عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«به‌ڵام ئه‌ی ئه‌یوب، ئێستا گوێ له‌ قسه‌كانم بگره‌!
گوێ شل بكه‌ بۆ هه‌موو وشه‌كانم.
2
ئه‌وه‌تا من ده‌مم كرده‌وه‌؛
قسه‌كانم له‌سه‌ر زمانی منن.
3
قسه‌كانم له‌ دڵی پاكمه‌وه‌ن؛
زمانیشم به‌ دڵسۆزییه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌بڕێت كه‌ ده‌یزانم.
4
ڕۆحی خودا دروستی كردم،
هه‌ناسه‌ی تواناداره‌كه‌ ژیانی پێ به‌خشیم.
5
ئه‌گه‌ر ده‌توانیت، وه‌ڵامم بده‌وه‌ و
هه‌سته‌ سه‌رپێ و كێشه‌كه‌ت بخه‌ره‌ به‌رده‌مم.
6
له‌به‌رچاوی خودا منیش هه‌روه‌كو تۆم،
له‌ قوڕ دروستكراوم.
7
ناشێت شه‌وكه‌تم بتترسێنێت و
زۆركردنم لێت بارت گران بكات.
8
«تۆ له‌به‌رده‌مم گوتت،
من به‌ وردی گوێم لێت بوو،
9
گوتت: ”من بێتاوانم به‌بێ یاخیبوون،
بێگه‌ردم و تاوانم نییه‌.
10
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خودا ده‌گه‌ڕێت هه‌ڵه‌م لێ بدۆزێته‌وه‌ و
به‌ دوژمنی خۆی دامده‌نێت.
11
پێیه‌كانمی له‌ناو كۆت داناوه‌؛
چاودێری هه‌موو ڕێگاكانم ده‌كات.“
12
«به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم، له‌مه‌دا ڕاست ناكه‌یت،
چونكه‌ خودا له‌ مرۆڤ مه‌زنتره‌.
13
بۆچی سكاڵای لێ ده‌كه‌یت:
”وه‌ڵامی هیچ كام له‌ وشه‌كانی مرۆڤ ناداته‌وه‌؟“
14
چونكه‌ به‌ ڕاستی خودا هه‌رجاره‌و به‌ ڕێگایه‌ك ده‌دوێت،
كه‌س ڕامانی ئه‌وه‌ ناكات.
15
له‌ خه‌ون، له‌ خه‌ون بینینی شه‌ودا،
كاتێك هه‌موو خه‌ڵك خه‌وی قورسیان لێده‌كه‌وێت
له‌ كاتی خه‌واڵووبوون له‌ناو جێگا،
16
ئه‌و كاته‌ گوێی خه‌ڵك ده‌كاته‌وه‌ و
به‌ ئاگاداركردنه‌وه‌كانی ده‌یانتۆقێنێت،
17
تاكو له‌ خراپه‌كردن بیانگه‌ڕێنێته‌وه‌ و
له‌ لووتبه‌رزیش بیانپارێزێت،
18
هه‌تا له‌ كه‌وتنه‌ ناو گۆڕ ڕزگاریان بكات،
ژیانیشیان له‌ له‌ناوچوون به‌ شمشێر.
19
«یان ئه‌گه‌ر كه‌سێكی هه‌بێت له‌ناو جێگاكه‌ی به‌ ئازار ته‌مبێ بكرێت و
ململانێی ئێسكه‌كانیشی به‌رده‌وامه‌،
20
ئه‌و كاته‌ گیانی ڕقی له‌ نان ده‌بێته‌وه‌ و
نه‌وسیشی له‌ خواردنی خۆش.
21
گۆشتیان وا ده‌فه‌وتێت كه‌ ئیتر نه‌بینرێت،
ئێسكه‌كانیشیان كه‌ شاردرابوونه‌وه‌ ئێستا دیارن.
22
گیانیان له‌ گۆڕ نزیك ده‌بنه‌وه‌،
ژیانیشیان له‌ فریشته‌ی مه‌رگ.
23
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر له‌لایان نێردراوێك هه‌بێت،
په‌یوه‌ندی ڕێكخه‌رێك، یه‌ك له‌ هه‌زار
تاكو ڕاستودروستی به‌ مرۆڤ بناسێنێت،
24
له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌ میهره‌بان ده‌بێت و به‌ خودا ده‌ڵێت:
”بیانگه‌ڕێنه‌وه‌ با نه‌كه‌ونه‌ گۆڕ؛
كڕینه‌وه‌ی ژیانی ئه‌وانم بۆ دۆزینه‌وه‌.
25
با گۆشتیان له‌ گۆشتی منداڵ ناسكتر بێت؛
با ڕۆژانی گه‌نجیێتییان بگه‌ڕێته‌وه‌.“
26
ئه‌و كاته‌ ئه‌وانه‌ داوا له‌ خودا ده‌كه‌ن و لێیان ڕازی ده‌بێت،
به‌ هاواری خۆشییه‌وه‌ ڕووی خودا ده‌بینن،
ئه‌ویش پاداشتی ڕاستودروستی مرۆڤ ده‌داته‌وه‌.
27
ده‌چن بۆ لای كه‌سانی دیكه‌ و ده‌ڵێن:
”گوناهم كرد و ڕاستیم خواروخێچ كرد و
به‌ڵام سزا نه‌درام له‌سه‌ری.
28
خودا منی كڕییه‌وه‌ له‌ جیهانی مردووان،
ئیتر ژیانم ڕووناكی ده‌بینێت.“
29
«خودا هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌كات،
دوو جار و سێ جار له‌گه‌ڵ مرۆڤ،
30
بۆ ئه‌وه‌ی بیانگه‌ڕێنه‌وه‌ له‌ كه‌وتنی ناو گۆڕ و
تاوه‌كو به‌ ڕووناكی زیندووان ڕووناك بێته‌وه‌.
31
«جا گوێ شل بكه‌ و گوێم لێ بگره‌ ئه‌یوب!
بێده‌نگ به‌ من قسه‌ ده‌كه‌م.
32
ئه‌گه‌ر قسه‌ت له‌لایه‌ وه‌ڵامم بده‌وه‌،
قسه‌ بكه‌! چونكه‌ ده‌مه‌وێت ئه‌ستۆ پاكت بكه‌م.
33
ئه‌گه‌ر نا، تۆ گوێم لێ بگره‌؛
بێده‌نگ به‌ فێری داناییت ده‌كه‌م.»