عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - فەرمانی کوشتنی عیسا
 - 1
 - ئیتر پیلاتۆس عیسای برد و دایە بەر قامچی.
 - 2
 - سەربازەکان تاجێکیان لە دڕک چنی و خستیانە سەر سەری و کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد.
 - 3
 - لێی دەچوونە پێشەوە، دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای جولەکە!» و زللەیان لێی دەدا.
 - 4
 - دیسان پیلاتۆس هاتە دەرەوە و پێی گوتن: «بۆتانی دەهێنمە دەرەوە تاکو بزانن هیچ خراپەیەکی تێدا نابینم!»
 - 5
 - عیسا بە تاجی دڕکاوی و جلی ئەرخەوانییەوە هاتە دەرەوە، پیلاتۆس پێی گوتن: «ئەوە پیاوەکەیە!»
 - 6
 - کاتێک کاهینانی باڵا و پاسەوانان بینییان، هاواریان کرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!»
پیلاتۆس وەڵامی دانەوە: «ئێوە بیبەن و لە خاچی بدەن، چونکە من خراپەی تێدا نابینم.» - 7
 - ڕابەرانی جولەکە وەڵامیان دایەوە: «تەوراتمان هەیە. بەگوێرەی تەورات دەبێت بمرێت، چونکە خۆی کردووەتە کوڕی خودا.»
 - 8
 - کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسەیە بوو زیاتر ترسا.
 - 9
 - گەڕایەوە ناو کۆشکەکە و بە عیسای گوت: «خەڵکی کوێی؟» بەڵام عیسا هیچ وەڵامێکی نەدایەوە.
 - 10
 - پیلاتۆس پێی گوت: «قسەم بۆ ناکەیت؟ ئایا نازانیت دەسەڵاتم هەیە کە ئازادت بکەم یان لە خاچت بدەم؟»
 - 11
 - عیسا وەڵامی دایەوە: «هیچ دەسەڵاتێکت بەسەر منەوە نییە، مەگەر لە سەرەوە پێت درابێت. لەبەر ئەوە ئەوەی منی داوەتە دەست تۆ گوناهەکەی گەورەترە.»
 - 12
 - ئیتر پیلاتۆس هەوڵی دەدا ئازادی بکات، بەڵام ڕابەرانی جولەکە هاواریان دەکرد: «ئەگەر ئەمە ئازاد بکەیت، دۆستی قەیسەر نیت. هەرکەسێک خۆی بکاتە پاشا، لە دژی قەیسەر دەدوێت.»
 - 13
 - کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسانە بوو، عیسای بردە دەرەوە و لەسەر کورسی دادوەری دانیشت، لە شوێنێک پێی دەگوترێ «بەردڕێژکراو»، کە بە عیبری پێی دەڵێن «گەباسا».
 - 14
 - ڕۆژی ئامادەکاری جەژنی پەسخە بوو، نزیکەی کاتژمێر دوازدە[a]  بوو.
ئینجا پیلاتۆس بە جولەکەکانی گوت: «ئەوەتا پاشاکەتان.» - 15
 - ئەوانیش هاواریان کرد: «بیبە! بیبە! لە خاچی بدە!»
پیلاتۆس لێی پرسین: «پاشاکەتان لە خاچ بدەم؟»
کاهینانی باڵا وەڵامیان دایەوە: «جگە لە قەیسەر پاشامان نییە.» - 16
 - ئیتر پیلاتۆس دایە دەستیان تاکو لە خاچ بدرێت.
سەربازەکانیش عیسایان برد. - لەخاچدان
 - 17
 - عیساش خاچەکەی خۆی هەڵگرت و چوو بەرەو ئەو شوێنەی کە پێی دەگوترا «شوێنی کاسەسەر»، بە عیبریش دەبێتە «گولگۆسا».
 - 18
 - لەوێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە لە خاچیان دا، هەریەکە لە لایەکییەوە، عیساش لە ناوەڕاستیان.
 - 19
 - پیلاتۆسیش تەختەیەکی لەسەر خاچەکە داکوتا کە لەسەری نووسیبوو:
«عیسای ناسیرەیی، پاشای جولەکە.» - 20
 - جولەکەیەکی زۆر نووسراوەکەیان خوێندەوە کە بە عیبری و لاتینی و یۆنانی نووسرابوو، چونکە ئەو شوێنەی عیسای تێدا لە خاچ درابوو لە شارەوە نزیک بوو.
 - 21
 - کاهینانی باڵای جولەکە بە پیلاتۆسیان گوت: «مەنووسە: پاشای جولەکە، بەڵام بنووسە: ”خۆی گوتی من پاشای جولەکەم.“»
 - 22
 - پیلاتۆس وەڵامی دایەوە: «ئەوەی نووسیومە، نووسیومە.»
 - 23
 - کاتێک سەربازەکان عیسایان لە خاچ دا، جلەکانیان برد و کردیان بە چوار بەشەوە، هەر سەربازێک بەشێکی بەرکەوت. کراسەکەشیان برد، کراسەکە بێ دروومان بوو، لەسەرڕا یەک پارچە چنرابوو.
 - 24
 - لەبەر ئەوە بە یەکتریان گوت: «پێویست ناکات بیدڕێنین. با تیروپشکی لەسەر بکەین بزانین بۆ کێ دەبێت.»
