عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - چاککردنەوەی نەخۆشێک لەلای حەوزی بێتحەسدا
 - 1
 - پاش ماوەیەک لە کاتی جەژنێکی جولەکەدا، عیسا چوو بۆ ئۆرشەلیم.
 - 2
 - لە ئۆرشەلیم لەلای دەروازەی مەڕ حەوزێک هەبوو بە عیبری پێیان دەگوت بێتحەسدا، بە دەوریدا پێنج ڕێڕەوی سەر داپۆشراو هەبوو کە هەردوو لایان بە کۆڵەکە گیرابوون.
 - 3
 - لەوێ خەڵکێکی زۆر ڕاکشابوون، نەخۆش و کوێر و شەل و گۆج، {چاوەڕێی جوڵانی ئاوەکە بوون،
 - 4
 - چونکە هەندێک جار فریشتەیەکی یەزدان دادەبەزی بۆ ناو حەوزەکە و ئاوەکەی دەجوڵاند، جا ئەوەی یەکەم کەس دەچووە ناو حەوزەکەوە، هەر نەخۆشییەکی هەبووایە چاک دەبووەوە.}
 - 5
 - کابرایەک لەوێ بوو کە سی و هەشت ساڵ نەخۆش بوو.
 - 6
 - کاتێک عیسا ئەم کابرایەی بینی پاڵکەوتووە و زانی ماوەیەکی زۆرە وایە، پێی فەرموو: «دەتەوێ چاکبیتەوە؟»
 - 7
 - نەخۆشەکە وەڵامی دایەوە: «گەورەم، کاتێک ئاوەکە دەجوڵێت، کەسم نییە بمخاتە ناو حەوزەکەوە. هەروەها کاتێکیش هەوڵ دەدەم بڕۆم، یەکێکی دیکە پێش من دەچێتە ناوی.»
 - 8
 - عیساش پێی فەرموو: «هەستە! نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ!»
 - 9
 - دەستبەجێ کابرا چاک بووەوە، نوێنەکەی هەڵگرت و ڕۆیشت.
ئەو ڕۆژەش شەممە بوو، - 10
 - لەبەر ئەوە ڕابەرانی جولەکە بە کابرای چاکبووەوەیان گوت: «شەممەیە و دروست نییە نوێنەکەت هەڵگریت.»
 - 11
 - کابرا وەڵامی دانەوە: «ئەوەی چاکیکردمەوە پێی فەرمووم: ”نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ.“»
 - 12
 - لێیان پرسی: «ئەو پیاوە کێیە کە پێی گوتی: ”هەڵیبگرە و بڕۆ“؟»
 - 13
 - بەڵام کابرای چاک بووەوە نەیدەزانی کێیە، چونکە عیسا لەناو ئەو خەڵکەی لەوێ بوون بە نهێنی دوور کەوتەوە.
 - 14
 - دوای ئەوە عیسا ئەوی لە پەرستگا بینییەوە و پێی فەرموو: «ئەوەتا چاکبوویتەوە. ئیتر گوناه مەکە، نەوەک خراپترت بەسەربێت.»
 - 15
 - کابراش چوو و بە ڕابەرانی جولەکەی گوت کە عیسا بووە چاکیکردووەتەوە.
 - دەسەڵاتی مەسیح
 - 16
 - لەبەر ئەوەی کە عیسا ئەم کارانەی لە ڕۆژی شەممەدا دەکرد، ڕابەرانی جولەکە دەستیان کرد بە چەوساندنەوەی.
 - 17
 - بەڵام عیسا لە بەرامبەردا فەرمووی: «هەتا ئێستا باوکم کار دەکات، منیش کار دەکەم.»
 - 18
 - لەبەر ئەم هۆیە جولەکەکان زیاتر هەوڵیان دەدا بیکوژن، چونکە تەنها شەممەی نەدەشکاند[a] ، بەڵکو دەیگوت کە خودا باوکیەتی، خۆی لەگەڵ خودا یەکسان دەکرد.
 - 19
 - لەبەر ئەوە عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کوڕەکە ناتوانێت لە خۆیەوە هیچ شتێک بکات ئەوە نەبێت کە دەیبینێت باوک دەیکات، چونکە هەرچی باوک دەیکات، کوڕەکەش دەیکات.
 - 20
 - باوک کوڕی خۆی خۆشدەوێت و هەموو ئەوەی پیشان دەدات کە دەیکات، کاری لەمانەش مەزنتری پیشان دەدات، تاکو سەرسام بن.
 - 21
 - وەک چۆن باوک مردووان هەڵدەستێنێتەوە و زیندوو دەکاتەوە، کوڕەکەش ئەوەی بیەوێت زیندووی دەکاتەوە.
 - 22
 - هەروەها باوک کەس حوکم نادات، بەڵکو هەموو حوکمدانی داوەتە دەست کوڕەکە،
 - 23
 - تاکو هەموو ڕێزی کوڕەکە بگرن وەک چۆن ڕێزی باوک دەگرن. ئەوەی ڕێزی کوڕەکە نەگرێ، ڕێزی باوکیش ناگرێ کە ناردوویەتی.
