عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
چاككردنه‌وه‌ له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ 
1
له‌دوای ئه‌مه‌ عیسا چوو بۆ ئۆرشه‌لیم چونكه‌ له‌وێ جه‌ژنێكی جوله‌كه‌كان هه‌بوو.
2
له‌ ئۆرشه‌لیم له‌لای ده‌روازه‌ی مه‌ڕ حه‌وزێك هه‌بوو به‌ عیبری پێیان ده‌گوت بێت‌حه‌سدا، به‌ ده‌وریدا پێنج ڕێڕه‌وی سه‌ر داپۆشراو هه‌بوو كه‌ هه‌ردوو لایان به‌ كۆڵه‌كه‌ گیرابوون.
3
له‌وێ خه‌ڵكێكی زۆر ڕاكشابوون، نه‌خۆش و كوێر و شه‌ل و گۆج، ⌟چاوه‌ڕێی جوڵانی ئاوه‌كه‌ بوون،
4
چونكه‌ هه‌ندێك جار فریشته‌یه‌كی یه‌زدان بۆ حه‌وزه‌كه‌ ده‌هاته‌ خواره‌وه‌ و ئاوه‌كه‌ی ده‌جوڵاند، جا ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م كه‌س ده‌چووه‌ ناو حه‌وزه‌كه‌وه‌، هه‌ر نه‌خۆشییه‌كی هه‌بووایه‌ چاك ده‌بووه‌وه‌.⌞
5
كابرایه‌ك له‌وێ بوو سی و هه‌شت ساڵ نه‌خۆش بوو.
6
عیسا ئه‌م كابرایه‌ی بینی پاڵكه‌وتووه‌ و زانی ماوه‌یه‌كی درێژه‌ وایه‌، پێی فه‌رموو: «ده‌ته‌وێ چاكبیته‌وه‌؟»
7
نه‌خۆشه‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «گه‌وره‌م، كاتێك ئاوه‌كه‌ ده‌جوڵێت كه‌سم نییه‌ بمخاته‌ ناو حه‌وزه‌كه‌. كاتێكیش دێم، یه‌كێكی دیكه‌ پێش من ده‌چێته‌ ناوی.»
8
عیساش پێی فه‌رموو: «هه‌سته‌! نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و بڕۆ!»
9
ده‌ستبه‌جێ كابرا چاك بووه‌وه‌، نوێنه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و ڕۆیشت.
ئه‌و ڕۆژه‌ش شه‌ممه‌ بوو،
10
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕابه‌رانی جوله‌كه‌ به‌ كابرای چاكبووه‌وه‌یان گوت: «شه‌ممه‌یه‌ و دروست نییه‌ نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگریت.»
11
كابرا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: «ئه‌وه‌ی چاكیكردمه‌وه‌ پێی فه‌رمووم: ”نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و بڕۆ.“»
12
لێیان پرسی: «ئه‌و پیاوه‌ كێیه‌ كه‌ پێی گوتی: ”هه‌ڵیبگره‌ و بڕۆ“؟»
13
به‌ڵام كابرای چاك بووه‌وه‌ نه‌یده‌زانی كێیه‌، چونكه‌ عیسا له‌ناو ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌وێ بوون به‌ نهێنی دووركه‌وته‌وه‌.
14
دوای ئه‌وه‌ عیسا ئه‌وی له‌ په‌رستگا بینییه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: «ئه‌وه‌تا چاكبوویته‌وه‌. ئیتر گوناه مه‌كه‌، نه‌وه‌ك خراپترت به‌سه‌ربێت.»
15
كابراش چوو و به‌ ڕابه‌رانی جوله‌كه‌ی گوت كه‌ عیسا بووه‌ چاكیكردووه‌ته‌وه‌.
ده‌سه‌ڵاتی مه‌سیح 
16
له‌به‌ر ئه‌مه‌ ڕابه‌رانی جوله‌كه‌ عیسایان چه‌وسانده‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م شتانه‌ی له‌ شه‌ممه‌دا ده‌كرد.
