عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - تێرکردنی پێنج هەزار کەس
 - 1
 - دوای ئەمە عیسا چوو بۆ ئەوبەری دەریاچەی جەلیل، کە دەریاچەی تەبەرییەیە،
 - 2
 - ئاپۆرەیەک لە خەڵک دوای کەوتبوون، چونکە ئەو پەرجووانەیان بینیبوو کە لە نەخۆشەکاندا دەیکرد.
 - 3
 - ئینجا عیسا چووە سەر شاخ و لەوێ لەگەڵ قوتابییەکانی دانیشت.
 - 4
 - جەژنی پەسخەی جولەکەش نزیک بوو.
 - 5
 - کاتێک عیسا چاوی هەڵبڕی و خەڵکێکی لە ڕادەبەدەر زۆری بینی دەهاتنە لای، بە فیلیپۆسی فەرموو: «لەکوێ نان بکڕین و ئەمانە نان بدەین؟»
 - 6
 - ئەمەی گوت بۆ ئەوەی تاقی بکاتەوە، چونکە خۆی دەیزانی دەبێت چی بکات.
 - 7
 - فیلیپۆس وەڵامی دایەوە: «بایی دوو سەد دیناریش[a]  نان بەشیان ناکات، ئەگەر هەریەکەیان کەمێکی بەرکەوێت.»
 - 8
 - یەکێک لە قوتابییەکانی کە ئەندراوسی برای شیمۆن پەترۆس بوو پێی گوت:
 - 9
 - «کوڕێک لێرەیە پێنج نانی جۆ و دوو ماسی پێیە. بەڵام ئەوەندە چییە بۆ ئەم هەمووە؟»
 - 10
 - عیسا فەرمووی: «خەڵکەکە دابنیشێنن.» ئەو شوێنە گیایەکی زۆری لێبوو، جا پیاوەکان کە پێنج هەزار دەبوون دانیشتن.
 - 11
 - عیساش نانەکانی وەرگرت و سوپاسی خودای کرد، پاشان بەپێی پێویست دابەشی کرد بەسەر ئەوانەدا کە دانیشتبوون. بۆ ماسییەکانیش هەمان شتی کرد.
 - 12
 - کاتێک هەمووان تێربوون، عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ئەو پەلکەنانەی ماوەتەوە کۆی بکەنەوە تاکو هیچ بەفیڕۆ نەڕوات.»
 - 13
 - ئەوانیش کۆیان کردەوە و دوازدە سەبەتەیان پڕکرد لەو پەلکەنانەی ئەو پێنج نانە جۆیەی لە نانخۆران مابووەوە.
 - 14
 - لەبەر ئەوە کە خەڵکەکە بینییان عیسا چ پەرجووێکی کرد، گوتیان: «بە ڕاستی ئەمە پێغەمبەرەکەیە[b] کە بۆ جیهان دێت.»
 - 15
 - عیسا زانی ئەوان بە نیازن بێن و بیگرن تاکو بیکەنە پاشا، دیسان بە تەنها چووە سەر شاخ.
 - عیسا بەسەر ئاودا دەڕوات
 - 16
 - کاتێک ئێوارە داهات قوتابییەکانی بۆ لای دەریاچەکە چوونە خوارەوە،
 - 17
 - سواری بەلەمێک بوون و بە دەریاچەدا بۆ کەفەرناحوم کەوتنەڕێ. تاریک داهات و عیسا هەر نەگەیشتە لایان.
 - 18
 - ڕەشەبا هەڵیکرد و دەریاچە هەڵچوو.
 - 19
 - کە نزیکەی بیست و پێنج تاکو سی تیرهاوێژ[c] سەوڵیان لێدابوو، عیسایان بینی بەسەر ئاوەکەدا دەڕوات و لە بەلەمەکە نزیک دەبێتەوە، جا ترسان.
 - 20
 - بەڵام پێی فەرموون: «ئەوە منم، مەترسن!»
 - 21
 - کە ڕازی بوون سواری بەلەمەکەی بکەن، دەستبەجێ بەلەمەکە گەیشتە ئەو کەنارەی بۆی دەچوون.
 - 22
 - بۆ بەیانی، ئەو خەڵکەی لەوبەری دەریاچەکە ڕاوەستابوون بینییان لە بەلەمێک زیاتر لەوێ نەبوو، عیساش لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەم نەبوو، بەڵکو قوتابییەکانی بە تەنها بەڕێکەوتبوون.
 - 23
 - ئینجا بەلەمی دیکە لە شاری تەبەرییەوە هاتنە نزیک ئەو شوێنەی نانەکەیان لێی خوارد کە عیسای خاوەن شکۆ سوپاسی خودای کرد.
