عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
چۆن ئه‌م شاره‌ به‌جێهێڵراوه‌،
ئه‌وه‌ی پڕبوو له‌ خه‌ڵك!
چۆن وه‌ك بێوه‌ژنی لێهات،
ئه‌وه‌ی له‌ناو نه‌ته‌وه‌كان مه‌زن بوو!
ئه‌وه‌ی له‌نێو هه‌رێمه‌كان شاژن بوو
ئێستا بووه‌ته‌ كه‌نیزه‌!
2
به‌ شه‌و به‌كوڵ ده‌گریێت،
فرمێسكی له‌سه‌ر گۆناكانییه‌تی.
له‌ناو هه‌موو دۆستانی
كه‌س نییه‌ دڵنه‌وایی بكات.
هه‌موو دڵدارانی ناپاكییان له‌گه‌ڵ كرد،
بوون به‌ دوژمنی.
3
له‌دوای زه‌لیلی و كۆیلایه‌تی سه‌خت،
یه‌هودا ڕاپێچ كرا،
له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان نیشته‌جێ ده‌بێت،
شوێنی ئارام نابینێته‌وه‌.
ئه‌وانه‌ی ڕاوی ده‌نێن
له‌ ناوه‌ڕاستی ته‌نگانه‌دا پێی ده‌گه‌ن.
4
ئه‌و ڕێگایانه‌ی به‌ره‌و سییۆنن شین ده‌گێڕن،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌س بۆ جه‌ژنه‌كان نایه‌ت.
هه‌موو ده‌روازه‌كانی چۆڵ ده‌كرێن،
كاهینه‌كانی ده‌ناڵێنن،
پاكیزه‌كانی خه‌مبارن،
ئه‌ویش تاڵی ده‌چێژێت.
5
ناحه‌زه‌كانی بوونه‌ به‌ گه‌وره‌ی ئه‌و،
دوژمنه‌كانی سه‌ركه‌وتوون،
چونكه‌ یه‌زدان خه‌مباری كرد،
له‌به‌ر زۆری گوناهه‌كانی
منداڵه‌كانی به‌ره‌و خاكی غه‌ریبی بردران،
دوژمنه‌كانیان ڕاپێچیان كردن.
6
سییۆنی كچ[a]
هه‌موو جوانییه‌كه‌ی ڕۆیشت.
میره‌كانی وه‌ك ئاسكیان لێهاتووه‌
له‌وه‌ڕگایان ده‌ست ناكه‌وێت،
به‌ بێهێزی ده‌ڕۆن
له‌به‌رده‌م ئه‌وانه‌ی ڕاویان ده‌نێن.
7
له‌ ڕۆژانی زه‌لیلی و سه‌رگه‌ردانی،
ئۆرشه‌لیم هه‌موو خۆشییه‌كانی خۆی به‌بیر هاته‌وه‌،
كه‌ له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ بوون.
كاتێك گه‌له‌كه‌ی كه‌وتنه‌ ده‌ستی دوژمن،
كه‌س نه‌بوو به‌ هانایه‌وه‌ بێت.
دوژمنان ته‌ماشایان كرد،
به‌ ڕووخانه‌كه‌ی پێكه‌نین.
8
ئۆرشه‌لیم به‌ ته‌واوی گوناهی كرد
له‌به‌ر ئه‌وه‌ گڵاو بوو.
هه‌موو ئه‌وانه‌ی ڕێزیان لێی ده‌گرت سووكایه‌تی پێ ده‌كه‌ن،
چونكه‌ ڕووتی ئه‌ویان بینی.
ئه‌ویش ده‌ناڵێنێت
به‌ره‌و دواوه‌ ڕوو وه‌رده‌گێڕێت.
9
گڵاوییه‌كه‌ی به‌ دامێنییه‌وه‌ بوو،
بیری له‌ چاره‌نووسی خۆی نه‌كرده‌وه‌.
كه‌وتنه‌كه‌ی سامناك بوو،
كه‌س نه‌بوو دڵنه‌وایی بكات.
«ئه‌ی یه‌زدان، ته‌ماشای زه‌لیلیم بكه‌،
چونكه‌ دوژمن سه‌ركه‌وت.»
10
دوژمن ده‌ستی درێژكردووه‌
بۆ سه‌ر هه‌موو گه‌نجینه‌كانی،
نه‌ته‌وه‌كانی بینی
هاتنه‌ ناو پیرۆزگاكه‌یه‌وه‌،
ئه‌وانه‌ی تۆ فه‌رمانت دا
نه‌یێنه‌ ناو كۆمه‌ڵه‌كه‌ی تۆوه‌.
11
سه‌راپای خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌ناڵێنن و
به‌دوای ناندا ده‌گه‌ڕێن،
گه‌نجینه‌كانی خۆیان به‌ خواردن ده‌ده‌ن
بۆ ئه‌وه‌ی گیانیان به‌به‌ردا بێته‌وه‌.
«ئه‌ی یه‌زدان، ته‌ماشا بكه‌ و ببینه‌،
چونكه‌ سووك بووم.»