17
به‌ڵام عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: «هه‌تا ئێستا باوكم كار ده‌كات، منیش كار ده‌كه‌م.»
18
له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ جوله‌كه‌كان زیاتر هه‌وڵیان ده‌دا بیكوژن، چونكه‌ ته‌نها شه‌ممه‌ی نه‌ده‌شكاند[a] ، به‌ڵكو ده‌یگوت كه‌ خودا باوكییه‌تی، خۆی له‌گه‌ڵ خودا یه‌كسان ده‌كرد.
19
له‌به‌ر ئه‌وه‌ عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: «ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: كوڕه‌كه‌ ناتوانێت له‌ خۆیه‌وه‌ هیچ شتێك بكات ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ ده‌یبینێت باوك ده‌یكات، چونكه‌ هه‌رچی باوك ده‌یكات، كوڕه‌كه‌ش ده‌یكات.
20
باوك كوڕی خۆی خۆشده‌وێت و هه‌موو ئه‌وه‌ی پیشان ده‌دات كه‌ ده‌یكات، كاری له‌مانه‌ش مه‌زنتری پیشان ده‌دات، تاكو سه‌رسام بن.
21
وه‌ك باوك مردووان هه‌ڵده‌ستێنێته‌وه‌ و زیندوو ده‌كاته‌وه‌، كوڕه‌كه‌ش ئه‌وه‌ی بیه‌وێت زیندووی ده‌كاته‌وه‌.
22
هه‌روه‌ها باوك كه‌س حوكم نادات، به‌ڵكو هه‌موو حوكمدانی داوه‌ته‌ ده‌ست كوڕه‌كه‌،
23
تاكو هه‌موو ڕێزی كوڕه‌كه‌ بگرن هه‌روه‌ك ڕێزی باوك ده‌گرن. ئه‌وه‌ی ڕێزی كوڕه‌كه‌ نه‌گرێ، ڕێزی باوكیش ناگرێ كه‌ ناردوویه‌تی.
له‌ مردنه‌وه‌ به‌ره‌و ژیان 
24
«ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی گوێ له‌ وشه‌كه‌م بگرێت و باوه‌ڕ بهێنێت به‌وه‌ی ناردوومی ژیانی هه‌تاهه‌تایی ده‌بێت و حوكم نادرێت، به‌ڵكو له‌ مردنه‌وه‌ بۆ ژیان گواستراوه‌ته‌وه‌.
25
ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: كاتێك دێت كه‌ ئێستایه‌، كاتێك مردووان ده‌نگی كوڕی خودا ده‌بیستن، گوێگرانیش زیندوو ده‌بنه‌وه‌،
26
چونكه‌ وه‌ك باوك ژیانی له‌ خۆیدا هه‌یه‌، به‌ كوڕه‌كه‌شی داوه‌ ژیانی له‌ خۆیدا هه‌بێت.[b]
27
ده‌سه‌ڵاتی حوكمدانیشی داوه‌تێ، چونكه‌ ئه‌و كوڕی مرۆڤه‌.
28
«له‌مه‌ سه‌رسام مه‌بن، چونكه‌ كاتێك دێت هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ناو گۆڕدان ده‌نگی ده‌بیستن و
29
دێنه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وانه‌ی كرداری چاكیان كردووه‌ هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بژین، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كرداری خراپیان كردووه‌ هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حوكم بدرێن.
30
له‌ خۆمه‌وه‌ ناتوانم هیچ بكه‌م. وه‌ك ده‌بیستم حوكم ده‌ده‌م، حوكمدانه‌كه‌شم دادپه‌روه‌رانه‌یه‌، چونكه‌ داوای خواستی خۆم ناكه‌م، به‌ڵكو خواستی ئه‌وه‌ی ناردوومی.
شایه‌تی باوك بۆ كوڕی خۆی 
31
«ئه‌گه‌ر شایه‌تی بۆ خۆم بده‌م شایه‌تییه‌كه‌م ڕاست نییه‌.
