عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
قسه‌ی پێنجه‌می ئه‌یوب 
1
ئه‌یوبیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌:
2
«زۆرم له‌مانه‌ گوێ لێ بووه‌،
هه‌موو دڵنه‌واییه‌كه‌تان برینداركه‌رن!
3
ئایا قسه‌ی پووچ كۆتایی هه‌یه‌؟
یان چی ده‌توروژێنێت هه‌تا وه‌ڵام بده‌یته‌وه‌؟
4
منیش وه‌ك ئێوه‌ قسه‌م ده‌كرد،
ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌ جێی من بوونایه‌؛
قسه‌م بۆ ده‌گێڕانه‌وه‌ و
سه‌رم له‌ ئاستتان ده‌له‌قاند.
5
به‌ڵام به‌ ده‌م هانم ده‌دان و
جوڵه‌ی لێوه‌كانم ڕایده‌گرتن.
6
«ئه‌گه‌ر قسه‌ بكه‌م له‌ خه‌مۆكیه‌كه‌م كه‌م نابێته‌وه‌،
ئه‌گه‌ر بێده‌نگیش بم لێم دوور ناكه‌وێته‌وه‌.
7
ئه‌ی خودایه‌ تۆ ئێستا بێزارت كردووم،
هه‌موو كه‌سوكاره‌كه‌ی منت تێكداوه‌.
8
سستت كردم، سستییه‌كه‌م بووه‌ شایه‌ت،
لاوازییه‌كه‌م لێم هه‌ستاوه‌، به‌ره‌وڕوو شایه‌تیم له‌سه‌ر ده‌دات.
9
تووڕه‌ییه‌كه‌ی په‌لاماری دام و منی چه‌وسانده‌وه‌،
ددانه‌كانی لێم جیڕكرده‌وه‌،
دوژمنه‌كه‌م چاوی تێبڕیووم.
10
خه‌ڵك ده‌میان لێ داچه‌قاندووم،
به‌ گاڵته‌پێكردنه‌وه‌ زلله‌یان لێده‌دام،
پێكه‌وه‌ گه‌له‌كۆمه‌یان لێكردم.
11
خودا منی دایه‌ ده‌ست زۆردار و
بۆ به‌رده‌ستی خراپه‌كار فڕێیدام.
12
من ئاسووده‌ بووم و ئه‌و جێله‌قی كردم،
پشته‌ملی گرتم و وردوخاشی كردم.
منی كرد به‌ نیشانی خۆی؛
13
تیرهاوێژه‌كانی ده‌وریان دام.
جه‌رگی بڕیم و دڵی نه‌سووتا،
زراوی منی به‌سه‌ر زه‌ویدا ڕشت.
14
جار له‌دوای جار شه‌قم ده‌كات،
وه‌ك جه‌نگاوه‌رێك هێرش ده‌كاته‌ سه‌رم.
15
«جلوبه‌رگی گوشم[a] به‌ پێستمه‌وه‌ دووری و
خۆڵه‌مێشم به‌ سه‌ری خۆمدا كرد.
16
ده‌موچاوم له‌به‌ر گریان سوور هه‌ڵگه‌ڕا و
ڕه‌شی به‌سه‌ر پێڵوی چاومدا هات.
17
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆرداری له‌ ده‌ستی مندا نییه‌ و
نوێژه‌كه‌م بێگه‌رده‌.
18
«ئه‌ی زه‌وی، خوێنه‌كه‌م دامه‌پۆشه‌،
با جێیه‌ك نه‌بێت بۆ هاوارم!
19
ئه‌وه‌تا له‌ ئێستاوه‌ شایه‌ته‌كه‌م له‌ ئاسمانه‌،
پارێزگاره‌كه‌م له‌ به‌رزاییه‌كانه‌،
20
ئه‌و هاوڕێمه‌ و داكۆكیم لێ ده‌كات.
كاتێك له‌به‌رده‌م خودا چاوه‌كانم فرمێسك ده‌ڕێژن،[b]
21
ئه‌و له‌ پێناوی پیاوێك له‌ خودا ده‌پاڕێته‌وه‌،
وه‌ك پاڕانه‌وه‌ی كه‌سێك بۆ هاوڕێكه‌ی.
22
«ته‌مه‌نم كورته‌ و به‌سه‌رده‌چێت،
له‌ ڕێگایه‌كدا دیلم كه‌ لێی ناگه‌ڕێمه‌وه‌.
  1. a. 16‏:15 له‌ كاتی ماته‌مگێڕان و تۆبه‌كردندا جلوبه‌رگی له‌ گوش دروستكراویان له‌به‌ركردووه‌ كه‌ ئه‌زیه‌تی پێستیانی داوه‌.
  2. b. 16‏:20 له‌ هه‌ندێك وه‌رگێڕانه‌كان ده‌گوترێت: هاوڕێیه‌كانم گاڵته‌ پێم ده‌كه‌ن.