام سمی دوو کەرت نییە، بۆیە گڵاوە بۆتان؛
 - 7
 - بەراز، چونکە سمی کەرت کراوە، بەڵام کاوێژ ناکات، بۆیە گڵاوە بۆتان.
 - 8
 - نە گۆشتیان بخۆن و نە دەست لە کەلاکیان بدەن، چونکە گڵاوە بۆتان.
 - 9
 - «”لە هەموو ئەوانەی لەناو ئاوەکانیشن ئەمانە دەخۆن، هەموو ئەوانەی باڵ و پوولەکەیان هەبێت لەناو ئاوەکان، لەناو دەریاکان و لەناو ڕووبارەکان، ئەوانە دەخۆن.
 - 10
 - بەڵام هەموو ئەوەی باڵ و پوولەکەی نەبێت لەناو دەریاکان و ڕووبارەکان، لە هەموو خشۆکەکانی ناو ئاوەکان و هەموو زیندەوەرێکی ناو ئاوەکان، قێزەونە بۆتان.
 - 11
 - بۆتان قێزەون دەبێت، لە گۆشتەکەی ناخۆن و قێزتان لە کەلاکەکەی دەبێتەوە.
 - 12
 - هەموو ئەوەی باڵ و پوولەکەی نەبێت لەناو ئاوەکان، بۆتان قێزەونە.
 - 13
 - «”لە باڵندەکانیش، قێزتان لەمانە دەبێتەوە، ناخورێن، قێزەونن، هەڵۆ و سیسارکە کەچەڵ و داڵاش،
 - 14
 - واشەی سوور و هەموو جۆرەکانی واشەی ڕەش،
 - 15
 - هەموو جۆرەکانی قەلەڕەش،
 - 16
 - کوندەپەپووی شاخدار و بایەقووش[a] ، مەلی دەریا، هەموو جۆرەکانی باز،
 - 17
 - کوندەپەپووی بچووک، مەلی ماسیگرە، کوندەپەپووی گەورە،
 - 18
 - کوندەپەپووی سپی و کوندەپەپووی بیابان، واشەی ماسیگر،
 - 19
 - لەقلەق و هەموو جۆرەکانی شاهۆ و پەپوسڵێمانکە و شەمشەمەکوێرە.
 - 20
 - «”هەموو مێرووێکی باڵدار کە لەسەر چوار پێ بڕوات بۆ ئێوە قێزەونە.
 - 21
 - لەنێو هەموو مێرووێکی باڵدار کە لەسەر چوار پێ دەڕوات تەنها ئەمانە دەخۆن، ئەوەی دوو لاقی نوشتاوەی هەیە لەسەر قاچەکانی و پێیان هەڵدەبەزێتەوە لەسەر زەوی،
 - 22
 - ئەمە بە هەموو جۆرەکانییەوە دەخۆن: کوللە و سۆلام[b] و بێوکە[c] و پێکوڕە.
 - 23
 - بەڵام ئەوانی دیکە هەر مێرووێکی باڵدار کە چوارپێی هەبێت قێزەونە بۆتان.
 - 24
 - «”بەمانە گڵاو دەبن، هەرکەسێک دەست لە کەلاکیان بدات یان بەر کەلاکیان بکەوێت، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت،
 - 25
 - هەر یەکێک کەلاکیان هەڵبگرێت، دەبێت جلەکانی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
 - 26
 - «”هەموو ئەو ئاژەڵانەش کە سمیان بە تەواوی شەق نەبێت، یان کاوێژ نەکات، ئەوا گڵاوە بۆتان و هەرکەسێک دەست لە کەلاکی هەر یەکێکیان بدات یان بەر کەلاکی هەر یەکێکیان بکەوێت ئەوا گڵاو دەبێت.
 - 27
 - هەر ئاژەڵێکیش لە چوار پێیەکان کە لەسەر ناولەپی بڕوات، گڵاوە بۆتان و هەرکەسێک دەست لە کەلاکیان بدات یان بەر کەلاکیان بکەوێت، هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت،
 - 28
 - هەرکەسێک کەلاکیان هەڵبگرێت، دەبێت جلەکانی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، ئەوە گڵاوە بۆتان.
 - 29
 - «”ئەمەش گڵاوە بۆتان لەوانەی لەسەر زەوی دەخشێن، ڕاسۆ[d] ، جرج[e] ، مارمێلکە بە هەموو جۆرەکانییەوە،
 - 30
 - قومقمۆکە، بزنمژ، شەوگەرد، مارمێلکەی خشۆک و کامیلۆن.
 - 31
 - ئەمانە گڵاوەکانن بۆتان لە هەموو خشۆکەکان، هەرکەسێک دەستیان لێ بدات یان بەریان بکەوێت دوای مرداربوونیان، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
 - 32
 - هەر شتێکیش یەکێک لەوانەی کەوتە سەری کە مردبوو، ئەو شتە گڵاو دەبێت، لە هەر شتێک، دار بێت یان قوماش یان پێست یان گوش[f] ، هەر شتێک کە کاری پێ بکرێت، دەخرێتە ناو ئاوەوە و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت و پاشان پاک دەبێتەوە.