 - 24
 - کاتێک خەڵکەکە بینییان نە عیسا لەوێیە و نە قوتابییەکانی، سواری بەلەمەکان بوون و چوونە کەفەرناحوم، بۆ ئەوەی بەدوای عیسادا بگەڕێن.
 - منم نانی ژیان
 - 25
 - کە لەوبەری دەریاچەکە دۆزییانەوە، لێیان پرسی: «ڕابی، کەی گەیشتییە ئێرە؟»
 - 26
 - عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن نەک لەبەر ئەوەی نیشانەکانتان بینی، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە نانەکەتان خوارد و تێر بوون.
 - 27
 - بۆ خۆراکێک ئیش مەکەن کە لەناودەچێت، بەڵکو بۆ خۆراکێک کە بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەمێنێتەوە، ئەوەی کوڕی مرۆڤ دەتانداتێ، چونکە ئەمە خودای باوک مۆری لێداوە.»
 - 28
 - لەبەر ئەوە لێیان پرسی: «چی بکەین تاکو کارەکانی خودا بکەین؟»
 - 29
 - عیسا وەڵامی دانەوە: «کاری خودا ئەمەیە: باوەڕ بهێنن بەوەی ناردوویەتی.»
 - 30
 - ئەوانیش لێیان پرسی: «چ پەرجووێک دەکەیت تاکو بیبینین و باوەڕت پێ بکەین؟ چی دەکەیت؟
 - 31
 - باوباپیرانمان لە چۆڵەوانی مەنیان[d]  خوارد، وەک نووسراوە: ﴿لە ئاسمانەوە نانی دانێ تاکو بیخۆن.﴾[e] »
 - 32
 - عیساش پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: موسا نەبوو نانەکەی لە ئاسمانەوە دانێ، بەڵکو باوکمە لە ئاسمانەوە نانی ڕاستیتان دەداتێ،
 - 33
 - چونکە نانی خودا ئەوەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە و ژیان دەبەخشێتە جیهان.»
 - 34
 - لەبەر ئەوە پێیان گوت: «گەورەم، هەموو کاتێک ئەو نانەمان بدەرێ.»
 - 35
 - عیساش پێی فەرموون: «منم نانی ژیان. ئەوەی بێتە لام هەرگیز برسی نابێت، ئەوەش باوەڕم پێ بهێنێت هەرگیز تینووی نابێت.
 - 36
 - بەڵام پێم گوتن، منتان بینیوە و باوەڕیش ناهێنن.
 - 37
 - هەرکەسێک باوکم دەیداتە من دێتە لام، ئەوەش بێتە لام، هەرگیز دەریناکەم.
 - 38
 - من لە ئاسمانەوە دابەزیوم، نەک بۆ ئەوەی خواستی خۆم ئەنجام بدەم، بەڵکو خواستی ئەوەی ناردوومی.
 - 39
 - ئەمەش خواستی ئەوەیە کە منی ناردووە، هیچ کەسێک لەوانە لەدەست نەدەم کە پێی داوم، بەڵکو لە ڕۆژی دواییدا زیندوویان دەکەمەوە.
 - 40
 - خواستی باوکم ئەمەیە: هەرکەسێک تەماشای کوڕەکە بکات و باوەڕی پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی دەبێت، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە.»
 - 41
 - جولەکەش دەستیان کرد بە بۆڵەبۆڵکردن، چونکە فەرمووی: «منم ئەو نانەی لە ئاسمانەوە دابەزیوە.»
 - 42
 - گوتیان: «ئەمە عیسای کوڕی یوسف نییە، کە دایک و باوکی دەناسین؟ ئێستا چۆن دەڵێت ”لە ئاسمانەوە دابەزیوم“؟»
 - 43
 - عیساش وەڵامی دانەوە و پێی گوتن: «لەناو خۆتاندا بۆڵەبۆڵ مەکەن.
 - 44
 - کەس ناتوانێت بێتە لام ئەگەر باوک ڕاینەکێشێت، ئەوەی ناردوومی، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە.
 - 45
 - لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە: ﴿هەموو لە خوداوە فێر دەبن.﴾[f] جا ئەوەی لە باوکەوە بیستبێتی و فێربووبێت دێتە لام.
 - 46
 - کەس باوکی نەبینیوە جگە لەوەی لە خوداوەیە، تەنها ئەوەی لە خوداوەیە باوکی بینیوە.
 - 47
 - ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەیە.
 - 48
 - منم نانی ژیان.
 - 49
 - باوباپیرانتان لە چۆڵەوانیدا مەنیان خوارد و مردن.
 - 50
 - بەڵام ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، تاکو ئەوەی لێی بخوات نەمرێت.
 - 51
 - منم ئەو نانە زیندووەی کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە. ئەگەر یەکێک لەم نانە بخوات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت. ئەو نانەش کە بۆ ژیانی جیهان دەیبەخشم، جەستەمە.»
