عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«چاوه‌كانم هه‌موو ئه‌مانه‌ی بینیوه‌،
گوێیه‌كانم بیستوویانه‌ و تێیان گه‌یشتووم.
2
وه‌ك زانینی ئێوه‌ منیش زانیومه‌؛
من له‌ ئێوه‌ كه‌متر نیم.
3
به‌ڵام من له‌گه‌ڵ تواناداره‌كه‌ قسه‌ ده‌كه‌م،
ده‌مه‌وێت له‌لای خودا دادگایی بكرێم.
4
به‌ڵام ئێوه‌ درۆم بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن،
هه‌مووتان پزیشكی بێ كه‌ڵكن.
5
خۆزگه‌ به‌ ته‌واوی بێده‌نگ ده‌بوون!
ئه‌وه‌ بۆتان ده‌بوو به‌ دانایی.
6
ئێستا گوێ له‌ به‌هانه‌م بگرن و
بۆ سكاڵای لێوه‌كانم گوێ شل بكه‌ن.
7
ئایا به‌ ده‌م خوداوه‌ به‌دی ده‌كه‌ن؟
ئایا به‌ ده‌م خوداوه‌ درۆ ده‌كه‌ن؟
8
ئایا لایه‌نگری ده‌كه‌ن،
یان بۆ خودا مشتومڕ ده‌كه‌ن؟
9
ئه‌گه‌ر تاقیتان بكاته‌وه‌، ئایا ده‌رده‌چن
یان ده‌تانه‌وێت وه‌ك مرۆڤ هه‌ڵیبخه‌ڵه‌تێنن؟
10
بێگومان سه‌رزه‌نشتتان ده‌كات
ئه‌گه‌ر به‌ نهێنی لایه‌نگری بكه‌ن.
11
ئایا شكۆمه‌ندییه‌كه‌ی ناتانترسێنێت و
ترسی ئه‌و ده‌ستتان به‌سه‌ردا ناكێشێت؟
12
یاده‌وه‌ری و په‌نده‌كانتان ته‌نها خۆڵه‌مێشه‌ و
به‌رگرییه‌كانتان به‌رگرییه‌ له‌ قوڕ.
13
«لێم بێده‌نگ بن، من قسه‌ ده‌كه‌م و
ئه‌وه‌ی به‌سه‌رم دێت با بێت!
14
بۆچی من كێشه‌ بۆ خۆم دروستبكه‌م،
ژیانی خۆم بخه‌مه‌ مه‌ترسییه‌وه‌؟
15
ئه‌گه‌ر بشمكوژێت هه‌ر پشتی پێی ده‌به‌ستم،
له‌به‌رده‌میدا ته‌نها مشتومڕ له‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتم ده‌كه‌م.
16
هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ بۆ ڕزگاریمه‌،
كه‌ خوانه‌ناس نایه‌ته‌ به‌رده‌می.
17
به‌ ته‌واوی گوێ له‌ قسه‌كانم بگرن و
ئه‌وه‌ی ڕایده‌گه‌یه‌نم با گوێتان لێی بێت.
18
ئه‌وه‌تا من به‌ باشی سكاڵای خۆمم خستووه‌ته‌ ڕوو،
ده‌زانم ئه‌ستۆپاك ده‌رده‌چم.
19
كێیه‌ ئه‌وه‌ی مشتومڕم له‌گه‌ڵ ده‌كات،
تاكو هه‌ر ئێستا بێده‌نگ بم و ڕۆح به‌ده‌سته‌وه‌ بده‌م؟
20
«ئه‌ی خودا، ته‌نها به‌م دوو كاره‌ پشتگیریم بكه‌،
ئیتر له‌به‌رده‌مت ون نابم.
21
ده‌ستت لێم دووربخه‌وه‌ و
با سامی تۆ نه‌مترسێنێت.
22
ئینجا بانگم بكه‌ و من وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه‌،
یان من قسه‌ ده‌كه‌م و تۆ وه‌ڵامم بده‌وه‌.
23
چه‌ند تاوان و گوناهم هه‌یه‌؟
یاخیبوون و گوناهه‌كه‌ی خۆمم پێ بناسێنه‌.
24
بۆچی ڕووی خۆت ده‌شاریته‌وه‌ و
به‌ دوژمنی خۆت دامده‌نێیت؟
25
ئایا گه‌ڵایه‌كی هه‌ڵوه‌ریو پان ده‌كه‌یته‌وه‌؟
ئایا به‌دوای پووشی وشكدا ڕاده‌كه‌یت؟
26
چونكه‌ تۆ به‌ تاڵی له‌ دژم ده‌نووسیت و
له‌سه‌ر تاوانه‌كانی لاویێتیم سزام ده‌ده‌یت.
27
جا پێیه‌كانی منت خستووه‌ته‌ ناو كۆته‌وه‌ و
چاوت بڕیوه‌ته‌ هه‌موو ڕێڕه‌وه‌كانم و
شوێن پێیه‌كانم ده‌پشكنیت.
28
«وه‌ك دارێكی كلۆر له‌ناو ده‌چم،
وه‌ك جلێك كه‌ مۆرانه‌ لێی دابێت.