عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- چۆن پەروەردگار سییۆنی کچی داپۆشی
 بە هەوری تووڕەییەکەی!
 لە ئاسمانەوە شکۆی ئیسرائیلی فڕێدا
 بۆ سەر زەوی،
 لە ڕۆژی تووڕەییدا
 تەختەپێی خۆی بەبیر نەهێنایەوە.
- 2
- پەروەردگار بەزەیی نەهاتەوە،
 هەموو نشینگەکانی یاقوبی هەڵلووشی،
 بە تووڕەیی خۆی
 قەڵاکانی یەهودای کچی ڕووخاند.
 پاشایەتی و میرەکانی زەلیل کرد
 دایگرتنە سەر زەوی.
- 3
- بە گڕی تووڕەیی خۆی بڕییەوە
 هەموو هێزی ئیسرائیل.
 دەستی ڕاستی بەرەو دواوە کێشایەوە
 لەبەردەم دوژمن.
 ئاگرێکی بەتینی لەناو یاقوبدا داگیرساند،
 هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.
- 4
- وەک دوژمنێک کەوانەکەی خۆی ڕاکێشا،
 دەستی ڕاستی ئامادە کرد.
 وەک ناحەز لەناوی برد
 هەموو ئەوەی چاو ئارەزووی دەکرد.
 لەناو چادرەکەی سییۆنی کچ
 تووڕەیی خۆی وەک ئاگر ڕشت.
- 5
- پەروەردگار وەک دوژمنی لێهات،
 ئیسرائیلی هەڵلووشی.
 هەموو کۆشکەکانی ئەوی هەڵلووشی،
 قەڵاکانی ڕووخاند.
 شیوەن و ماتەمی زۆر کرد
 بۆ یەهودای کچ.
- 6
- کەپرەکەی تێکدا، وەک باخچەیەک نەما،
 شوێنی کۆبوونەوەکەی ڕووخاند.
 یەزدان وای کرد سییۆن لەبیری بچێتەوە
 ڕۆژی شەممە و جەژنەکان.
 بە تووڕەیی خۆی
 پاشا و کاهینی ڕەتکردەوە.
- 7
- پەروەردگار قوربانگاکەی خۆی ڕەتکردەوە،
 وازی لە پیرۆزگاکەی خۆشی هێنا.
 دیواری کۆشکەکانی
 ڕادەستی دوژمنەکانی کرد.
 لەناو ماڵی یەزدان دەنگیان هەڵبڕی
 وەک لە ڕۆژی جەژندا.
- 8
- شووراکانی سییۆنی کچ
 یەزدان مەبەستی بوو بیڕووخێنێت.
 بە گوریس پێوای و
 دەستی لە وێرانکردنی نەگێڕایەوە.
 سەنگەر و دیواری هێنایە گریان و
 پێکەوە ڕووخان.
- 9
- دەروازەکانی نوقومی زەوی بوون،
 شمشیرەکانی[a] لەناوبرد و شکاندی.
 پاشا و میرەکانی بۆ نێو گەلان ڕاپێچ کراون،
 فێرکردنی موسا نەماوە،
 هەروەها پێغەمبەرەکانیشی
 هیچ بینینێکیان لەلایەن یەزدانەوە بۆ ئاشکرا نەکراوە.
- 10
- پیرەکانی شاری سییۆن
 بە کپی لەسەر زەوی دادەنیشن،
 خۆڵ بەسەر سەریاندا دەکەن،
 جلوبەرگی گوش[b] لەبەر دەکەن.
 پاکیزەکانی ئۆرشەلیم
 سەریان دادەنەوێنن.
- 11
- چاوەکانم ماندووبوون لە فرمێسک ڕشتن،
 دڵم توندە،
 جەرگ بڕاوم
 لەبەر ئەوەی گەلەکەم وێران بوو،
 لەبەر بوورانەوەی منداڵان و شیرەخۆران
 لەناو گۆڕەپانەکانی شاردا.
- 12
- بە دایکیان دەڵێن:
 «کوا نان و ئاو[c] ؟»
 کاتێک وەک بریندار
 لەناو گۆڕەپانەکانی شاردا دەبوورێنەوە،
 کاتێک ڕۆحیان دەردەچێت
 لەناو باوەشی دایکیان.
