عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕووخاندنی ئۆرشه‌لیم 
1
سدقیا گه‌نجێكی بیست و یه‌ك ساڵان بوو كه‌ بوو به‌ پاشا، یازده‌ ساڵ له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی كرد. دایكی ناوی حه‌موته‌لی كچی یه‌رمیای خه‌ڵكی لیڤنا بوو.
2
ئه‌میش له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌كاری كرد، وه‌ك هه‌موو ئه‌وه‌ی یه‌هۆیاقیم كردی.
3
له‌به‌ر تووڕه‌یی یه‌زدان بوو كه‌ ئه‌مانه‌ له‌ ئۆرشه‌لیم و له‌ یه‌هودا ڕوویدا، هه‌تا ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م خۆیدا ده‌ریكردن.
ئه‌وه‌ بوو سدقیا له‌ پاشای بابل یاخی بوو.
4
ئیتر له‌ ده‌ی مانگی ده‌ی ساڵی نۆیه‌می پاشایه‌تی سدقیا، نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل هه‌موو سوپاكه‌ی به‌ره‌و ئۆرشه‌لیم جوڵاند و له‌وێ ئۆردوگای دامه‌زراند، له‌ چوارده‌وری قولله‌ی بنیاد نا.
5
هه‌تا ساڵی یازده‌یه‌می پاشایه‌تی سدقیا شاره‌كه‌ له‌ژێر گه‌مارۆدا بوو.
6
له‌ نۆی مانگی چواردا قاتوقڕی له‌ شاره‌كه‌ هێنده‌ سه‌خت بوو كه‌ نان نه‌بوو گه‌لی خاكه‌كه‌ بیخۆن.
7
ئینجا شوورای شاره‌كه‌ شكێنرا و هه‌موو جه‌نگاوه‌ره‌كان به‌ شه‌و به‌ ڕێگای ده‌روازه‌كه‌ی نێوان دوو شووراكه‌ی به‌رامبه‌ر باخچه‌ی پاشادا هه‌ڵاتن، هه‌رچه‌نده‌ بابلییه‌كان له‌ چوارده‌وری شاره‌كه‌ بوون. به‌ ڕێگای عه‌راڤادا[a] هه‌ڵاتن،
8
به‌ڵام سوپای بابلییه‌كان به‌دوای سدقیای پاشا كه‌وتن، له‌ ده‌شتی ئه‌ریحا پێی گه‌یشتن، هه‌موو سوپاكه‌ی په‌رته‌وازه‌ بوو،
9
جا پاشایان به‌ دیل گرت.
بردییانه‌ لای پاشای بابل له‌ ڕیڤله‌، له‌ خاكی حه‌مات، ئه‌ویش دادگایی كرد.
10
هه‌ر له‌ ڕیڤله‌ پاشای بابل كوڕه‌كانی سدقیای له‌به‌رچاوی باوكیان كوشت، ئینجا هه‌موو پیاوماقوڵانی یه‌هوداشی له‌ناوبرد.
11
پاشان هه‌ردوو چاوی سدقیای ده‌رهێنا، به‌ زنجیری بڕۆنز كۆتی كرد، بردی بۆ بابل و هه‌تا ڕۆژی مردنی له‌ به‌ندیخانه‌ به‌ندی كرد.
12
له‌ ده‌ی مانگی پێنجی ساڵی نۆزده‌یه‌می نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل، نه‌بوزه‌ره‌دانی فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانانی پاشا، ئه‌وه‌ی خزمه‌تی پاشای بابلی ده‌كرد، هاته‌ ئۆرشه‌لیم.
13
په‌رستگای یه‌زدان و كۆشكی پاشا و هه‌موو ماڵه‌كانی ئۆرشه‌لیم و هه‌موو ته‌لاره‌ گرنگه‌كانی سووتاند.
14
شووراكانی چوارده‌وری ئۆرشه‌لیمیش له‌لایه‌ن سوپای بابلییه‌كانه‌وه‌ ڕووخێنران، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانانی پاشا بوون.