 - 52
 - جولەکەکان لەناو خۆیان دەمەقاڵەیان بوو و دەیانگوت: «ئەمە چۆن دەتوانێ جەستەی خۆیمان بداتێ بیخۆین؟»
 - 53
 - لەبەر ئەوە عیسا پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر جەستەی کوڕی مرۆڤ نەخۆن و خوێنی نەخۆنەوە، ژیان لە ناختاندا نابێت.
 - 54
 - ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە ژیانی هەتاهەتایی هەیە، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە،
 - 55
 - چونکە جەستەم خۆراکی ڕاستەقینەیە و خوێنیشم خواردنەوەی ڕاستەقینە.
 - 56
 - ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە بە منەوە پەیوەست دەبێت و منیش بەوەوە.
 - 57
 - وەک باوکی زیندوو ناردوومی، منیش بەو باوکە زیندووم، ئاواش ئەوەی لە جەستەی من بخوات بەهۆی منەوە دەژیێت.
 - 58
 - ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، نەک وەکو ئەوەی باوباپیران خواردیان و مردن. ئەوەی لەم نانە بخوات هەتاهەتایە دەژیێت.»
 - 59
 - عیسا ئەمانەی لە کاتێکدا فەرموو کە لە کەنیشتی کەفەرناحومدا خەریکی فێرکردنی خەڵک بوو.
 - زۆربەی قوتابییەکان گومان دەکەن
 - 60
 - کاتێک زۆرێک لە قوتابییەکان گوێیان لەو فەرمایشتەی عیسا بوو، گوتیان: «ئەم قسەیە گرانە! کێ دەتوانێت وەریبگرێت؟»
 - 61
 - عیسا لە دڵی خۆیدا زانی قوتابییەکانی بەهۆی ئەمەوە بۆڵەبۆڵ دەکەن، پێی فەرموون: «ئایا ئەمە دەبێتە هۆی ساتمەکردنتان؟
 - 62
 - ئەی ئەگەر ببینن کوڕی مرۆڤ بەرزبێتەوە بۆ ئەو شوێنەی یەکەم جار لێی بوو؟!
 - 63
 - ڕۆحی پیرۆز ژیان دەدات، بەڵام جەستە بە کەڵک نایەت. ئەو قسانەی پێم گوتن ڕۆح و ژیانن.
 - 64
 - بەڵام هەندێکتان باوەڕ ناهێنن.» عیسا هەر لە سەرەتاوە ئەوانەی دەناسی کە باوەڕ ناهێنن، هەروەها دەیزانی کێ بە گرتنی دەدات.
 - 65
 - ئینجا فەرمووی: «لەبەر ئەوە پێم گوتن، کەس ناتوانێ بێت بۆ لام، مەگەر باوک ڕێگەی پێدابێت.»
 - 66
 - لەو کاتە بەولاوە زۆرێک لە قوتابییەکانی پشتیان تێکرد و ئیتر لەگەڵی نەدەگەڕان.
 - 67
 - لەبەر ئەوە عیسا بە دوازدە قوتابییەکەی فەرموو: «ئەی ئێوە ناتانەوێ بڕۆن؟»
 - 68
 - شیمۆن پەترۆس وەڵامی دایەوە: «گەورەم، بچینە لای کێ؟ وتەکانی ژیانی هەتاهەتایی لەلای تۆیە.
 - 69
 - ئێمەش باوەڕمان هێنا و زانیمان کە تۆ پیرۆزەکەی خودایت.»
 - 70
 - عیسا وەڵامی دانەوە: «ئایا من ئێوەی دوازدەم هەڵنەبژاردووە؟ بەڵام یەکێک لە ئێوە ئیبلیسە!»
 - 71
 - ئەو باسی یەهوزای شیمۆنی ئەسخەریوتی دەکرد، چونکە سەرەڕای ئەوەی کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، بەڵام بەتەمابوو بە گرتنی بدات.
 
- a. 6:7 یەک دینار کرێی ڕۆژانەی کرێکارێک بووە.
 - b. 6:14 پێغەمبەرەکە: ئەو پێغەمبەرەیە کە موسا باسی دەکات. واتا عیسا. بڕوانە دواوتار 18:15، یۆحەنا 1:45.
 - c. 6:19 دەکاتە نزیکەی پێنج هەتا شەش کیلۆمەتر.
 - d. 6:31 مەن: ئەو خۆراکەیە کە خودا لە سەردەمی موسا لە ئاسمانەوە بۆ گەلی ئیسرائیلی باراند. بڕوانە دەرچوون 16:4.
 - e. 6:31 دەرچوون 16:4 و زەبوورەکان 78:24،25.
 - f. 6:45 ئیشایا 54:13
 

