عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- من ئەو پیاوەم کە زەلیلیم بینی
 بە گۆچانی تووڕەیی ئەو.
- 2
- منی بە پێش خۆی دا و
 منی بە تاریکاییدا برد، بەبێ هیچ ڕووناکییەک.
- 3
- بێگومان، دەستی لە دژی من بەرزدەکاتەوە
 بە بەردەوامی و بە درێژایی ڕۆژ.
- 4
- گۆشت و پێستی منی پیرکرد،
 ئێسکەکانی شکاندم.
- 5
- دەوری گرتم و گەمارۆی دام
 بە ژەهر و ناخۆشی.
- 6
- ناچاری کردم لەناو تاریکیدا نیشتەجێ بم
 وەک ئەوانەی لەمێژە مردوون.
- 7
- لەناو پەرژینێک بەندی کرد بۆ ئەوەی نەتوانم هەڵبێم،
 زنجیرەکانی منی قورس کرد.
- 8
- هەروەها کاتێک هاوار دەکەم و داوای فریاکەوتن دەکەم،
 بەڵام نزاکانم ڕادەگرێت.
- 9
- بەردی تاشراوی کەڵەکە کرد و ڕێگای منی پێ گرت،
 ڕێڕەوەکانی منی خواروخێچ کرد.
- 10
- وەک ورچێک بۆم لە بۆسەدایە،
 وەک شێرێک خۆی مات دەکات،
- 11
- منی لەڕێ لادا و پارچەپارچەی کردم،
 منی وێران کرد.
- 12
- کەوانەکەی ڕاکێشا
 منی کردە نیشانەی تیرەکانی.
- 13
- تیرەکانی تیردانەکەی
 لە دڵم چەقاند.
- 14
- هەموو گەلەکەم سووکایەتیم پێ دەکەن،
 بە درێژایی ڕۆژ بە گۆرانی گاڵتەم پێ دەکەن.
- 15
- تێری کردم لە تاڵی،
 زەقنەبووتی دەرخوارد دام.
- 16
- بە چەو ددانەکانی منی وردوخاش کرد،
 منی لەناو خۆڵەمێش پەستایەوە.
- 17
- من لە ئاشتی بێبەش کراوم،
 سەرکەوتنم لەبیرچووەوە.
- 18
- ئینجا گوتم، «شکۆمەندیم نەما،
 هەروەها هیوام بە یەزدان بڕا.»
- 19
- دێتەوە بیرم، ڕۆژانی زەلیلی و سەرگەردانیم،
 وەک ژەهر و زەقنەبووت بوون.
- 20
- بە باشی بەبیرم دێتەوە،
 لە ناخەوە ڕۆحم خەمبارە.
- 21
- بەڵام ئەوە دەهێنمەوە یادم و
 لەبەر ئەوە هیوام هەیە:
- 22
- بەهۆی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدانە کە لەناونەچووین،
 چونکە بەزەییەکەی تەواو نابێت.
- 23
- ئەوانەت هەموو بەیانییەک نوێن؛
 دڵسۆزییەکەت چەند گەورەیە.
- 24
- بە خۆم دەڵێم: «یەزدان بەشی منە،
 لەبەر ئەوە هیوام بەوە.»
- 25
- یەزدان چاکە بۆ ئەوانەی هیوایان بەو هەیە،
 بۆ ئەو کەسەی داوای ئەو دەکات.
- 26
- باشە بۆ کەسێک بە بێدەنگی چاوەڕێ بکات
 بۆ هاتنی ڕزگاریی یەزدان.
- 27
- باشە پیاو نیر هەڵبگرێت
 هەر لە تەمەنی منداڵییەوە.
- 28
- با بە تەنها دانیشێت و بێدەنگ بێت،
 چونکە یەزدان ئەمەی بەسەرهێناوە.
- 29
- با سەری بخاتە ناو خاکوخۆڵ،
 لەوانەیە هێشتا هیوای مابێت.
- 30
- با ڕوومەتی بۆ ئەوە ڕابگرێت کە لێی دەدات،
 با تێربێت لە ڕیسوایی.
- 31
- چونکە کەس بۆ هەتاهەتایە
 لەلایەن پەروەردگارەوە ڕەت ناکرێتەوە.
- 32
- لەگەڵ ئەوەی دڵتەنگی دەهێنێت، میهرەبانیش نیشان دەدات،
 بەپێی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی.
- 33
- ئەو کەس لە دڵەوە زەلیل ناکات و
 دڵتەنگی ناکات.
