عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
من ئه‌و پیاوه‌م كه‌ زه‌لیلیم بینی
به‌ گۆچانی تووڕه‌یی ئه‌و.
2
منی به‌ پێش خۆی دا و
منی به‌ تاریكاییدا برد، به‌بێ هیچ ڕووناكییه‌ك.
3
بێگومان، ده‌ستی له‌ دژی من به‌رزده‌كاته‌وه‌
به‌ به‌رده‌وامی و به‌ درێژایی ڕۆژ.
4
گۆشت و پێستی منی پیركرد،
ئێسكه‌كانی شكاندم.
5
ده‌وری گرتم و گه‌مارۆی دام
به‌ ژه‌هر و ناخۆشی.
6
ناچاری كردم له‌ناو تاریكیدا نیشته‌جێ بم
وه‌ك ئه‌وانه‌ی له‌مێژه‌ مردوون.
7
له‌ناو په‌رژینێك به‌ندی كرد بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانم هه‌ڵبێم،
زنجیره‌كانی منی قورس كرد.
8
هه‌روه‌ها كاتێك هاوار ده‌كه‌م و داوای فریاكه‌وتن ده‌كه‌م،
به‌ڵام نزاكانم ڕاده‌گرێت.
9
به‌ردی تاشراوی كه‌ڵه‌كه‌ كرد و ڕێگای منی پێ گرت،
ڕێڕه‌وه‌كانی منی خواروخێچ كرد.
10
وه‌ك ورچێك بۆم له‌ بۆسه‌دایه‌،
وه‌ك شێرێك خۆی مات ده‌كات،
11
منی له‌ڕێ لادا و پارچه‌پارچه‌ی كردم،
منی وێران كرد.
12
كه‌وانه‌كه‌ی ڕاكێشا
منی كرده‌ نیشانه‌ی تیره‌كانی.
13
تیره‌كانی تیردانه‌كه‌ی
له‌ دڵم چه‌قاند.
14
هه‌موو گه‌له‌كه‌م سووكایه‌تیم پێ ده‌كه‌ن،
به‌ درێژایی ڕۆژ به‌ گۆرانی گاڵته‌م پێ ده‌كه‌ن.
15
تێری كردم له‌ تاڵی،
زه‌قنه‌بووتی ده‌رخوارد دام.
16
به‌ چه‌و ددانه‌كانی منی وردوخاش كرد،
منی له‌ناو خۆڵه‌مێش په‌ستایه‌وه‌.
17
من له‌ ئاشتی بێبه‌ش كراوم،
سه‌ركه‌وتنم له‌بیرچووه‌وه‌.
18
ئینجا گوتم، «شكۆمه‌ندیم نه‌ما،
هه‌روه‌ها هیوام به‌ یه‌زدان بڕا.»
19
دێته‌وه‌ بیرم، ڕۆژانی زه‌لیلی و سه‌رگه‌ردانیم،
وه‌ك ژه‌هر و زه‌قنه‌بووت بوون.
20
به‌ باشی به‌بیرم دێته‌وه‌،
له‌ ناخه‌وه‌ ڕۆحم خه‌مباره‌.
21
به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌هێنمه‌وه‌ یادم و
له‌به‌ر ئه‌وه‌ هیوام هه‌یه‌:
22
به‌هۆی خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕی یه‌زدانه‌ كه‌ له‌ناونه‌چووین،
چونكه‌ به‌زه‌ییه‌كه‌ی ته‌واو نابێت.
23
ئه‌وانه‌ت هه‌موو به‌یانییه‌ك نوێن؛
دڵسۆزییه‌كه‌ت چه‌ند گه‌وره‌یه‌.
24
به‌ خۆم ده‌ڵێم: «یه‌زدان به‌شی منه‌،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ هیوام به‌وه‌.»
25
یه‌زدان چاكه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی هیوایان به‌و هه‌یه‌،
بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی داوای ئه‌و ده‌كات.
26
باشه‌ بۆ كه‌سێك به‌ بێده‌نگی چاوه‌ڕێ بكات
بۆ هاتنی ڕزگاریی یه‌زدان.
27
باشه‌ پیاو نیر هه‌ڵبگرێت
هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌.
28
با به‌ ته‌نها دانیشێت و بێده‌نگ بێت،
چونكه‌ یه‌زدان ئه‌مه‌ی به‌سه‌رهێناوه‌.
29
با سه‌ری بخاته‌ ناو خاكوخۆڵ،
له‌وانه‌یه‌ هێشتا هیوای مابێت.
30
با ڕوومه‌تی بۆ ئه‌وه‌ ڕابگرێت كه‌ لێی ده‌دات،
با تێربێت له‌ ڕیسوایی.
31
چونكه‌ كه‌س بۆ هه‌تاهه‌تایه‌
له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه‌ ڕه‌ت ناكرێته‌وه‌.
32
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دڵته‌نگی ده‌هێنێت، میهره‌بانیش نیشان ده‌دات،
به‌پێی گه‌وره‌یی خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی.
33
چونكه‌ كه‌س له‌ دڵه‌وه‌ زه‌لیل ناكات و
دڵته‌نگی ناكات.
