عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئیتر ئه‌لیهو گوتی:
2
«گوێ له‌ قسه‌كانم بگرن دانایان،
گوێم بۆ شل بكه‌ن، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌زانن.
3
چونكه‌ گوێ قسه‌ تاقی ده‌كاته‌وه‌
وه‌ك چۆن مه‌ڵاشوو خواردن تام ده‌كات.
4
با بۆ خۆمان دادگه‌ری تاقی بكه‌ینه‌وه‌ و
له‌نێو خۆمان بزانین چی باشه‌.
5
«چونكه‌ ئه‌یوب گوتی: ”من ڕاستودروست بووم،
به‌ڵام خودا مافی منی داماڵی.
6
له‌ كاتی دادگاییم
به‌ درۆ ده‌خرێمه‌وه‌ و
برینه‌كه‌م ساڕێژ نابێت
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بێ یاخیبوونم.“
7
چ پیاوێك وه‌ك ئه‌یوبه‌؟
سووكایه‌تیكردن وه‌ك ئاو ده‌خواته‌وه‌ و
8
پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌دكاران ملی ڕێ ده‌گرێت و
له‌گه‌ڵ خراپه‌كاران ده‌ڕوات؟
9
چونكه‌ گوتی: ”سوودی نییه‌ بۆ مرۆڤ
جێی ڕه‌زامه‌ندی بێت له‌لای خودا.“
10
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ گوێم لێ بگرن، ئه‌ی تێگه‌یشتووان.
خراپه‌ له‌ یه‌زدان به‌ دووره‌ و
سته‌میش له‌ خودای هه‌ره‌ به‌ توانا،
11
چونكه‌ مرۆڤ به‌گوێره‌ی كرده‌وه‌كانی پاداشت ده‌داته‌وه‌ و
پیاویش به‌پێی ڕێگاكه‌ی تووش ده‌كات.
12
جا به‌ ڕاستی خودا خراپه‌ ناكات،
تواناداره‌كه‌ش دادپه‌روه‌ری خوار ناكاته‌وه‌.
13
كێ كردی به‌ لێپرسراو له‌سه‌ر زه‌وی و
كێ له‌سه‌ر هه‌موو جیهان داینا؟
14
ئه‌گه‌ر بیخاته‌ دڵی خۆیه‌وه‌
ڕۆح و هه‌ناسه‌ی بۆ خۆی كۆبكاته‌وه‌،
15
هه‌موو مرۆڤ پێكه‌وه‌ ڕۆح به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌ده‌ن و
مرۆڤ بۆ خۆڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
16
«ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتنت هه‌یه‌،
ئه‌مه‌ ببیسته‌ و بۆ ده‌نگی وشه‌كانم گوێ شل بكه‌.
17
ئایا ئه‌وه‌ی ڕقی له‌ دادپه‌روه‌رییه‌ ده‌توانێت فه‌رمانڕه‌وایه‌تی بكات؟
یان ئه‌وه‌ی ڕاستودروست و مه‌زنه‌ تاوانباری ده‌كه‌یت؟
18
ئایا خودا نییه‌ كه‌ به‌ پاشا ده‌فه‌رموێت: ”ئه‌ی هیچوپووچ!“
یان به‌ پیاوماقوڵان: ”ئه‌ی خراپه‌كاران!“
19
ئایا خودا نییه‌ ئه‌وه‌ی لایه‌نگری میران ناكات و
ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ هه‌ژار به‌ زیاتر دانانێت،
چونكه‌ هه‌مووان كاری ده‌ستی ئه‌ون؟
20
له‌ناكاو ده‌مرن، له‌ نیوه‌شه‌ودا؛
گه‌ل ده‌هه‌ژێن و به‌سه‌رده‌چن؛
به‌هێزه‌كان داده‌ماڵرێن، به‌ڵام نه‌ك به‌ ده‌ستی مرۆڤ.
21
«چونكه‌ چاوه‌كانی له‌سه‌ر ڕێگاكانی مرۆڤه‌؛
ئه‌و هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی ده‌بینێت.
22
نه‌ تاریكی هه‌یه‌ و نه‌ سێبه‌ری مه‌رگ،
كه‌ به‌دكاران ده‌توانن خۆیانی تێدا بشارنه‌وه‌.
23
پێویست ناكات خودا زیاتر لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مرۆڤ بكات،
هه‌تا بێته‌ به‌رده‌می بۆ دادگاییكردن.
24
دلێران به‌بێ پشكنین تێكده‌شكێنێت و
خه‌ڵكی دیكه‌ له‌ جێیان داده‌نێت.
25
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێبینی كرده‌وه‌كانیان ده‌كات،
به‌ شه‌و سه‌ره‌وژێریان ده‌كات و وردوخاش ده‌بن.
26
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خراپه‌كارن
له‌به‌رچاوی بینه‌ران سزایان ده‌دات،
27
چونكه‌ له‌دوای ئه‌و لایاندا و
له‌ هیچ یه‌كێك له‌ ڕێگاكانی ئه‌و وردنه‌بوونه‌وه‌،
28
به‌م جۆره‌یان كرد هاواری هه‌ژار پێی بگات،
به‌م شێوه‌یه‌ گوێی له‌ قیژه‌ی زه‌لیلان بوو.
29
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێده‌نگ بێت،
كێ هه‌یه‌ تاوانباری بكات؟
ئه‌گه‌ر ڕووی خۆی بشارێته‌وه‌، كێ ده‌یبینێت؟
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فه‌رمانڕه‌وایه‌تی نه‌ته‌وه‌ و تاكه‌ كه‌سیش ده‌كات
30
بۆ ئه‌وه‌ی خوانه‌ناس پاشایه‌تی نه‌كات و
نه‌بێت به‌ ته‌ڵه‌ بۆ گه‌ل.
31
«ئه‌گه‌ر به‌ خودا بگوترێت:
”من تاوانبارم به‌ڵام ئیتر گه‌نده‌ڵی ناكه‌م،
32
ئه‌وه‌ی نه‌مبینیوه‌ تۆ پیشانی منی بده‌،
ئه‌گه‌ر خراپه‌م كردووه‌، چیتر نایكه‌مه‌وه‌؟“
33
ئایا ده‌بێت خودا به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی تۆ پێت باشه‌ پاداشتت[a] بداته‌وه‌،
له‌ كاتێكدا كه‌ تۆ ئاماده‌ نیت تۆبه‌ بكه‌یت؟
تۆ هه‌ڵده‌بژێریت نه‌ك من،
ئه‌وه‌ی ده‌یزانیت ده‌یڵێیت.
34
«تێگه‌یشتووان پێم ده‌ڵێن،
ئه‌و پیاوه‌ دانایانه‌ی گوێیان لێمه‌ ده‌ڵێن:
35
”ئه‌یوب به‌بێ زانین قسه‌ ده‌كات و
قسه‌كانی به‌بێ وریاین.“
36
خۆزگه‌ ئه‌یوب هه‌تاسه‌ر تاقی ده‌كرایه‌وه‌
له‌به‌ر وه‌ڵامه‌كانی وه‌ك به‌دكاران!
37
چونكه‌ یاخیبوونی بۆ سه‌ر گوناهه‌كه‌ی زیاد كرد؛
به‌ گاڵته‌پێكردنه‌وه‌ چه‌پڵه‌ لێده‌دات و
زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر خودا ده‌كات.»
  1. a. 34‏:33 ئه‌م وشه‌یه‌ له‌ زمانی عیبری به‌ هه‌ردوو واتای پاداشت و سزا دێت.