عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - ئەیوب قسە دەکات
- 1
- دوای ئەمە ئەیوب دەمی کردەوە و نەفرەتی لەو ڕۆژە کرد کە تێیدا لەدایک بووە.
- 2
- ئەیوب دەستی بە قسە کرد و گوتی:
- 3
- «با لەناوبچێت ئەو ڕۆژەی تێیدا لەدایک بووم،
 ئەو شەوەش کە گوترا: ”کوڕێک لەدایک بوو!“
- 4
- با ئەو ڕۆژە تاریک بێت،
 نە خودا لە سەرەوە بایەخی پێ بدات و
 نە ڕۆژی بەسەردا هەڵبێت.
- 5
- با تاریکی و سێبەری مەرگ لەسەری بێت،
 با هەور دایبگرێت،
 با ڕۆژ تاریک دابێت و بیتۆقێنێت.
- 6
- ئەو شەوە، با شەوەزەنگ بیگرێت،
 لەناو ڕۆژانی ساڵ دڵخۆش نەبێت
 نەیەتە ناو ژمارەی مانگەکان.
- 7
- با ئەو شەوە نەزۆک بێت،
 هاواری خۆشی تێدا نەبێت.
- 8
- بەر نەفرەتی ئەوانە بکەوێت کە نەفرەت لە ڕۆژگار دەکەن،
 ئەوانەی ئامادەن لیڤیاتان بەئاگا بهێنن.
- 9
- با ئەستێرەکانی بەرەبەیان تاریک دابێن،
 چاوەڕوانی ڕووناکی بێت و نەیەت،
 با گزنگی بەیان نەبینێت،
- 10
- چونکە دەرگاکانی سکی لەسەر من دانەخست و
 چەرمەسەری لە چاوەکانم نەشاردەوە.
- 11
- «بۆ لە بار دایکم نەچووم،
 کە لەدایک بووم، بۆ ڕۆحم بەدەستەوە نەدا؟
- 12
- بۆچی ئەژنۆکان هەڵیانگرتم،
 بۆ مەمک هەبوو تاکو شیر بدرێم؟
- 13
- چونکە ئێستا ڕاکشابووم و بێدەنگ ببووم،
 ئەو کاتە بە ئاسوودەیی دەخەوتم،
- 14
- لەگەڵ پاشایان و ڕاوێژکارانی زەوی،
 ئەوانەی ئەو کۆشکانەیان بۆ خۆیان بنیاد نا کە ئێستا بوونەتە کەلاوە،
- 15
- یان لەگەڵ میران کە زێڕیان هەیە،
 ئەوانەی ماڵەکانیان لە زیو پڕکردووە،
- 16
- یان وەک لەبارچووێکی لەخاکنراو، ئینجا نەدەبووم،
 وەک کۆرپەیەک ڕووناکی نەبینیوە.
- 17
- لەوێ خراپەکاران لە ئاژاوەنانەوە دەوەستن
 لەوێ ماندووان پشوو دەدەن،
- 18
- دیلەکان تێکڕا ئاسوودە دەبن،
 گوێیان لە دەنگی سەرکار نابێت،
- 19
- لەوێ بچووک وەک گەورە وایە،
 کۆیلەش ئازادە لە دەستی گەورەکەی.
- 20
- «بۆ ڕووناکی دەدرێتە ڕەنجدەران و
 ژیانیش بۆ ئەوەی تاڵاوی تێدایە،
- 21
- ئەوانەی چاوەڕوانی مردن دەکەن و نییە،
 لە گەنجینە زیاتر بەدوایدا دەگەڕێن،
- 22
- هەتا ئەوپەڕی شادمانی دڵخۆشن،
 دڵشادن کە گۆڕێک دەبیننەوە؟
- 23
- بۆ ژیان دەدرێتە پیاوێک
 کە ڕێگای شاردراوەتەوە،
 خوداش بە چواردەوریدا پەرژینی لێ داوە؟
- 24
- لەبەر ئەوەی ئاخ هەڵکێشانم بووەتە نانی ڕۆژانەم،
 هەنسکیشم وەک ئاو دەڕژێت.
- 25
- ئەوەی دەمتۆقێنێت هاتە سەر ڕێگام،
 ئەوەی لێی دەترسام بەسەرم هات.
- 26
- ئاسوودە نەبووم و بێدەنگ نەبووم،
 پشووم نەدا و ئاژاوە هات.»