ئەمەش ڕوویدا تاکو نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی کە فەرموویەتی:
﴿جلوبەرگەکەی منیان لەنێو خۆیان بەشکرد و
تیروپشکیان لەسەر کراسەکەم کرد.﴾[b]
جا سەربازەکان ئەمەیان کرد. - 25
 - لەلای خاچەکەی عیسا، دایکی و پووری و مریەمی ژنی کلۆپا و مریەمی مەجدەلی ڕاوەستابوون.
 - 26
 - کاتێک عیسا دایکی بینی لەگەڵ ئەو قوتابییەدا ڕاوەستاوە کە ئەم خۆشی دەویست، بە دایکی فەرموو: «ژنەکە، ئەوەتا کوڕی تۆ.»
 - 27
 - بە قوتابییەکەشی فەرموو: «ئەوەتا دایکی تۆ.» ئیتر لەو کاتەوە قوتابییەکە بردییەوە ماڵی خۆی.
 - مردنی عیسا
 - 28
 - پاشان، لەبەر ئەوەی عیسا زانی کە هەموو شتێک تەواو بووە، هەروەها بۆ ئەوەی نووسراوە پیرۆزەکە[c] بێتە دی، فەرمووی: «تینوومە.»
 - 29
 - گۆزەیەکی پڕ لە سرکە دانرابوو، ئیسفەنجێکی پڕ لە سرکەیان خستە سەر لقە زوفایەک و بەرزیان کردەوە بۆ دەمی.
 - 30
 - کاتێک عیسا تامی سرکەکەی کرد، فەرمووی: «تەواو بوو.» لەدوای ئەوە سەری دانەواند و گیانی سپارد.
 - 31
 - پاشان ڕابەرانی جولەکە داوایان لە پیلاتۆس کرد قاچی لەخاچدراوان بشکێنرێن و تەرمەکانیان هەڵبگیردرێن، چونکە ڕۆژی ئامادەکاری بوو، ئەو شەممەیە ڕۆژێکی گەورە بوو، تاکو تەرمەکان لە شەممەدا لەسەر خاچ نەمێنن.
 - 32
 - ئینجا سەربازەکان هاتن و هەردوو قاچی ئەوەی یەکەم و ئەوی دیکەیان شکاند کە لەگەڵ عیسادا لە خاچ درابوون.
 - 33
 - بەڵام کاتێک هاتنە لای عیسا بینییان وا مردووە، قاچییان نەشکاند.
 - 34
 - بەڵام یەکێک لە سەربازەکان ڕمێکی لە کەلەکەی دا، دەستبەجێ خوێن و ئاو دەرچوو.
 - 35
 - ئەو پیاوەی ئەمەی بینی شایەتی دا، شایەتییەکەشی ڕاستە. خۆی دەزانێت کە ڕاست دەڵێت، تاکو ئێوە باوەڕ بهێنن.
 - 36
 - ئەمە ڕوویدا تاکو نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی: ﴿هیچ ئێسکێکی ئەو ناشکێنرێت!﴾[d]
 - 37
 - هەروەها نووسراوێکی پیرۆزی دیکەش دەفەرموێ: ﴿تەماشای ئەوە دەکەن کە ڕمیان لێداوە.﴾[e] 
 - ناشتنی عیسا
 - 38
 - پاش ئەوە یوسفی خەڵکی ڕامە کە لە ترسی ڕابەرانی جولەکە بە نهێنی قوتابی عیسا بوو، داوای لە پیلاتۆس کرد تاکو تەرمی عیسا ببات، پیلاتۆسیش ڕێی دا. ئەویش هات و تەرمەکەی برد.
 - 39
 - نیقۆدیمۆسیش هات، ئەوەی یەکەم جار بە شەو هاتە لای عیسا. لەگەڵ خۆی نزیکەی سی لیتر[f] موڕی[g] تێکەڵاو بە ئەلوای[h] هێنا.
 - 40
 - جا تەرمەکەی عیسایان برد و بە کەتان لەگەڵ بۆن پێچایانەوە، وەک نەریتی جولەکەیە لە کفن کردن.
 - 41
 - لەو شوێنەی عیسای تێدا لە خاچ درا باخچەیەکی لێبوو، لە باخچەکەشدا گۆڕێکی نوێی لێبوو کەسی تێدا نەنێژرابوو.
 - 42
 - لەبەر ڕۆژی ئامادەکاری جولەکەکان عیسایان لەوێ دانا[i] ، چونکە گۆڕەکە نزیک بوو.
 
- a. 19:14 یۆنانی: کاتژمێری شەشەم.
 - b. 19:24 زەبوورەکان 22:18
 - c. 19:28 بڕوانە زەبوورەکان 69:21
 - d. 19:36 دەرچوون 12:46 و زەبوورەکان 34:20.
 - e. 19:37 زەکەریا 12:10.
 - f. 19:39 یۆنانی: سەد لترا دەکاتە نزیکەی سی لیتری سەردەمی ئێستامان.
 - g. 19:39 بڕوانە مەتا 2:11.
 - h. 19:39 ئەلوا: ڕووەکێکی دڕکاوییە وەک (سەباڕ)، شلەیەکی تێدایە بۆ پێست باشە. بڕوانە زەبوورەکان 45:8 هتد.
 - i. 19:42 لە کەلتوری جولەکە مردوو لە شوێنێکی وەک ئەشکەوت دانراوە و دەرگای لەسەر داخراوە. بڕوانە مەتا 27:60.
 