 - 33
 - هەر دەفرێکی[g] گڵینیش ئەمانەی بکەوێتە ناوی، هەرچی تێیدایە گڵاو دەبێت و دەفرەکەش دەشکێنن.
 - 34
 - هەر خواردنێکیش کە بخورێت، لەو دەفرەیە ئاوی بەسەردا بکرێت، گڵاو دەبێت. هەر خواردنەوەیەکیش کە لەو دەفرەیە بخورێتەوە، گڵاو دەبێت.
 - 35
 - هەر شتێک کەلاکی یەکێک لەوانەی تێبکەوێت، گڵاو دەبێت، ئەگەر تەنوور بێت یان ئاگردان، دەبێت تێکبدرێت، ئەوە گڵاوە و بۆ ئێوە گڵاو دەبێت.
 - 36
 - تەنها کانی و ئەمباراو کە ئاویان تێدا کۆدەبێتەوە، ئەوان پاک دەبن، بەڵام هەرکەسێک دەست لە کەلاکی هەر یەکێکیان بدات یان بەر کەلاکی هەر یەکێکیان بکەوێت، ئەوا گڵاو دەبێت.
 - 37
 - ئەگەر کەلاکی یەکێکیان کەوتە سەر هەر تۆوێک کە بچێنرێت، ئەوا تۆوەکە پاکە،
 - 38
 - بەڵام ئەگەر ئاو لەسەر تۆوەکە هەبوو و کەلاکی یەکێکیانی کەوتە سەر، گڵاوە بۆتان.
 - 39
 - «”ئەگەر یەکێک لەو ئاژەڵانەی کە خواردنە بۆتان مرد، هەرکەسێک دەست لە کەلاکی بدات یان بەر کەلاکی بکەوێت، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
 - 40
 - هەر یەکێکیش لە کەلاکەکەی بخوات، ئەوا جلەکانی دەشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، هەر یەکێکیش کەلاکەکەی هەڵبگرێت، ئەوا جلەکانی دەشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
 - 41
 - «”هەموو خشۆکێکیش کە لەسەر زەوی دەخشێت، ئەوە قێزەونە و ناخورێت.
 - 42
 - هەرچی لەسەر سکی بڕوات و هەرچی لەسەر چوارپێ بڕوات لەگەڵ هەموو ئەوەی پێی زیاترە، لە هەموو خشۆکەکان کە لەسەر زەوی دەخشێن مەیخۆن، چونکە قێزەونە بۆتان.
 - 43
 - خۆتان پیس مەکەن بە خشۆکێک کە دەخشێت، خۆتانی پێ گڵاو مەکەن و پێی گڵاو مەبن.
 - 44
 - من یەزدانی پەروەردگارتانم، خۆتان تەرخان بکەن و پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم. خۆتان بە خشۆکێک کە لەسەر زەوی دەخشێت گڵاو مەکەن.
 - 45
 - من یەزدانم ئەوەی کە لە خاکی میسرەوە دەریهێنان بۆ ئەوەی ببێتە خوداتان، کەواتە پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم.
 - 46
 - «”ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی ئاژەڵ و باڵندەکان و هەموو گیانلەبەرێک کە لەناو ئاو دەجوڵێت و هەموو گیانێک کە لەسەر زەوی دەخشێت.
 - 47
 - پێویستە گڵاو و پاک و ئەو زیندەوەرانەی دەخورێن و ئەو زیندەوەرانەی ناخورێن لێک جیا بکەنەوە.“»
 
- a. 11:16 بایەقووش: جۆرێکە لە کوندەپەپوو.
 - b. 11:22 سۆلام: باڵدارێکی بچووکی ڕەنگ سەوزە، وەک بێوکە لە شەودا چالاکە و لە ڕۆژدا بەهۆی لێکچوونی لەگەڵ گەڵا، لەژێر گەڵاکاندا خۆی حەشار دەدات.
 - c. 11:22 بێوکە: لە شێوەی کوللەیە و بچووکە، لە شوێنی شێدار دەژیێت، ئێواران زیکەزیک دەکات.
 - d. 11:29 ڕاسۆ یان مشکی خورما: گیاندارێکی گۆشتخۆری درێژکۆڵەی قاچ کورتی کلک تووکن و درێژە.
 - e. 11:29 یان جورج.
 - f. 11:32 ڕیشاڵی ڕووەک بۆ دروستکردنی گوش و گونییە بەکارهاتووە، کە لەو سەردەمە بەرگی ماتەمی لێ دروستدەکرا.
 - g. 11:33 جام یان دەوری بۆ پێداویستی خواردن.
 

