عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هه‌ستانه‌وه‌ 
1
له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی هه‌فته‌دا[a] ، هێشتا تاریك بوو، مریه‌می مه‌جده‌لی هاته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ و بینی به‌رده‌كه‌ له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ گلۆر كراوه‌ته‌وه‌.
2
ئه‌ویش ڕایكرد و هاته‌ لای شیمۆن په‌ترۆس و ئه‌و قوتابییه‌ی دیكه‌ كه‌ عیسا خۆشی ده‌ویست، پێی گوتن: «گه‌وره‌یان له‌ گۆڕه‌كه‌دا بردووه‌ و نازانین له‌كوێ دایانناوه‌!»
3
ئینجا په‌ترۆس و قوتابییه‌كه‌ی دیكه‌ به‌ره‌و گۆڕه‌كه‌ به‌ڕێكه‌وتن.
4
هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه‌ ڕایانده‌كرد، به‌ڵام قوتابییه‌كه‌ی دیكه‌ پێش په‌ترۆس كه‌وت و زووتر گه‌یشته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌.
5
دانه‌وییه‌وه‌ و بینی كه‌تانه‌كه‌ دانراوه‌، به‌ڵام نه‌چووه‌ ژووره‌وه‌.
6
ئینجا شیمۆن په‌ترۆس كه‌ دوایكه‌وتبوو هات و چووه‌ ناو گۆڕه‌كه‌، بینی كه‌تانه‌كه‌ دانراوه‌.
7
ده‌سته‌سڕه‌كه‌ش كه‌ به‌ سه‌ری عیساوه‌ بوو له‌گه‌ڵ كه‌تانه‌كه‌ دانه‌نرابوو، به‌ڵكو به‌ جیا له‌ جێیه‌ك پێچرابووه‌وه‌.
8
ئه‌وسا قوتابییه‌كه‌ی دیكه‌ش كه‌ یه‌كه‌م جار هاتبووه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ چووه‌ ژووره‌وه‌. بینی و باوه‌ڕی هێنا.
9
ئه‌و كاته‌ هێشتا له‌ نووسراوه‌ پیرۆزه‌كان تێنه‌گه‌یشتبوون كه‌ ده‌بێ له‌نێوان مردوواندا هه‌ستێته‌وه‌.
10
دواتر قوتابییه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ شوێنی خۆیان.
عیسا بۆ مریه‌م ده‌رده‌كه‌وێ 
11
به‌ڵام مریه‌م له‌لای گۆڕه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستابوو ده‌گریا. كاتێك ده‌گریا، دانه‌وییه‌وه‌ و سه‌یری ناو گۆڕه‌كه‌ی كرد،
12
بینی دوو فریشته‌ به‌ جلی سپییه‌وه‌ له‌و شوێنه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی عیسای لێ دانرابوو دانیشتوون، یه‌كێك له‌لای سه‌رییه‌وه‌ ئه‌وی دیكه‌ له‌لای پێیه‌وه‌.
13
لێیان پرسی: «خانم، بۆچی ده‌گریت؟»
وه‌ڵامی دانه‌وه‌: «گه‌وره‌میان بردووه‌، نازانم له‌كوێ دایانناوه‌.»
14
كه‌ ئه‌مه‌ی گوت ئاوڕی دایه‌وه‌، بینی عیسا ڕاوه‌ستاوه‌، به‌ڵام نه‌یزانی عیسایه‌.
15
عیسا پێی فه‌رموو: «خانم! بۆچی ده‌گریت؟ به‌دوای كێدا ده‌گه‌ڕێیت؟» وایزانی باخه‌وانه‌كه‌یه‌، پێی گوت: «گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر تۆ بردووته‌ پێم بڵێ له‌كوێ داتناوه‌ تاكو بیبه‌مه‌وه‌.»
16
عیساش پێی فه‌رموو: «مریه‌م!»
ئه‌ویش ئاوڕی دایه‌وه‌ و به‌ عیبری پێی گوت: «ڕابۆنی!» (واته‌ مامۆستا.)
17
عیسا پێی فه‌رموو: «ده‌ستم لێ مه‌ده‌، چونكه‌ هێشتا بۆ لای باوك به‌رز نه‌بوومه‌ته‌وه‌. به‌ڵام بڕۆ لای برایانم و پێیان بڵێ: ”من به‌رز ده‌بمه‌وه‌ بۆ لای باوكم و باوكتان، خودام و خوداتان.“»
18
مریه‌می مه‌جده‌لی هات و به‌ قوتابییه‌كانی ڕاگه‌یاند: «گه‌وره‌م بینی!» ئه‌وه‌شی پێ گوتن كه‌ پێی فه‌رمووبوو.