- 34
- تێکشکاندنی دیلەکانی هەموو زەوی
 لەژێر پێ،
- 35
- یان بێبەشکردنی کەسێک لە مافی خۆی
 لەبەردەم خودای هەرەبەرز،
- 36
- یان بەدوورگرتنی مرۆڤ لە دادپەروەری،
 ئایا پەروەردگار هەموو ئەمانە نابینێت؟
- 37
- کێ دەتوانێت قسە بکات قسەکەی بێتەجێ،
 ئەگەر پەروەردگار فەرمانی نەدابێت؟
- 38
- ئایا ڕوودانی چاکە و خراپە
 بە فەرمایشتی خودای هەرەبەرز نییە؟
- 39
- بۆچی مرۆڤی زیندوو گلەیی بکات
 کاتێک لەسەر گوناهەکانی سزا دەدرێت؟
- 40
- با هەڵسوکەوتمان بپشکنین و تاقی بکەینەوە و
 بگەڕێینەوە بۆ لای یەزدان.
- 41
- با دڵ و دەستمان بەرزبکەینەوە
 بۆ خودا لە ئاسمان، بڵێین:
- 42
- «ئێمە گوناهمان کرد و یاخی بووین،
 تۆش لێمان خۆش نەبوویت.
- 43
- «خۆت بە تووڕەیی داپۆشی و ڕاوتناین،
 بەبێ بەزەیی ئێمەت کوشت.
- 44
- بە هەور خۆت داپۆشی
 بۆ ئەوەی نوێژەکانمان نەگاتە لات.
- 45
- ئێمەت کرد بە پاشەڕۆ و نەویستراو
 لەنێو گەلان.
- 46
- «هەموو دوژمنانمان
 دەمیان لێمان کردەوە.
- 47
- ترس و تەڵە باڵی بەسەرماندا کێشا،
 لەناوچوون و وێرانی.»
- 48
- چاوەکانم کانی فرمێسک هەڵدەڕێژن
 لەبەر ئەوەی گەلەکەم لەناوچوون.
- 49
- چاوەکانم فرمێسک هەڵدەڕێژن و ناوەستن
 بەبێ پسانەوە،
- 50
- تاوەکو یەزدان لە ئاسمانەوە
 تەماشای خوارەوە بکات و ببینێت.
- 51
- ئەوەی دەیبینم گیانم ئازار دەدات
 لەبەر ئازاری کچانی شارەکەم.
- 52
- ئەوانەی دوژمنی من بوون بەبێ هۆ
 وەک چۆلەکە ڕاویان کردم.
- 53
- بە زیندووێتی منیان فڕێدا ناو چاڵ،
 بەردیان تێمگرت.
- 54
- نوقومی ئاو بووم،
 گوتم: «خەریکە بمرم.»
- 55
- ئەی یەزدان، لە قووڵایی چاڵەوە
 بە ناوی تۆوە نزا دەکەم.
- 56
- گوێت لە دەنگم بوو:
 «گوێت دامەخە کاتێک هاوار و هانات بۆ دەهێنم.»
- 57
- ئەو ڕۆژەی نزام بۆ کردیت نزیک بوویتەوە،
 فەرمووت: «مەترسە!»
- 58
- ئەی پەروەردگار، بەرگریت لە کێشەی من کرد،
 ژیانی منت کڕییەوە.
- 59
- ئەی یەزدان، ستەمدیدەیی منت بینی.
 دادوەری کێشەکەم بکە!
- 60
- هەموو تۆڵەسەندنەوەکەی ئەوانت بینی،
 هەموو پیلانەکانیان لە دژی من.
- 61
- ئەی یەزدان، گوێت لە ڕیسواکردنەکەیان بوو،
 هەموو پیلانەکانیان لە دژی من؛
- 62
- ئەوەی دوژمنەکانم بە درێژایی ڕۆژ لە دژی من
 باسی دەکەن و دەیچرپێنن.
- 63
- تەماشایان بکە! هەستان و دانیشتنیان،
 بە گۆرانییەکانیان گاڵتەم پێ دەکەن.
- 64
- ئەی یەزدان، سزایان بدە،
 بەپێی کردەوەکانی دەستیان.
- 65
- پێچە لەسەر دڵیان دابنێ،
 با نەفرەتت لەسەریان بێت!
- 66
- بە تووڕەییەوە ڕاویان بنێ و لەناویان ببە
 لەژێر ئاسمانی یەزداندا.