 - لە مردنەوە بەرەو ژیان
 - 24
 - «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی گوێ لە وشەکەم بگرێت و باوەڕ بهێنێت بەوەی ناردوومی ژیانی هەتاهەتایی دەبێت و حوکم نادرێت، بەڵکو لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراوەتەوە.
 - 25
 - ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کاتێک دێت کە ئێستایە، کاتێک مردووان دەنگی کوڕی خودا دەبیستن، گوێگرانیش زیندوو دەبنەوە،
 - 26
 - چونکە وەک باوک ژیانی لە خۆیدا هەیە، بە کوڕەکەشی داوە ژیانی لە خۆیدا هەبێت.[b]
 - 27
 - دەسەڵاتی حوکمدانیشی داوەتێ، چونکە ئەو کوڕی مرۆڤە.
 - 28
 - «لەمە سەرسام مەبن، چونکە کاتێک دێت هەموو ئەوانەی لەناو گۆڕدان دەنگی دەبیستن و
 - 29
 - دێنە دەرەوە، ئەوانەی کرداری چاکیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی بژین، بەڵام ئەوانەی کرداری خراپیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی حوکم بدرێن.
 - 30
 - لە خۆمەوە ناتوانم هیچ بکەم. وەک دەبیستم حوکم دەدەم، حوکمدانەکەشم دادپەروەرانەیە، چونکە داوای خواستی خۆم ناکەم، بەڵکو خواستی ئەوەی ناردوومی.
 - شایەتی باوک بۆ کوڕی خۆی
 - 31
 - «ئەگەر خۆم شایەتی بۆ خۆم بدەم شایەتییەکەم ڕاست نییە.
 - 32
 - یەکێکی دیکە شایەتیم بۆ دەدات، منیش دەزانم ئەو شایەتییەی بۆ منی دەدات ڕاستە.
 - 33
 - «نێردراوتان ناردە لای یەحیا، ئەویش شایەتی بۆ ڕاستی دا.
 - 34
 - من شایەتی مرۆڤ وەرناگرم، ئەمانەش دەڵێم تاکو ئێوە ڕزگاربن.
 - 35
 - ئەو چرایەکی هەڵگیرساو و بریسکەدار بوو، دەتانویست ماوەیەک بە ڕووناکییەکەی دڵخۆش بن.
 - 36
 - «بەڵام من شایەتییەکم هەیە لەوەی یەحیا گرنگترە، چونکە ئەو کارانەی باوکم پێیداوم تەواوی بکەم، ئەم کارانە خۆیان شایەتیم بۆ دەدەن کە باوکم منی ناردووە.
 - 37
 - باوکیشم کە ناردوومی، خۆی شایەتیم بۆ دەدات. ئێوە هەرگیز دەنگیتان نەبیستووە و ڕواڵەتیتان نەبینیوە،
 - 38
 - فەرمایشتەکەشی لە دڵی ئێوەدا نامێنێتەوە، چونکە ئەوەی ئەو ناردوویەتی ئێوە باوەڕی پێ ناکەن.
 - 39
 - نووسراوە پیرۆزەکان[c] دەپشکنن، چونکە وا دەزانن ژیانی هەتاهەتایی بۆ ئێوە تێدایە. ئەم نووسراوانەش شایەتیم بۆ دەدەن،
 - 40
 - بەڵام ناتانەوێ بێنە لام تاکو ژیانتان هەبێت.
 - 41
 - «من شکۆ لە خەڵک وەرناگرم.
 - 42
 - بەڵام ئێوەم ناسی کە خۆشەویستی خوداتان لە دڵدا نییە.
 - 43
 - بە ناوی باوکمەوە هاتووم، پێشوازیم لێ ناکەن، بەڵام ئەگەر یەکێکی دیکە بە ناوی خۆیەوە بێت، پێشوازی لێدەکەن.
 - 44
 - چۆن دەتوانن باوەڕ بهێنن ئەگەر شکۆمەندی لە یەکتری وەربگرن و داوای ئەو شکۆمەندییە نەکەن کە لە تاکە خوداوەیە؟
 - 45
 - «وا مەزانن من لەلای باوک سکاڵاتان لێ دەکەم. یەکێک هەیە سکاڵاتان لێ بکات، کە موسایە، ئەوەی هیواتان پێیەتی.
 - 46
 - ئەگەر باوەڕتان بە موسا بکردایە، باوەڕتان بە منیش دەکرد، چونکە لەبارەی منەوە نووسیویەتی.
 - 47
 - ئەگەر باوەڕیش بە نووسراوی ئەو نەکەن، چۆن باوەڕ بە وتەکانی من دەکەن؟»
 
- a. 5:18 یەکێک لە ڕاسپاردە گرنگەکانی جولەکە ئەوەیە کە لە ڕۆژی شەممە کردنی هەموو کارێک قەدەغەیە.
 - b. 5:26 ژیانی لە خۆیدا هەیە: خۆی سەرچاوەی ژیانی خۆیەتی.
 - c. 5:39 پەیمانی کۆن.
 