32
یه‌كێكی دیكه‌ شایه‌تیم بۆ ده‌دات، منیش ده‌زانم ئه‌و شایه‌تییه‌ی بۆ منی ده‌دات ڕاسته‌.
33
«له‌دوای یه‌حیاتان نارد، ئه‌ویش شایه‌تی بۆ ڕاستی دا.
34
من شایه‌تی مرۆڤ وه‌رناگرم، ئه‌مانه‌ش ده‌ڵێم تاكو ئێوه‌ ڕزگاربن.
35
ئه‌و چرایه‌كی هه‌ڵگیرساو و بریسكه‌دار بوو، ده‌تانویست ماوه‌یه‌ك به‌ ڕووناكییه‌كه‌ی دڵخۆش بن.
36
«به‌ڵام من شایه‌تییه‌كم هه‌یه‌ له‌وه‌ی یه‌حیا گرنگتره‌، چونكه‌ ئه‌و كارانه‌ی باوكم پێیداوم ته‌واوی بكه‌م، ئه‌م كارانه‌ خۆیان شایه‌تیم بۆ ده‌ده‌ن كه‌ باوكم منی ناردووه‌.
37
باوكیشم كه‌ ناردوومی، خۆی شایه‌تیم بۆ ده‌دات. ئێوه‌ هه‌رگیز ده‌نگیتان نه‌بیستووه‌ و ڕواڵه‌تیتان نه‌بینیوه‌،
38
فه‌رمایشته‌كه‌شی له‌ دڵی ئێوه‌دا نامێنێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناردوویه‌تی ئێوه‌ باوه‌ڕی پێ ناكه‌ن.
39
نووسراوه‌ پیرۆزه‌كان[c] ده‌پشكنن، چونكه‌ واده‌زانن ژیانی هه‌تاهه‌تایی بۆ ئێوه‌ تێدایه‌. ئه‌م نووسراوانه‌ش شایه‌تیم بۆ ده‌ده‌ن،
40
به‌ڵام ناتانه‌وێ بێنه‌ لام تاكو ژیانتان هه‌بێت.
41
«من شكۆ له‌ خه‌ڵك وه‌رناگرم.
42
به‌ڵام ئێوه‌م ناسی كه‌ خۆشه‌ویستی خوداتان له‌ دڵدا نییه‌.
43
به‌ ناوی باوكمه‌وه‌ هاتووم، پێشوازیم لێ ناكه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێكی دیكه‌ به‌ ناوی خۆیه‌وه‌ بێت، پێشوازی لێده‌كه‌ن.
44
چۆن ده‌توانن باوه‌ڕ بهێنن ئه‌گه‌ر شكۆمه‌ندی له‌ یه‌كتری وه‌ربگرن و داوای ئه‌و شكۆمه‌ندییه‌ نه‌كه‌ن كه‌ له‌ تاكه‌ خوداوه‌یه‌؟
45
«وا مه‌زانن من له‌لای باوك سكاڵاتان لێ ده‌كه‌م. یه‌كێك هه‌یه‌ سكاڵاتان لێ بكات، كه‌ موسایه‌، ئه‌وه‌ی هیواتان پێیه‌تی.
46
ئه‌گه‌ر باوه‌ڕتان به‌ موسا بكردایه‌، باوه‌ڕتان به‌ منیش ده‌كرد، چونكه‌ له‌باره‌ی منه‌وه‌ نووسیویه‌تی.
47
ئه‌گه‌ر باوه‌ڕیش به‌ نووسراوی ئه‌و نه‌كه‌ن، چۆن باوه‌ڕ به‌ وته‌كانی من ده‌كه‌ن؟»
  1. a. 5‏:18 یه‌كێك له‌ ڕاسپارده‌ گرنگه‌كانی جوله‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ كردنی هه‌موو كارێك قه‌ده‌غه‌یه‌.
  2. b. 5‏:26 ژیانی له‌ خۆیدا هه‌یه‌: خۆی سه‌رچاوه‌ی ژیانی خۆیه‌تی.
  3. c. 5‏:39 په‌یمانی كۆن.