عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
وه‌ڵامی دووه‌می ئه‌لیفاز 
1
ئه‌لیفازی تێمانیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌:
2
«ئایا كه‌سی دانا به‌ نه‌زانی وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ و
مێشكی به‌ شتی هیچوپووچ پڕ ده‌كات؟
3
ئایا به‌ قسه‌ی بێ سوود به‌ڵگه‌ دێنێته‌وه‌ و
به‌و لێدوانانه‌ی قازانجی لێ ناكات؟
4
به‌ڵام تۆ له‌خواترسی پێشێل ده‌كه‌یت و
خه‌ڵك له‌ خواپه‌رستی دوور ده‌خه‌یته‌وه‌.
5
بێگومان گوناهه‌كانت ده‌مت فێر ده‌كه‌ن و
زمانی ته‌ڵه‌كه‌بازی هه‌ڵده‌بژێریت.
6
زمانی خۆت تاوانبارت ده‌كات، نه‌ك من،
لێوه‌كانت له‌ دژت شایه‌تی ده‌ده‌ن.
7
«ئایا تۆ یه‌كه‌م مرۆڤ بوویت له‌دایك بوویت؟
یان له‌پێش گرده‌كانه‌وه‌ دروستبوویت؟
8
ئایا له‌ ئه‌نجومه‌نی خودا[a] گوێت گرتبوو؟
ئایا داناییت به‌ باڵای خۆتدا بڕاندووه‌ته‌وه‌؟
9
چی ده‌زانیت كه‌ ئێمه‌ نایزانین،
چی تێده‌گه‌یت كه‌ له‌لای ئێمه‌ نه‌بێت؟
10
پیر و ڕیش سپی وامان له‌ناودایه‌،
ته‌مه‌نی له‌ باوكت زیاتره‌.
11
ئایا دڵنه‌واییه‌كانی خودا و
به‌ نه‌رمی قسه‌كردن له‌گه‌ڵت كه‌مه‌؟
12
بۆچی دڵت ده‌تبات و
بۆچی چاوه‌كانت ده‌بریسكێنه‌وه‌،
13
بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆحت له‌ دژی خودا وه‌ربگێڕیت و
قسه‌ی وا له‌ ده‌مت بهێنیته‌ ده‌ره‌وه‌؟
14
«مرۆڤ كێیه‌ هه‌تا بێگه‌رد بێت و
له‌دایكبوو له‌ ژن كێیه‌ هه‌تا ڕاستودروست بێت؟
15
ئه‌گه‌ر خودا متمانه‌ به‌ پیرۆزه‌كانی خۆی ناكات،
كه‌واته‌ ئاسمان له‌به‌رچاوی بێگه‌رد نییه‌،
16
ئیتر مرۆڤ كه‌ ناڕه‌وایی وه‌ك ئاو ده‌خواته‌وه‌
ده‌بێت چه‌ند قێزه‌ون و گه‌نده‌ڵ بێت؟
17
«من پێت ده‌ڵێم گوێم لێ بگره‌،
باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ بینیم،
18
ئه‌وه‌ی دانایان له‌ باوباپیرانیانه‌وه‌ پێیان ڕاگه‌یه‌نراوه‌ و
ئه‌وانیش نه‌یانشاردووه‌ته‌وه‌،
19
ئه‌وانه‌ی خاكه‌كه‌ ته‌نها به‌وان دراوه‌ و
هیچ نامۆیه‌ك به‌ناویاندا تێنه‌په‌ڕیوه‌.
20
به‌دكار ڕۆژانه‌ ده‌تلێته‌وه‌،
ژماره‌ی ساڵانی سته‌مكاریش دیاریكراوه‌.
21
ده‌نگێكی ترسناك له‌ گوێیه‌كانیه‌تی و
له‌ ساتی ئاشتیدا تێكده‌ر بۆی دێت.
22
له‌و باوه‌ڕه‌دا نییه‌ له‌ تاریكی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؛
چاوه‌ڕوانی شمشێره‌.
23
ئه‌و وێڵه‌ و ده‌بێته‌ نێچیری سیساركه‌ كه‌چه‌ڵ،
ده‌زانێت كه‌ ڕۆژی تاریكی نزیكه‌.
24
ته‌نگانه‌ و ئازار ده‌یتۆقێنن و
به‌سه‌ریدا زاڵن وه‌ك پاشایه‌كی ئاماده‌ بۆ په‌لاماردان،
25
چونكه‌ به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ ده‌ستی له‌ خودا ڕاده‌وه‌شێنێت،
له‌ دژی خودای هه‌ره‌ به‌ توانا پاڵه‌وانیێتی نواند،
26
به‌ كه‌لله‌ڕه‌قییه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌و ڕایكرد
به‌ قه‌ڵغانه‌ ئه‌ستوور و به‌هێزه‌كه‌یه‌وه‌.
27
«هه‌رچه‌نده‌ ده‌موچاوی به‌ چه‌وری داپۆشی و
ناوقه‌دی خۆی به‌ پیو[b] ئه‌ستوور كرد،
28
به‌ڵام له‌ شارۆچكه‌ی كاولبوو نیشته‌جێ ده‌بێت،
له‌و ماڵانه‌ی كه‌سی تێدا ناژیێت و
خه‌ریكن ده‌بنه‌ كه‌لاوه‌.
29
له‌مه‌ودوا ده‌وڵه‌مه‌ند نابێت و سامانه‌كه‌ی جێگیر نابێت،
ده‌ستكه‌وتی له‌ناو زه‌ویدا به‌رفراوان نابێت.
30
له‌ تاریكی ده‌رباز نابێت،
كڵپه‌ی گڕێك پۆپكه‌كانی وشك ده‌كات و
به‌ فووێكی ده‌می نامێنێت.
31
جێی باوه‌ڕ نابێت
به‌ شتی پووچ وێڵ ده‌بێت،
چونكه‌ شتی پووچ ده‌بێت به‌ كرێیه‌كه‌ی.
32
پێش ئه‌وه‌ی ڕۆژی خۆی ته‌واو بێت،
ده‌فه‌وتێت و گه‌ڵاكه‌ی سه‌وز نابێت.
33
وه‌ك ترێ په‌سیره‌كانی[c] ده‌كه‌وێت و
وه‌ك زه‌یتوون گوڵه‌كه‌ی هه‌ڵده‌وه‌رێت.
34
چونكه‌ كۆمه‌ڵی خوانه‌ناسان چۆڵوهۆڵ ده‌بێت،
ئاگریش ڕه‌شماڵی به‌رتیلخۆران ده‌سووتێنێت.
35
به‌ ئاژاوه‌ دووگیان بوون و خراپه‌یان بۆ له‌دایك ده‌بێت،
سكیان پیلانی فێڵ و درۆ پێكده‌هێنێت.»
  1. a. 15‏:8 هه‌ندێك له‌ فریشته‌كان له‌به‌رده‌م خودا ئاماده‌ ده‌بن، خودا له‌ فه‌رمایشت و فه‌رمانه‌كانی ده‌كرێ ڕاوێژیان پێ بكات و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ بكات.
  2. b. 15‏:27 پیو: واته‌ به‌ز.
  3. c. 15‏:33 به‌رسیله‌كانی.