ده‌ركه‌وتنی مه‌سیح بۆ قوتابییه‌كان 
19
ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژ، كه‌ یه‌كه‌م ڕۆژی هه‌فته‌ بوو، له‌ ترسی ڕابه‌رانی جوله‌كه‌ ئه‌و شوێنه‌ی قوتابییه‌كانی لێبوو ده‌رگاكانی داخرابوون، عیسا هات و له‌ناوه‌ڕاستدا ڕاوه‌ستا و پێی فه‌رموون: «سڵاوتان[b] لێ بێت!»
20
كه‌ ئه‌مه‌ی گوت، ده‌ستی و كه‌له‌كه‌ی پیشاندان، جا قوتابییه‌كان كه‌ مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆیان بینی دڵشاد بوون.
21
ئینجا دیسان عیسا پێی فه‌رموون: «سڵاوتان لێ بێت! هه‌روه‌ك چۆن باوك منی ناردووه‌، منیش ده‌تاننێرم.»
22
كه‌ ئه‌مه‌ی گوت، فووی لێكردن، پێی فه‌رموون: «ڕۆحی پیرۆز وه‌ربگرن.
23
ئه‌وه‌ی ئێوه‌ گوناهی ببه‌خشن، به‌خشراوه‌. ئه‌وه‌ی ئێوه‌ گوناهی نه‌به‌خشن، نه‌به‌خشراوه‌.»
ده‌ركه‌وتنی مه‌سیح بۆ تۆماس 
24
به‌ڵام تۆماس كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌ قوتابییه‌كه‌ و به‌ دیدمۆس[c] ناسراوه‌، له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كان نه‌بوو كاتێك عیسا هات.
25
قوتابییه‌كانی دیكه‌ پێیان گوت: «گه‌وره‌مان بینی!»
ئه‌ویش پێی گوتن: «ئه‌گه‌ر جێگای بزماره‌كان به‌ ده‌ستیه‌وه‌ نه‌بینم، په‌نجه‌ نه‌خه‌مه‌ شوێنی بزماره‌كانه‌وه‌، ده‌ست له‌ كه‌له‌كه‌ی نه‌ده‌م هه‌رگیز باوه‌ڕ ناكه‌م.»
26
له‌دوای هه‌شت ڕۆژ، قوتابییه‌كانی دیسان له‌ ژووره‌وه‌ بوون و تۆماسیش له‌گه‌ڵیان بوو، ده‌رگاكانیش داخرابوون، عیسا هات و له‌ناوه‌ڕاستیان ڕاوه‌ستا، فه‌رمووی: «سڵاوتان لێ بێت!»
27
ئینجا به‌ تۆماسی گوت: «په‌نجه‌ت بێنه‌ ئێره‌ و ده‌ستم ببینه‌، ده‌ستت بێنه‌ و له‌ كه‌له‌كه‌می بده‌. بێباوه‌ڕ مه‌به‌ به‌ڵكو باوه‌ڕ بهێنه‌.»
28
تۆماس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «ئه‌ی خاوه‌ن شكۆ و خودای من!»
29
عیسا پێی فه‌رموو: «چونكه‌ منت بینی باوه‌ڕت كرد؟ خۆزگه‌ ده‌خوازرێت به‌وانه‌ی نه‌یانبینی و باوه‌ڕیان هێنا.»
ئامانجی نووسینه‌كه‌ی 
30
عیسا له‌به‌رده‌م قوتابییه‌كانیدا زۆر په‌رجووی دیكه‌ی كرد كه‌ له‌م په‌ڕتووكه‌دا نه‌نووسراوه‌.
31
به‌ڵام ئه‌مانه‌ی نووسراون تاكو باوه‌ڕ بهێنن كه‌ عیسا مه‌سیحه‌كه‌یه‌، كوڕی خودایه‌، تاكو به‌ باوه‌ڕهێنان به‌ ناوی ئه‌و ژیانتان هه‌بێت.
  1. a. 20‏:1 به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌.
  2. b. 20‏:19 یۆنانی: ئاشتی.
  3. c. 20‏:24 به‌ واتای جمك دێت.