34
تێكشكاندنی دیله‌كانی هه‌موو زه‌وی
له‌ژێر پێ،
35
یان بێبه‌شكردنی كه‌سێك له‌ مافی خۆی
له‌به‌رده‌م خودای هه‌ره‌به‌رز،
36
یان به‌دوورگرتنی مرۆڤ له‌ دادپه‌روه‌ری،
ئایا په‌روه‌ردگار هه‌موو ئه‌مانه‌ نابینێت؟
37
كێ ده‌توانێت قسه‌ بكات قسه‌كه‌ی بێته‌جێ،
ئه‌گه‌ر په‌روه‌ردگار فه‌رمانی نه‌دابێت؟
38
ئایا ڕوودانی چاكه‌ و خراپه‌
به‌ فه‌رمایشتی خودای هه‌ره‌به‌رز نییه‌؟
39
بۆچی مرۆڤی زیندوو گله‌یی بكات
كاتێك له‌سه‌ر گوناهه‌كانی سزا ده‌درێت؟
40
با هه‌ڵسوكه‌وتمان بپشكنین و تاقی بكه‌ینه‌وه‌ و
بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ لای یه‌زدان.
41
با دڵ و ده‌ستمان به‌رزبكه‌ینه‌وه‌
بۆ خودا له‌ ئاسمان، بڵێین:
42
«ئێمه‌ گوناهمان كرد و یاخی بووین،
تۆش لێمان خۆش نه‌بوویت.
43
«خۆت به‌ تووڕه‌یی داپۆشی و ڕاوتناین،
به‌بێ به‌زه‌یی ئێمه‌ت كوشت.
44
به‌ هه‌ور خۆت داپۆشی
بۆ ئه‌وه‌ی نوێژه‌كانمان نه‌گاته‌ لات.
45
ئێمه‌ت كرد به‌ پاشه‌ڕۆ و نه‌ویستراو
له‌نێو گه‌لان.
46
«هه‌موو دوژمنانمان
ده‌میان لێمان كرده‌وه‌.
47
ترس و ته‌ڵه‌ باڵی به‌سه‌رماندا كێشا،
له‌ناوچوون و وێرانی.»
48
چاوه‌كانم كانی فرمێسك هه‌ڵده‌ڕێژن
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌م له‌ناوچوون.
49
چاوه‌كانم فرمێسك هه‌ڵده‌ڕێژن و ناوه‌ستن
به‌بێ پسانه‌وه‌،
50
تاوه‌كو یه‌زدان له‌ ئاسمانه‌وه‌
ته‌ماشای خواره‌وه‌ بكات و ببینێت.
51
ئه‌وه‌ی ده‌یبینم گیانم ئازار ده‌دات
له‌به‌ر ئازاری كچانی شاره‌كه‌م.
52
ئه‌وانه‌ی دوژمنی من بوون به‌بێ هۆ
وه‌ك چۆله‌كه‌ ڕاویان كردم.
53
به‌ زیندووێتی منیان فڕێدا ناو چاڵ،
به‌ردیان تێمگرت.
54
نوقومی ئاو بووم،
گوتم: «خه‌ریكه‌ بمرم.»
55
ئه‌ی یه‌زدان، له‌ قووڵایی چاڵه‌وه‌
به‌ ناوی تۆوه‌ نزا ده‌كه‌م.
56
گوێت له‌ ده‌نگم بوو:
«گوێت دامه‌خه‌ كاتێك هاوار و هانات بۆ ده‌هێنم.»
57
ئه‌و ڕۆژه‌ی نزام بۆ كردیت نزیك بوویته‌وه‌،
فه‌رمووت: «مه‌ترسه‌!»
58
ئه‌ی په‌روه‌ردگار، به‌رگریت له‌ كێشه‌ی من كرد،
ژیانی منت كڕییه‌وه‌.
59
ئه‌ی یه‌زدان، سته‌مدیده‌یی منت بینی.
دادوه‌ری كێشه‌كه‌م بكه‌!
60
هه‌موو تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌كه‌ی ئه‌وانت بینی،
هه‌موو پیلانه‌كانیان له‌ دژی من.
61
ئه‌ی یه‌زدان، گوێت له‌ ڕیسواكردنه‌كه‌یان بوو،
هه‌موو پیلانه‌كانیان له‌ دژی من؛
62
ئه‌وه‌ی دوژمنه‌كانم به‌ درێژایی ڕۆژ له‌ دژی من
باسی ده‌كه‌ن و ده‌یچرپێنن.
63
ته‌ماشایان بكه‌! هه‌ستان و دانیشتنیان،
به‌ گۆرانییه‌كانیان گاڵته‌م پێ ده‌كه‌ن.
64
ئه‌ی یه‌زدان، سزایان بده‌،
به‌پێی كرده‌وه‌كانی ده‌ستیان.
65
پێچه‌ له‌سه‌ر دڵیان دابنێ،
با نه‌فره‌تت له‌سه‌ریان بێت!
66
به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ ڕاویان بنێ و له‌ناویان ببه‌
له‌ژێر ئاسمانی یه‌زداندا.