عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئه‌یوب قسه‌ ده‌كات 
1
دوای ئه‌مه‌ ئه‌یوب ده‌می كرده‌وه‌ و نه‌فره‌تی له‌و ڕۆژه‌ كرد كه‌ تێیدا له‌دایك بووه‌.
2
ئه‌یوب ده‌ستی به‌ قسه‌ كرد و گوتی:
3
«با له‌ناوبچێت ئه‌و ڕۆژه‌ی تێیدا له‌دایك بووم،
ئه‌و شه‌وه‌ش كه‌ گوترا: ”كوڕێك له‌دایك بوو!“
4
با ئه‌و ڕۆژه‌ تاریك بێت،
نه‌ خودا له‌ سه‌ره‌وه‌ بایه‌خی پێ بدات و
نه‌ ڕۆژی به‌سه‌ردا هه‌ڵبێت.
5
با تاریكی و سێبه‌ری مه‌رگ له‌سه‌ری بێت،
با هه‌ور دایبگرێت،
با ڕۆژ تاریك دابێت و بیتۆقێنێت.
6
ئه‌و شه‌وه‌، با شه‌وه‌زه‌نگ بیگرێت،
له‌ناو ڕۆژانی ساڵ دڵخۆش نه‌بێت
نه‌یه‌ته‌ ناو ژماره‌ی مانگه‌كان.
7
با ئه‌و شه‌وه‌ نه‌زۆك بێت،
هاواری خۆشی تێدا نه‌بێت.
8
به‌ر نه‌فره‌تی ئه‌وانه‌ بكه‌وێت كه‌ نه‌فره‌ت له‌ ڕۆژگار ده‌كه‌ن،
ئه‌وانه‌ی ئاماده‌ن لیڤیاتان به‌ئاگا بهێنن.
9
با ئه‌ستێره‌كانی به‌ره‌به‌یان تاریك دابێن،
چاوه‌ڕوانی ڕووناكی بێت و نه‌یه‌ت،
با گزنگی به‌یان نه‌بینێت.
10
چونكه‌ ده‌رگاكانی سكی له‌سه‌ر من دانه‌خست و
چه‌رمه‌سه‌ری له‌ چاوه‌كانم نه‌شارده‌وه‌.
11
«بۆ له‌ بار دایكم نه‌چووم،
كه‌ له‌دایك بووم، بۆ ڕۆحم به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌دا؟
12
بۆچی ئه‌ژنۆكان هه‌ڵیانگرتم،
بۆ مه‌مك هه‌بوو تاكو شیر بدرێم.
13
چونكه‌ ئێستا ڕاكشابووم و بێده‌نگ ببووم،
ئه‌و كاته‌ به‌ ئاسووده‌یی ده‌خه‌وتم،
14
له‌گه‌ڵ پاشایان و ڕاوێژكارانی زه‌وی،
ئه‌وانه‌ی ئه‌و كۆشكانه‌یان بۆ خۆیان بنیاد نا كه‌ ئێستا بوونه‌ته‌ كه‌لاوه‌،
15
یان له‌گه‌ڵ میران كه‌ زێڕیان هه‌یه‌،
ئه‌وانه‌ی ماڵه‌كانیان له‌ زیو پڕكردووه‌،
16
یان وه‌ك له‌بارچووێكی له‌خاكنراو، ئینجا نه‌ده‌بووم،
وه‌ك كۆرپه‌یه‌ك ڕووناكی نه‌بینیوه‌.
17
له‌وێ خراپه‌كاران له‌ ئاژاوه‌نانه‌وه‌ ده‌وه‌ستن
له‌وێ ماندووان پشوو ده‌ده‌ن،
18
دیله‌كان تێكڕا ئاسووده‌ ده‌بن،
گوێیان له‌ ده‌نگی سه‌ركار نابێت،
19
له‌وێ بچووك وه‌ك گه‌وره‌ وایه‌،
كۆیله‌ش ئازاده‌ له‌ ده‌ستی گه‌وره‌كه‌ی.
20
«بۆ ڕووناكی ده‌درێته‌ ڕه‌نجده‌ران و
ژیانیش بۆ ئه‌وه‌ی تاڵاوی تێدایه‌،
21
ئه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانی مردن ده‌كه‌ن و نییه‌،
له‌ گه‌نجینه‌ زیاتر به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن،
22
هه‌تا ئه‌وپه‌ڕی شادمانی دڵخۆشن،
دڵشادن كه‌ گۆڕێك ده‌بیننه‌وه‌؟
23
بۆ ژیان ده‌درێته‌ پیاوێك
كه‌ ڕێگای شاردراوه‌ته‌وه‌،
خوداش به‌ چوارده‌وریدا په‌رژینی لێ داوه‌؟
24
چونكه‌ ئاخ هه‌ڵكێشانم بووه‌ته‌ نانی ڕۆژانه‌م،
هه‌نسكیشم وه‌ك ئاو ده‌ڕژێت.
25
چونكه‌ ئه‌وه‌ی ده‌متۆقێنێت هاته‌ سه‌ر ڕێگام،
ئه‌وه‌ی لێی ده‌ترسام به‌سه‌رم هات.
26
ئاسووده‌ نه‌بووم و بێده‌نگ نه‌بووم،
پشووم نه‌دا و ئاژاوه‌ هات.»