عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
چۆن په‌روه‌ردگار سییۆنی كچی داپۆشی
به‌ هه‌وری تووڕه‌ییه‌كه‌ی!
له‌ ئاسمانه‌وه‌ شكۆی ئیسرائیلی فڕێدا
بۆ سه‌ر زه‌وی،
له‌ ڕۆژی تووڕه‌ییدا
ته‌خته‌پێی خۆی به‌بیر نه‌هێنایه‌وه‌.
2
په‌روه‌ردگار به‌زه‌یی نه‌هاته‌وه‌،
هه‌موو نشینگه‌كانی یاقوبی هه‌ڵلووشی،
به‌ تووڕه‌یی خۆی
قه‌ڵاكانی یه‌هودای كچی ڕووخاند.
پاشایه‌تی و میره‌كانی زه‌لیل كرد
دایگرتنه‌ سه‌ر زه‌وی.
3
به‌ گڕی تووڕه‌یی خۆی بڕییه‌وه‌
هه‌موو هێزی ئیسرائیل.
ده‌سته‌ ڕاستی به‌ره‌و دواوه‌ كێشایه‌وه‌
له‌به‌رده‌م دوژمن.
ئاگرێكی به‌تینی له‌ناو یاقوبدا داگیرساند،
هه‌موو ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی ده‌خوات.
4
وه‌ك دوژمنێك كه‌وانه‌كه‌ی خۆی ڕاكێشا،
ده‌سته‌ ڕاستی ئاماده‌ كرد.
وه‌ك ناحه‌ز له‌ناوی برد
هه‌موو ئه‌وه‌ی چاو ئاره‌زووی ده‌كرد.
له‌ناو چادره‌كه‌ی سییۆنی كچ
تووڕه‌یی خۆی وه‌ك ئاگر ڕشت.
5
په‌روه‌ردگار وه‌ك دوژمنی لێهات،
ئیسرائیلی هه‌ڵلووشی.
هه‌موو كۆشكه‌كانی ئه‌وی هه‌ڵلووشی،
قه‌ڵاكانی ڕووخاند.
شیوه‌ن و ماته‌می زۆر كرد
بۆ یه‌هودای كچ.
6
كه‌پره‌كه‌ی تێكدا، وه‌ك باخچه‌یه‌ك نه‌ما،
شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ڕووخاند.
یه‌زدان وای كرد سییۆن له‌بیری بچێته‌وه‌
ڕۆژی شه‌ممه‌ و جه‌ژنه‌كان.
به‌ تووڕه‌یی خۆی
پاشا و كاهینی ڕه‌تكرده‌وه‌.
7
په‌روه‌ردگار قوربانگاكه‌ی خۆی ڕه‌تكرده‌وه‌،
وازی له‌ پیرۆزگاكه‌ی خۆشی هێنا.
دیواری كۆشكه‌كانی
ڕاده‌ستی دوژمنه‌كانی كرد.
له‌ناو ماڵی یه‌زدان ده‌نگیان هه‌ڵبڕی
وه‌ك له‌ ڕۆژی جه‌ژندا.
8
شووراكانی سییۆنی كچ
یه‌زدان مه‌به‌ستی بوو بیڕووخێنێت.
به‌ گوریس پێوای و
ده‌ستی له‌ وێرانكردنی نه‌گێڕایه‌وه‌.
سه‌نگه‌ر و دیواری هێنایه‌ گریان و
پێكه‌وه‌ ڕووخان.
9
ده‌روازه‌كانی نوقومی زه‌وی بوون،
شمشیره‌كانی[a] له‌ناوبرد و شكاندی.
پاشا و میره‌كانی بۆ نێو گه‌لان ڕاپێچ كراون،
فێركردنی موسا نه‌ماوه‌،
هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ره‌كانیشی
هیچ بینینێكیان له‌لایه‌ن یه‌زدانه‌وه‌ بۆ ئاشكرا نه‌كراوه‌.
10
پیره‌كانی شاری سییۆن
به‌ كپی له‌سه‌ر زه‌وی داده‌نیشن،
خۆڵ به‌سه‌ر سه‌ریاندا ده‌كه‌ن،
جلوبه‌رگی گوش[b] له‌به‌ر ده‌كه‌ن.
پاكیزه‌كانی ئۆرشه‌لیم
سه‌ریان داده‌نه‌وێنن.
11
چاوه‌كانم ماندووبوون له‌ فرمێسك ڕشتن،
دڵم تونده‌،
جه‌رگ بڕاوم
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌م وێران بوو،
له‌به‌ر بوورانه‌وه‌ی منداڵان و شیره‌خۆران
له‌ناو گۆڕه‌پانه‌كانی شاردا.
12
به‌ دایكیان ده‌ڵێن:
«كوا نان و ئاو[c] ؟»
كاتێك وه‌ك بریندار
له‌ناو گۆڕه‌پانه‌كانی شاردا ده‌بوورێنه‌وه‌،
كاتێك ڕۆحیان ده‌رده‌چێت
له‌ناو باوه‌شی دایكیان.
13
چیت پێ بڵێم؟
ئه‌ی ئۆرشه‌لیمی كچ،
به‌ چیت بچووێنم؟
به‌ چی به‌راوردت بكه‌م،
بۆ ئه‌وه‌ی دڵت بده‌مه‌وه‌،
ئه‌ی سییۆنی كچه‌ پاكیزه‌؟
وێران بوونت وه‌ك ده‌ریا قووڵه‌.
