عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ڕۆحم شکا،
ڕۆژگارم کوژایەوە،
گۆڕ چاوەڕێی منە.
2
بێگومان گاڵتەجاڕان لە دەورمدان و
ناچار تەماشای کێشمەکێشیان بکەم.
3
«تکایە لەلای خۆت ببە پشتگیرم،
بێجگە لە تۆ کێ هەیە ببێتە کەفیلم؟
4
تێگەیشتنت لە مێشکیان شاردووەتەوە،
لەبەر ئەوە بەرزیان ناکەیتەوە.
5
ئەوەی لە پێناوی پارە پەنجەی تاوان بۆ هاوڕێیەکانی ڕادەکێشێت،
نەبوونی چاوی منداڵەکانی دەپوکێنێتەوە.
6
«منی کردە پەندی گەلان و
بووم بەوەی تف لە ڕووم بکرێت.
7
چاوەکانم لەبەر خەم کز بوون،
هەموو ئەندامەکانم زۆر لاواز بوون.
8
ئەوانەی ڕاستن بەمە سەرسام دەبن و
بێتاوان بەسەر خوانەناسدا ڕادەپەڕێت.
9
کەسی ڕاستودروست ڕێگای خۆی دەگرێت و
ئەوەی دەست پاکە هێزی بۆ زیاد دەکرێت.
10
«ئێستا وەرنەوە، دووبارە هەوڵ بدەن،
بەڵام من هیچ دانایەکتان تێدا نادۆزمەوە.
11
ڕۆژگارم بەسەرچوو، مەبەستەکانم هەڵکەنران.
لەگەڵ ئەوەشدا ئارەزووەکانی دڵم
12
شەو دەکەن بە ڕۆژ،
لە تاریکیدا ڕووناکی بە نزیک دەبینن.
13
ئەگەر هیوا بخوازم جیهانی مردووان ببێت بە ماڵم و
لە تاریکیدا نوێنەکەم ڕابخەم،
14
ئەگەر بە گۆڕم گوت: ”تۆ باوکی منیت،“
بە کرمیش: ”تۆ دایکی منیت“ یان ”خوشکی منیت،“
15
ئیتر ئومێدم کوا؟
کێ تەماشای ئومێدم دەکات؟
16
ئایا بەرەو قووڵایی جیهانی مردووان دەچێتە خوارەوە؟
ئایا پێکەوە لەناو خۆڵ شۆڕدەبینەوە؟»