عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«چاوەکانم هەموو ئەمانەی بینیوە،
گوێیەکانم بیستوویانە و تێیان گەیشتووم.
2
وەک زانینی ئێوە منیش زانیومە؛
من لە ئێوە کەمتر نیم.
3
بەڵام من لەگەڵ توانادارەکە قسە دەکەم،
دەمەوێت لەلای خودا دادگایی بکرێم.
4
بەڵام ئێوە درۆم بۆ هەڵدەبەستن،
هەمووتان پزیشکی بێ کەڵکن.
5
خۆزگە بە تەواوی بێدەنگ دەبوون!
ئەوە بۆتان دەبوو بە دانایی.
6
ئێستا گوێ لە بەهانەم بگرن و
بۆ سکاڵای لێوەکانم گوێ شل بکەن.
7
ئایا بە درۆ بەرگری لە خودا دەکەن؟
ئایا بە دەم خوداوە درۆ دەکەن؟
8
ئایا لایەنگری دەکەن،
یان بۆ خودا مشتومڕ دەکەن؟
9
ئەگەر تاقیتان بکاتەوە، ئایا دەردەچن
یان دەتانەوێت وەک مرۆڤ هەڵیبخەڵەتێنن؟
10
بێگومان سەرزەنشتتان دەکات
ئەگەر بە نهێنی لایەنگری بکەن.
11
ئایا شکۆمەندییەکەی ناتانترسێنێت و
ترسی ئەو دەستتان بەسەردا ناکێشێت؟
12
یادەوەری و پەندەکانتان تەنها خۆڵەمێشە و
بەرگرییەکانتان بەرگرییە لە قوڕ.
13
«لێم بێدەنگ بن، من قسە دەکەم و
ئەوەی بەسەرم دێت با بێت!
14
بۆچی من کێشە بۆ خۆم دروستبکەم،
ژیانی خۆم بخەمە مەترسییەوە؟
15
ئەگەر بشمکوژێت هەر پشتی پێ دەبەستم،
لەبەردەمیدا تەنها مشتومڕ لەسەر هەڵسوکەوتم دەکەم.
16
هەروەها ئەمە بۆ ڕزگاریمە،
کە خوانەناس نایەتە بەردەمی.
17
بە تەواوی گوێ لە قسەکانم بگرن و
ئەوەی ڕایدەگەیەنم با گوێتان لێی بێت.
18
ئەوەتا من بە باشی سکاڵای خۆمم خستووەتە ڕوو،
دەزانم ئەستۆپاک دەردەچم.
19
کێیە ئەوەی مشتومڕم لەگەڵ دەکات،
تاکو هەر ئێستا بێدەنگ بم و ڕۆح بەدەستەوە بدەم؟
20
«ئەی خودا، تەنها بەم دوو کارە پشتگیریم بکە،
ئیتر لەبەردەمت ون نابم.
21
دەستت لێم دووربخەوە و
با سامی تۆ نەمترسێنێت.
22
ئینجا بانگم بکە و من وەڵام دەدەمەوە،
یان من قسە دەکەم و تۆ وەڵامم بدەوە.
23
چەند تاوان و گوناهم هەیە؟
یاخیبوون و گوناهەکەی خۆمم پێ بناسێنە.
24
بۆچی ڕووی خۆت دەشاریتەوە و
بە دوژمنی خۆت دامدەنێیت؟
25
ئایا گەڵایەکی هەڵوەریو پان دەکەیتەوە؟
ئایا بەدوای پووشی وشکدا ڕادەکەیت؟
26
تۆ بە تاڵی لە دژم دەنووسیت و
لەسەر تاوانەکانی لاویێتیم سزام دەدەیت.
27
جا پێیەکانی منت خستووەتە ناو کۆتەوە و
چاوت بڕیوەتە هەموو ڕێڕەوەکانم و
شوێن پێیەکانم دەپشکنیت.
28
«وەک دارێکی کلۆر لەناو دەچم،
وەک جلێک کە مۆرانە لێی دابێت.