15
جا له‌ ڕه‌شوڕووتی گه‌ل و پاشماوه‌ی گه‌لیش ئه‌وانه‌ی له‌ شاره‌كه‌دا مابوونه‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی بۆ لای پاشای بابل هه‌ڵاتبوون له‌گه‌ڵ پاشماوه‌ی وه‌ستاكان، نه‌بوزه‌ره‌دانی فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانانی پاشا ڕاپێچی كردن.
16
به‌ڵام نه‌بوزه‌ره‌دانی فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانانی پاشا هه‌ندێك له‌ خه‌ڵكی ڕه‌شوڕووتی له‌ خاكه‌كه‌ هێشته‌وه‌ بۆ كاركردن له‌ ڕه‌زه‌مێو و كێڵگه‌كان.
17
كۆڵه‌كه‌ بڕۆنزییه‌كان و عه‌ره‌بانه‌كانی ئاوگواستنه‌وه‌ و حه‌وزه‌ بڕۆنزییه‌كه‌ كه‌ له‌ په‌رستگای یه‌زدان بوون، بابلییه‌كان پارچه‌پارچه‌یان كردن، هه‌موو بڕۆنزه‌كه‌شیان بۆ بابل باركرد،
18
هه‌روه‌ها مه‌نجه‌ڵ و خاكه‌ناز، مه‌قه‌ست، تاس[b] ، قاپه‌كان و هه‌موو ئه‌و قاپوقاچاغه‌ بڕۆنزانه‌ی له‌ خزمه‌تی په‌رستگا به‌كارده‌هات.
19
فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانانی پاشا ته‌شت و بخووردان، تاس، مه‌نجه‌ڵ، چرادان، چه‌مچه‌ و په‌رداخه‌كانی برد. هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ زێڕ و زیو دروستكرابوو بردی.
20
دوو كۆڵه‌كه‌ و حه‌وزه‌ بڕۆنزییه‌كه‌ و دوازده‌ گا بڕۆنزییه‌كان كه‌ له‌ژێر عه‌ره‌بانه‌كانی ئاو گواستنه‌وه‌ بوون، ئه‌وه‌ی سلێمانی پاشا بۆ په‌رستگای یه‌زدان دروستی كردبوون، ئه‌و هه‌موو بڕۆنزه‌ له‌ كێش نه‌ده‌هات.
21
هه‌ر كۆڵه‌كه‌یه‌ك هه‌ژده‌ باڵ[c] درێژییه‌كه‌ی بوو، چێوه‌كه‌ی دوازده‌ باڵ[d] بوو، ئه‌ستووریشی چوار په‌نجه‌ بوو، كلۆر بوو.
22
تاجێكی بڕۆنز له‌سه‌ر كۆڵه‌كه‌كه‌ بوو، به‌رزی تاجه‌كه‌ پێنج باڵ[e] بوو، كه‌تیبه‌ و هه‌ناره‌كانیش له‌سه‌ر تاجه‌كه‌ و له‌ چوارده‌وری هه‌مووی له‌ بڕۆنز بوون. بۆ هه‌ر یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌كان هه‌مان شت هه‌بوو له‌گه‌ڵ هه‌ناره‌كان.
23
له‌ هه‌ر لایه‌ك نه‌وه‌د و شه‌ش دانه‌ هه‌ناره‌كان بوون، سه‌رجه‌می هه‌ناره‌كان له‌سه‌ر هه‌ر كه‌تیبه‌یه‌ك له‌ چوارده‌وریدا سه‌د دانه‌ بوون.
24
فه‌رمانده‌كه‌ی پاسه‌وانانی پاشا سه‌رایای سه‌رۆك كاهین و سه‌فه‌نیای كاهینی دووه‌م و سێ ده‌رگاوانه‌كه‌ی گرت.