كێ ده‌توانێت چاكت بكاته‌وه‌؟
14
بینینی خودایی بۆ پێغه‌مبه‌ره‌كانت
درۆ و فریوده‌ر بوو،
تاوانی تۆیان ده‌رنه‌خست
بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕاپێچكردن بتپارێزن.
به‌ڵكو سروشی[d]
درۆ و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ریان به‌ تۆ گه‌یاند.
15
هه‌موو ئه‌وه‌ی به‌وێدا تێده‌په‌ڕێت
به‌ گاڵته‌پێكردنه‌وه‌ چه‌پڵه‌ت بۆ لێده‌دات،
فیكه‌ لێ ده‌ده‌ن و سه‌ر باده‌ده‌ن
له‌به‌ر ئۆرشه‌لیمی كچ،
ده‌ڵێن: «ئه‌مه‌ شاره‌كه‌یه‌
كه‌ پێی ده‌گوترا ته‌واوی جوانی و
مایه‌ی دڵخۆشی هه‌موو زه‌وییه‌؟»
16
هه‌موو دوژمنه‌كانت
ده‌میان لێت ده‌كرێته‌وه‌،
فیشكه‌یان دێت و ددانیان لێت جیڕده‌كه‌نه‌وه‌،
ده‌ڵێن: «هه‌ڵمانلووشی.
بێگومان ئه‌مه‌ ئه‌و ڕۆژه‌یه‌ كه‌ چاوه‌ڕوانی بووین،
پێی گه‌یشتین و بینیمان.»
17
یه‌زدان ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی بوو كردی،
قسه‌ی خۆی به‌جێگه‌یاند،
ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژانی كۆنه‌وه‌ به‌ڵێنی پێیدا.
به‌بێ به‌زه‌یی تۆی ڕووخاند،
دوژمنی پێت خۆشكرد،
هێزی ناحه‌زانی تۆی پته‌و كرد.
18
دڵی خه‌ڵكه‌كه‌
بۆ په‌روه‌ردگار هاوار ده‌كات.
ئه‌ی شووراكانی سییۆنی كچ،
با فرمێسكه‌كانت وه‌ك ڕووبار بڕژێت
به‌ شه‌و و به‌ ڕۆژ.
خۆت مه‌بووژێنه‌وه‌،
چاوه‌كانت پشوو نه‌دات.
19
هه‌سته‌، به‌ شه‌و هاوار بكه‌،
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ئێشكگرتن.
وه‌ك ئاو دڵت هه‌ڵبڕێژه‌
له‌به‌رده‌م په‌روه‌ردگار.
ده‌ستت بۆی به‌رز بكه‌وه‌
له‌ پێناوی ژیانی منداڵه‌كانت،
ئه‌وانه‌ی له‌ برسان بووراونه‌ته‌وه‌
له‌سه‌ر سووچی هه‌موو شه‌قامه‌كان.
20
«ئه‌ی یه‌زدان، ببینه‌ و تێڕابمێنه‌،
ئه‌مه‌ت به‌ كێ كردووه‌؟
ئایا ژن به‌ری سكی خۆی ده‌خوات،
منداڵی باوه‌شی؟
ئایا كاهین و پێغه‌مبه‌ر
له‌ پیرۆزگای په‌روه‌ردگار ده‌كوژرێت؟
21
«گه‌نج و پیر پێكه‌وه‌ پاڵكه‌وتن
له‌سه‌ر زه‌وی شه‌قامه‌كان،
پاكیزه‌ و لاوه‌كانم
به‌ شمشێر كوژراون.
له‌ ڕۆژی تووڕه‌ییتدا ئه‌وانت كوشت،
ئه‌وانت به‌بێ به‌زه‌یی سه‌ربڕی.
22
«هه‌روه‌ك بۆ ڕۆژی جه‌ژن بانگهێشتت كردبن،
ئاوا له‌ دژی من له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ بانگی تۆقینت كرد.
له‌ ڕۆژی تووڕه‌یی یه‌زدان
كه‌س ڕاینه‌كرد و كه‌س ده‌رباز نه‌بوو،
ئه‌وانه‌ی له‌ باوه‌شم كردن و به‌خێوم كردن،
دوژمن له‌ناوی بردن.»
  1. a. 2‏:9 شمشیر، پارچه‌ دارێك بووه‌ له‌ جیاتی قوفڵ له‌ دواوه‌ی ده‌رگا به‌ شێوه‌ی ئاسۆیی دانراوه‌ بۆ داخستنی ده‌رگا.
  2. b. 2‏:10 له‌ كاتی ماته‌مگێڕان و تۆبه‌كردندا جلوبه‌رگی له‌ گوش دروستكراویان له‌به‌ركردووه‌ كه‌ ئه‌زیه‌تی پێستیانی داوه‌.
  3. c. 2‏:12 عیبری: نان و شه‌راب، ده‌ربڕینێكه‌ مه‌به‌ستی لێی خۆراكه‌ بۆ بژێوی مرۆڤ.
  4. d. 2‏:14 ‏فه‌رمووده‌یه‌كی خودایه‌ كه‌ له‌ ڕێگای ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌ بۆ مرۆڤ هاتبێت.