عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئه‌لیهو 
1
ئیتر ئه‌و سێ پیاوه‌ له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌یوب وازیان هێنا، چونكه‌ ئه‌و خۆی به‌ ڕاست ده‌زانی.
2
به‌ڵام ئه‌لیهوی كوڕی به‌ره‌خێلی بووزی له‌ هۆزی ڕام له‌ ئه‌یوب تووڕه‌ بوو. تووڕه‌یی جۆشا، چونكه‌ ئه‌یوب خۆی به‌ بێتاوان داده‌نا و گله‌یی له‌ خودا ده‌كرد.
3
له‌ سێ هاوڕێكه‌شی تووڕه‌ بوو چونكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نه‌یانده‌توانی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رپه‌رچی ئه‌یوب بده‌نه‌وه‌، ئه‌یوبیان تاوانبار كرد.
4
ئه‌لیهوش له‌سه‌ر ئه‌یوب ئارامی گرت، چونكه‌ ئه‌وان له‌و به‌ ته‌مه‌نتر بوون.
5
كاتێك ئه‌لیهو بینی هیچ وه‌ڵامێك له‌ ده‌می ئه‌و سێ پیاوه‌دا نییه‌، تووڕه‌ بوو.
6
ئیتر ئه‌لیهوی كوڕی به‌ره‌خێلی بووزی وه‌ڵامی دایه‌وه‌:
«من ته‌مه‌نم كه‌مه‌ و
ئێوه‌ش پیرن؛
له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌وێرام و ترسام
بیروڕای خۆمتان پێ بڵێم.
7
گوتم: ”با ته‌مه‌ن قسه‌ بكات و
با زۆری ساڵان دانایی ڕابگه‌یه‌نن.“
8
به‌ڵام ڕۆحی مرۆڤ هه‌ناسه‌ی خودای هه‌ره‌ به‌ توانایه‌،
ئه‌وه‌ كه‌ تێگه‌یشتن به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێت.
9
ته‌نها ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌ن درێژن دانا نین و
ته‌نها پیران نین كه‌ دادوه‌ری تێده‌گه‌ن.
10
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌ڵێم: گوێم لێ بگرن؛
منیش بیروڕای خۆم ڕاده‌گه‌یه‌نم.
11
ئه‌وه‌تا من ئارامم گرت له‌سه‌ر قسه‌كانتان،
گوێم شل كرد بۆ به‌هانه‌كانتان؛
هه‌تا قسه‌كانتان تاقی كرده‌وه‌
12
لێتان وردبوومه‌وه‌.
به‌ڵام كه‌ستان به‌ڵگه‌تان له‌ دژی به‌هانه‌ی ئه‌یوب نه‌هێنایه‌وه‌ و
وه‌ڵامی به‌هانه‌كانی ئه‌وتان نه‌دایه‌وه‌.
13
له‌به‌ر ئه‌وه‌ مه‌ڵێن: ”داناییمان دۆزییه‌وه‌؛
با خودا به‌رپه‌رچی ئه‌یوب بداته‌وه‌، نه‌ك مرۆڤ.“
14
ئه‌یوب قسه‌كانی ئاراسته‌ی من نه‌كردووه‌ و
منیش به‌ قسه‌كانی ئێوه‌ وه‌ڵامی ناده‌مه‌وه‌.
15
«واقیان وڕماوه‌ و هیچ وه‌ڵامیش ناده‌نه‌وه‌؛
قسه‌یان لێ داماڵرا.
16
ئێستا كه‌ بێده‌نگن، ئایا ده‌بێت چاوه‌ڕێ بكه‌م،
كه‌ له‌وێ ڕاده‌وه‌ستن به‌بێ وه‌ڵام؟
17
ئێستا منیش به‌شی خۆم وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه‌؛
منیش بیروڕای خۆم ڕاده‌گه‌یه‌نم.
18
چونكه‌ پڕم له‌ قسه‌كردن و
ڕۆحی ناخم ته‌نگاوم ده‌كات؛
19
ئه‌وه‌تا ناخم وه‌ك شه‌رابێكه‌ سه‌ره‌كه‌ی نه‌كرابێته‌وه‌،
وه‌ك مه‌شكه‌یه‌كی نوێیه‌ خه‌ریكه‌ بدڕێت.
20
قسه‌ ده‌كه‌م با ئاهێكم به‌به‌ردا بێته‌وه‌؛
لێوه‌كانم ده‌كه‌مه‌وه‌ و وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه‌.
21
لایه‌نگری كه‌س ناكه‌م و
مه‌رایی هیچ كه‌سێكیش ناكه‌م؛
22
چونكه‌ زمانلووسی نازانم
جارێ دروستكه‌ره‌كه‌م نامبات.