12
«ئایا هیچ بۆ ئێوه‌ نییه‌، ئه‌ی هه‌موو ڕێبواره‌كان؟
ته‌ماشای ده‌وروبه‌ر بكه‌ن و ببینن.
هیچ ئازارێك هه‌یه‌ وه‌ك ئازاره‌كه‌ی من،
ئه‌وه‌ی كه‌ تووشی منی كرد،
ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌زدان به‌سه‌ری هێنام،
له‌ ڕۆژی جۆشانی تووڕه‌ییه‌كه‌ی.
13
«له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاگری نارد،
بۆ ناو ئێسكه‌كانم دایبه‌زاند،
تۆڕی بۆ قاچه‌كانم دانایه‌وه‌
منی به‌ره‌و پاش گه‌ڕانده‌وه‌.
منی وێران كرد،
داهێزراو به‌ درێژایی ڕۆژ.
14
«گوناهه‌كانم وه‌ك نیر[b] خرانه‌ سه‌رم،
به‌ ده‌سته‌كانی ئه‌و هۆنرانه‌وه‌.
گوناهه‌كانم خرانه‌ سه‌ر ملم و
خودا هێزی لێ بڕیم.
په‌روه‌ردگار منی ڕاده‌ستی كه‌سانێك كرد
كه‌ ناتوانم به‌ره‌نگاریان ببمه‌وه‌.
15
«په‌روه‌ردگار هه‌موو پاڵه‌وانه‌كانی ڕه‌تكرده‌وه‌
كه‌ له‌ناو مندا بوون.
له‌شكرێكی له‌ دژی من بانگكرد
بۆ تێكشكاندنی گه‌نجه‌كانم.
په‌روه‌ردگار یه‌هودای كچه‌ پاكیزه‌ی
له‌ناو گوشه‌ر پڵیشانده‌وه‌.
16
«له‌سه‌ر ئه‌مه‌یه‌ من ده‌گریێم،
چاوه‌كانم فرمێسك ده‌ڕێژن،
ئه‌وه‌ی دڵنه‌واییم ده‌كات لێم دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌،
كه‌س نییه‌ گیان ببوژێنێته‌وه‌.
كوڕه‌كانم وێران بوون،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوژمن زاڵ بوو.»
17
سییۆن ده‌سته‌كانی پان ده‌كاته‌وه‌،
به‌ڵام كه‌س نییه‌ دڵنه‌وایی بكات.
یه‌زدان فه‌رمانی دا له‌ دژی یاقوب
كه‌ دراوسێكانی دوژمنی ئه‌و بن.
ئۆرشه‌لیم له‌ناویاندا
گڵاو بوو.
18
«یه‌زدان ڕاستودروسته‌،
به‌ڵام من له‌ دژی فه‌رمانی ئه‌و یاخی بووم.
ئه‌ی هه‌موو گه‌لان، گوێ بگرن،
ته‌ماشای ئازاره‌كانم بكه‌ن.
پاكیزه‌ و لاوه‌كانم
ڕاپێچ كران.
19
«هاوارم برده‌ لای هاوپه‌یمانه‌كانم،
به‌ڵام هه‌ڵیانخه‌ڵه‌تاندم.
كاهین و پیره‌كانم
له‌ شاردا له‌ناوچوون
له‌و كاته‌ی به‌دوای خۆراكدا ده‌گه‌ڕان
بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ژیانیان به‌رده‌وام بن.
20
«ئه‌ی یه‌زدان، ببینه‌، من له‌ ته‌نگانه‌دام!
دڵم تونده‌،
من له‌ ناخه‌وه‌ په‌ستم،
چونكه‌ زۆر یاخی بووم.
له‌ ده‌ره‌وه‌ شمشێر ده‌ستبه‌كاره‌،
له‌ ماڵه‌وه‌ش ته‌نها مردن هه‌یه‌.
21
«خه‌ڵك ناڵه‌ی منیان بیست،
به‌ڵام كه‌س نییه‌ دڵنه‌واییم بكات.
هه‌موو دوژمنه‌كانم به‌ڵای منیان بیست،
دڵخۆش بوون به‌وه‌ی تۆ به‌ منت كردووه‌.
خۆزگه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ت به‌سه‌رده‌هێنان كه‌ باست كرد،
ئینجا وه‌ك منیان لێدێت.
22
«با هه‌موو خراپه‌كانیان بێنه‌ به‌رده‌مت،
وایان به‌سه‌ربهێنه‌
وه‌ك ئه‌وی به‌سه‌ر منت هێنا
له‌سه‌ر هه‌موو گوناهه‌كانم.
زۆر ده‌ناڵێنم و
دڵم لاواز بووه‌.»
  1. a. 1‏:6 ده‌ربڕینێكی خوازه‌یه‌ بۆ پایته‌خت، مه‌به‌ست له‌ هه‌موو دانیشتووانی شاره‌كه‌یه‌.
  2. b. 1‏:14 مه‌به‌ستی له‌ بارگرانییه‌.