عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - قسەی پێنجەمی ئەیوب
- 1
- ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
- 2
- «زۆرم لەمانە گوێ لێ بووە،
 هەموو دڵنەواییەکەتان بریندارکەرن!
- 3
- ئایا قسەی پووچ کۆتایی هەیە؟
 یان چی دەتوروژێنێت هەتا وەڵام بدەیتەوە؟
- 4
- منیش وەک ئێوە قسەم دەکرد،
 ئەگەر ئێوە لە جێی من بوونایە؛
 قسەم بۆ دەگێڕانەوە و
 سەرم لە ئاستتان دەلەقاند.
- 5
- بەڵام بە دەم هانم دەدان و
 جوڵەی لێوەکانم ڕایدەگرتن.
- 6
- «ئەگەر قسە بکەم لە خەمۆکیەکەم کەم نابێتەوە،
 ئەگەر بێدەنگیش بم لێم دوور ناکەوێتەوە.
- 7
- ئەی خودایە، بێگومان تۆ بێزارت کردووم،
 هەموو کەسوکارەکەی منت لەناوبردووە.
- 8
- سستت کردم، سستییەکەم بووە شایەت،
 لاوازییەکەم لێم هەستاوە، بەرەوڕوو شایەتیم لەسەر دەدات.
- 9
- تووڕەییەکەی پەلاماری دام و منی چەوساندەوە،
 ددانەکانی لێم جیڕکردەوە،
 دوژمنەکەم چاوی تێبڕیوم.
- 10
- خەڵک دەمیان لێ داچەقاندووم،
 بە گاڵتەپێکردنەوە زللەیان لێدەدام،
 پێکەوە گەلەکۆمەیان لێکردم.
- 11
- خودا منی دایە دەست زۆردار و
 فڕێیدامە نێو دەستی خراپەکارەوە.
- 12
- من ئاسوودە بووم و ئەو جێی لەق کردم،
 پشتەملی گرتم و وردوخاشی کردم.
 منی کرد بە نیشانی خۆی؛
- 13
- تیرهاوێژەکانی دەوریان دام.
 جەرگی بڕیم و دڵی نەسووتا،
 زراوی منی بەسەر زەویدا ڕشت.
- 14
- جار لەدوای جار شەقم دەکات،
 وەک جەنگاوەرێک هێرش دەکاتە سەرم.
- 15
- «جلوبەرگی گوشم[a]  بە پێستمەوە دووری و
 خۆڵەمێشم بە سەری خۆمدا کرد.
- 16
- دەموچاوم لەبەر گریان سوور هەڵگەڕا و
 ڕەشی بەسەر پێڵوی چاومدا هات.
- 17
- لەگەڵ ئەوەی زۆرداری لە دەستی مندا نییە و
 نوێژەکەم بێگەردە.
- 18
- «ئەی زەوی، خوێنەکەم دامەپۆشە،
 با جێیەک نەبێت بۆ هاوارم!
- 19
- ئەوەتا لە ئێستاوە شایەتەکەم لە ئاسمانە،
 پارێزگارەکەم لە بەرزاییەکانە،
- 20
- ئەو هاوڕێمە و داکۆکیم لێ دەکات.
 کاتێک لەبەردەم خودا چاوەکانم فرمێسک دەڕێژن،[b]
- 21
- ئەو لە پێناوی پیاوێک لە خودا دەپاڕێتەوە،
 وەک پاڕانەوەی کەسێک بۆ هاوڕێکەی.
- 22
- «تەمەنم کورتە و بەسەردەچێت،
 لە ڕێگایەکدا دیلم کە لێی ناگەڕێمەوە.
- a. 16:15 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.
- b. 16:20 لە هەندێک وەرگێڕانەکان دەگوترێت: هاوڕێیەکانم گاڵتە پێم دەکەن.