25
له‌ شاره‌كه‌ش ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی گرت كه‌ لێپرسراوی جه‌نگاوه‌ره‌كان بوو، حه‌وت ڕاوێژكاری پاشاشی گرت. هه‌روه‌ها خامه‌ی نهێنی[f] سوپاسالاری گرت ئه‌وه‌ی به‌رپرسی به‌ سه‌ربازكردن بوو، له‌گه‌ڵ شه‌ست پیاو كه‌ له‌ شاره‌كه‌ به‌رچاو كه‌وتن.
26
نه‌بوزه‌ره‌دانی فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانانی پاشا ئه‌وانه‌ی برده‌ ڕیڤله‌ بۆ لای پاشای بابل.
27
پاشای بابلیش له‌ ڕیڤله‌ له‌ خاكی حه‌مات كوشتنی.
ئینجا یه‌هودا له‌ خاكه‌كه‌ی خۆی ڕاپێچ كرا.
28
ئه‌مانه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ بوون كه‌ نه‌بوخودنه‌سر ڕاپێچی كرد:
له‌ ساڵی حه‌وته‌م،
سێ هه‌زار و بیست و سێ جوله‌كه‌؛
29
له‌ ساڵی هه‌ژده‌مینی نه‌بوخودنه‌سریش،
هه‌شت سه‌د و سی و دوو كه‌س له‌ ئۆرشه‌لیم ڕاپێچ كران؛
30
ئینجا له‌ ساڵی بیست و سێیه‌می نه‌بوخودنه‌سر،
نه‌بوزه‌ره‌دانی فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانانی پاشا حه‌وت سه‌د و چل و پێنج جوله‌كه‌ی ڕاپێچ كرد.
سه‌رجه‌میان چوار هه‌زار و شه‌ش سه‌د كه‌س بوون.
به‌ڕه‌ڵاكردنی یه‌هۆیاكین 
31
له‌ ساڵی سی و حه‌وته‌مینی ڕاپێچكردنی یه‌هۆیاكین، ئه‌ڤیل مه‌رۆده‌خ بوو به‌ پاشای بابل. هه‌ر له‌و ساڵه‌ له‌ بیست و پێنجی دوازده‌ یه‌هۆیاكینی پاشای یه‌هودای له‌ زیندان ئازاد كرد و هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌.
32
به‌ باشی قسه‌ی له‌گه‌ڵ كرد و كورسییه‌كه‌ی له‌ سه‌رووی كورسی ئه‌و پاشایانه‌وه‌ دانا كه‌ له‌ بابل له‌گه‌ڵی بوون.
33
ئیتر یه‌هۆیاكین به‌رگی زیندانییه‌كه‌ی گۆڕی و به‌ درێژایی ماوه‌ی ژیانی به‌رده‌وام له‌سه‌ر خوانی پاشا نانی ده‌خوارد.
34
به‌ درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی ژیانی ڕۆژ به‌ ڕۆژ بژێوی ڕۆژانه‌ی له‌لایه‌ن پاشای بابله‌وه‌ پێده‌درا، هه‌تا ڕۆژی مردنی.
  1. a. 52‏:7 عه‌راڤا: واته‌ دۆڵی ڕووباری ئوردون.
  2. b. 52‏:18 كاهین ئه‌م تاسانه‌ی بۆ پرژاندنی خوێنی قوربانی به‌كارده‌هێنا، وه‌ك هێمایه‌ك بۆ كه‌فاره‌تی گوناهه‌كانی خه‌ڵك. بڕوانه‌ \+xt ده‌رچوون 29‏:20 و زه‌كه‌ریا 9‏:15؛ 14‏:20 و عیبرانییه‌كان 9‏:13‏\+xt*‏.
  3. c. 52‏:21 هه‌ژده‌ باڵ: نزیكه‌ی 8,1 مه‌تر.
  4. d. 52‏:21 دوازده‌ باڵ: نزیكه‌ی 5,4 مه‌تر.
  5. e. 52‏:22 پێنج باڵ: نزیكه‌ی 2,3 مه‌تر.
  6. f. 52‏:25 ڕازپۆشێكی تایبه‌ت بوو به‌ ناونووسینی پیاوانی ئیسرائیل بۆ سه‌ربازی.