عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- ئەلیهوش بەردەوام بوو و گوتی:
- 2
- «ئایا ئەمە بە ڕاست دادەنێیت؟
 گوتت: ”ڕاستییەکەی لای منە، نەک لای خودا.“
- 3
- لەگەڵ ئەوەشدا لێی دەپرسیت: ”چ سوودێکی بۆم هەیە،
 قازانجی چیم کرد لە نەکردنی گوناه؟“
- 4
- «من حەز دەکەم وەڵامی تۆ بدەمەوە،
 وەڵامی تۆ و هاوڕێیەکانیشت دەدەمەوە.
- 5
- تەماشای ئاسمان بکە و ببینە،
 تێبینی هەورەکان بکە لە تۆ بەرزترن.
- 6
- ئەگەر گوناهە بکەیت چیت لێکردووە و
 ئەگەر یاخیبوونەکانت زۆر بکەیت چیت پێکردووە؟
- 7
- ئەگەر ڕاستودروست بیت چیت پێیداوە،
 یان چی لە دەستت وەردەگرێت؟
- 8
- خراپەکەت بۆ مرۆڤێک دەبێت کە وەک خۆتە و
 ڕاستودروستیشت بۆ ئادەمیزادە.
- 9
- «خەڵک لەتاوی زۆرداری هاوار دەکەن،
 لەبەر ستەمکاران هاواری فریاکەوتن دەکەن.
- 10
- ناڵێن: ”کوا خودای بەدیهێنەرم،
 ئەوەی لە شەودا زەبوور دەدات،
- 11
- ئەوەی فێرمان دەکات زیاتر لە ئاژەڵەکانی زەوی و
 لە باڵندەکانی ئاسمان داناترمان دەکات؟“
- 12
- کاتێک خەڵک لە دەست لووتبەرزی خراپەکاران هاوار دەکەن،
 وەڵام ناداتەوە.
- 13
- خودا گوێ لە داواکاری پووچیان ناگرێت،
 توانادارەکە تەماشای ناکات.
- 14
- ئیتر چۆن گوێ لە تۆ بگرێت
 ئەگەر بڵێیت کە نایبینیت،
 داواکارییەکەت لەبەردەمیەتی و
 دەبێت چاوەڕێی ئەو بکەیت،
- 15
- هەروەها تووڕەییەکەی هەرگیز سزا نادات و
 گوێ نادات بە زۆری خراپەکاری.
- 16
- بەم جۆرە ئەیوب لە هیچ دەمی کردووەتەوە و
 بەبێ زانین قسەی زل دەکات.»