- 13
- چیت پێ بڵێم؟
 ئەی ئۆرشەلیمی کچ،
 بە چیت بچووێنم؟
 بە چی بەراوردت بکەم،
 بۆ ئەوەی دڵت بدەمەوە،
 ئەی سییۆنی کچە پاکیزە؟
 وێران بوونت وەک دەریا قووڵە.
 کێ دەتوانێت چاکت بکاتەوە؟
- 14
- بینینی خودایی بۆ پێغەمبەرەکانت
 درۆ و فریودەر بوو،
 تاوانی تۆیان دەرنەخست
 بۆ ئەوەی لە ڕاپێچکردن بتپارێزن.
 بەڵکو سروشی[d]
 درۆ و هەڵخەڵەتێنەریان بە تۆ گەیاند.
- 15
- هەموو ئەوەی بەوێدا تێدەپەڕێت
 بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵەت بۆ لێدەدات،
 فیکە لێ دەدەن و سەر بادەدەن
 لەبەر ئۆرشەلیمی کچ،
 دەڵێن: «ئەمە شارەکەیە
 کە پێی دەگوترا تەواوی جوانی و
 مایەی دڵخۆشی هەموو زەوییە؟»
- 16
- هەموو دوژمنەکانت
 دەمیان لێت دەکرێتەوە،
 فیشکەیان دێت و ددانیان لێت جیڕدەکەنەوە،
 دەڵێن: «هەڵمانلووشی.
 بێگومان ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە چاوەڕوانی بووین،
 پێی گەیشتین و بینیمان.»
- 17
- یەزدان ئەوەی مەبەستی بوو کردی،
 قسەی خۆی بەجێگەیاند،
 ئەوەی لە ڕۆژانی کۆنەوە بەڵێنی پێیدا.
 بەبێ بەزەیی تۆی ڕووخاند،
 دوژمنی پێت خۆشکرد،
 هێزی ناحەزانی تۆی پتەو کرد.
- 18
- دڵی خەڵکەکە
 بۆ پەروەردگار هاوار دەکات.
 ئەی شووراکانی سییۆنی کچ،
 با فرمێسکەکانت وەک ڕووبار بڕژێت
 بە شەو و بە ڕۆژ.
 خۆت مەبووژێنەوە،
 چاوەکانت پشوو نەدات.
- 19
- هەستە، بە شەو هاوار بکە،
 لەگەڵ دەستپێکردنی ئێشکگرتن.
 وەک ئاو دڵت هەڵبڕێژە
 لەبەردەم پەروەردگار.
 دەستت بۆی بەرز بکەوە
 لە پێناوی ژیانی منداڵەکانت،
 ئەوانەی لە برسان بووراونەتەوە
 لەسەر سووچی هەموو شەقامەکان.
- 20
- «ئەی یەزدان، ببینە و تێڕابمێنە،
 ئەمەت بە کێ کردووە؟
 ئایا ژن بەری سکی خۆی دەخوات،
 منداڵی باوەشی؟
 ئایا کاهین و پێغەمبەر
 لە پیرۆزگای پەروەردگار دەکوژرێت؟
- 21
- «گەنج و پیر پێکەوە پاڵکەوتن
 لەسەر زەوی شەقامەکان،
 پاکیزە و لاوەکانم
 بە شمشێر کوژراون.
 لە ڕۆژی تووڕەییتدا ئەوانت کوشت،
 ئەوانت بەبێ بەزەیی سەربڕی.
- 22
- «هەروەک بۆ ڕۆژی جەژن بانگهێشتت کردبن،
 ئاوا لە دژی من لە هەموو لایەکەوە بانگی تۆقینت کرد.
 لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان
 کەس ڕاینەکرد و کەس دەرباز نەبوو،
 ئەوانەی لە باوەشم کردن و بەخێوم کردن،
 دوژمن لەناوی بردن.»
- a. 2:9 شمشیر، پارچە دارێک بووە لە جیاتی قوفڵ لە دواوەی دەرگا بە شێوەی ئاسۆیی دانراوە بۆ داخستنی دەرگا.
- b. 2:10 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.
- c. 2:12 عیبری: نان و شەراب، دەربڕینێکە مەبەستی لێی خۆراکە بۆ بژێوی مرۆڤ.
- d. 2:14 فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.

