عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«مرۆڤی له‌دایكبوو له‌ ژن
ڕۆژگاری كه‌مه‌ و چه‌رمه‌سه‌ری زۆره‌.
2
وه‌ك گوڵ ده‌پشكوێت و پاشان سیس ده‌بێت،
وه‌ك سێبه‌ر ده‌ڕوات و ناوه‌ستێت.
3
جا له‌سه‌ر شتێكی وه‌ك ئه‌مه‌ چاوت زه‌ق كرده‌وه‌ و
ئێستاش ئه‌وانت هێناوه‌ته‌ به‌رده‌م خۆت بۆ دادگایی؟
4
كێ ده‌توانێت پاكێك له‌ گڵاوێك ده‌ربهێنێت؟
بێگومان كه‌س!
5
جا ئه‌گه‌ر ڕۆژانی هه‌ركه‌سێك دیاریكراو بێت و
ژماره‌ی مانگه‌كانی لای تۆ بێت و
كاتێكت بۆ دیاریكردبێت كه‌ لێی تێنه‌په‌ڕێت،
6
ئیتر لێیگه‌ڕێ با پشوو بدات،
هه‌تا وه‌ك ڕه‌نجده‌رێك دڵخۆش بێت به‌ ته‌واوبوونی ڕۆژه‌كه‌ی.
7
«چونكه‌ دار داخوازییه‌كی هه‌یه‌،
ئه‌گه‌ر بڕایه‌وه‌ چه‌كه‌ره‌ بكات و دووباره‌ شین بێته‌وه‌ و
لقوپۆپی تازه‌ ده‌ربكات.
8
ئه‌گه‌ر ڕه‌گه‌كه‌ی له‌ناو زه‌ویدا كۆنیش بێت و
بنه‌داره‌كه‌ی له‌ناو خۆڵدا بمرێت،
9
هه‌ر كاتێك بۆنی ئاو بكات چه‌كه‌ره‌ ده‌كات و
وه‌ك ڕووه‌كێكی نوێ لق ده‌رده‌كات.
10
به‌ڵام پیاو ده‌مرێت و له‌ناوده‌چێت؛
مرۆڤ ڕۆح به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌دات و بوونی نابێت.
11
هه‌روه‌ك ئاوه‌كان له‌ناو ده‌ریاچه‌ نامێنن و
ڕووبار ئاوی تێدا نامێنێت و وشك ده‌بێت،
12
هه‌روه‌ها مرۆڤیش ڕاده‌كشێت و هه‌ڵناستێته‌وه‌،
له‌ خه‌وه‌كه‌ی خه‌به‌ری نابێته‌وه‌ و به‌ئاگا نایه‌ت
هه‌تا ئاسمان نامێنێت.
13
«خۆزگه‌ له‌ناو جیهانی مردووان له‌چاو ونت ده‌كردم و
ده‌تشاردمه‌وه‌ هه‌تا تووڕه‌ییه‌كه‌ت داده‌مركایه‌وه‌!
خۆزگه‌ كاتێكت بۆ دیاری ده‌كردم و
به‌بیرت ده‌هاتمه‌وه‌!
14
ئه‌گه‌ر پیاوێك بمرێت، ئایا زیندوو ده‌بێته‌وه‌؟
هه‌موو ڕۆژانم تێكۆشانه‌،
ئارام ده‌گرم هه‌تا ده‌رووم لێ ده‌كرێته‌وه‌.
15
بانگم ده‌كه‌یت من وه‌ڵامت ده‌ده‌مه‌وه‌،
تامه‌زرۆ ده‌بیت بۆ ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ی كه‌ دروستت كرد.
16
بێگومان ئه‌و كاته‌ چاودێری هه‌نگاوه‌كانم ده‌كه‌یت،
به‌ڵام تێبینی گوناهه‌كه‌م ناكه‌یت.
17
یاخیبوونه‌كه‌م گرێی لێدراوه‌ له‌ناو بوخچه‌یه‌ك،
تاوانه‌كه‌م ده‌شاریته‌وه‌.
18
«هه‌روه‌ك چۆن كه‌ چیا بكه‌وێت پارچه‌پارچه‌ ده‌بێت و
تاشه‌به‌رد له‌ جێی خۆی ده‌له‌قێت،
19
ئاو به‌رد ده‌سووێنێت و
لافاو خۆڵی زه‌وی ڕاده‌ماڵێت،
به‌و جۆره‌ تۆش هیوای مرۆڤ له‌ناوده‌به‌یت.
20
بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ به‌سه‌ریدا زاڵ ده‌بیت و كۆتایی پێ دێت،
ڕووی ده‌گۆڕیت و ده‌ریده‌كه‌یت.
21
ئه‌گه‌ر كوڕه‌كانی ڕێزیان لێ بگیرێت، پێی نازانێت،
ئه‌گه‌ر له‌ پله‌وپایه‌شیان نزم بكرێته‌وه‌، ئاگای لێ نییه‌.
22
ته‌نها هه‌ست به‌ ئازاری خۆی ده‌كات و
داخ بۆ حاڵی خۆی ده‌خوات.»