عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هەستانەوە 
1
لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا[a] ، هێشتا تاریک بوو، مریەمی مەجدەلی هاتە سەر گۆڕەکە و بینی بەردەکە لەسەر گۆڕەکە گلۆر کراوەتەوە.
2
ئەویش ڕایکرد و هاتە لای شیمۆن پەترۆس و ئەو قوتابییەی دیکە کە عیسا خۆشی دەویست، پێی گوتن: «گەورەیان لە گۆڕەکەدا بردووە و نازانین لەکوێ دایانناوە!»
3
ئینجا پەترۆس و قوتابییەکەی دیکە بەرەو گۆڕەکە بەڕێکەوتن.
4
هەردووکیان بەیەکەوە ڕایاندەکرد، بەڵام قوتابییەکەی دیکە پێش پەترۆس کەوت و زووتر گەیشتە سەر گۆڕەکە.
5
دانەوییەوە و بینی کەتانەکە دانراوە، بەڵام نەچووە ژوورەوە.
6
ئینجا شیمۆن پەترۆس کە دوایکەوتبوو هات و چووە ناو گۆڕەکە، بینی کەتانەکە دانراوە.
7
ئەو دەسماڵەی کە بەسەری عیساوە پێچرابوو، لەگەڵ کەتانەکە دانەنرابوو، بەڵکو بە جیا لە جێیەک پێچرابووەوە.
8
ئەوسا قوتابییەکەی دیکەش کە یەکەم جار هاتبووە سەر گۆڕەکە چووە ژوورەوە. بینی و باوەڕی هێنا.
9
ئەو کاتە هێشتا لە نووسراوە پیرۆزەکان تێنەگەیشتبوون کە دەبێ عیسا لەنێو مردووان هەستێتەوە.
10
دواتر قوتابییەکان گەڕانەوە شوێنی خۆیان.
عیسا بۆ مریەم دەردەکەوێ 
11
بەڵام مریەم لەلای گۆڕەکە لە دەرەوە ڕاوەستابوو دەگریا. کاتێک دەگریا، دانەوییەوە و سەیری ناو گۆڕەکەی کرد،
12
بینی دوو فریشتە بە جلی سپییەوە لەو شوێنەی تەرمەکەی عیسای لێ دانرابوو دانیشتوون، یەکێک لەلای سەرییەوە ئەوی دیکە لەلای پێیەوە.
13
لێیان پرسی: «خانم، بۆچی دەگریت؟»
وەڵامی دانەوە: «گەورەمیان بردووە، نازانم لەکوێ دایانناوە.»
14
کە ئەمەی گوت ئاوڕی دایەوە، بینی عیسا ڕاوەستاوە، بەڵام نەیزانی عیسایە.
15
عیسا پێی فەرموو: «خانم! بۆچی دەگریت؟ بەدوای کێدا دەگەڕێیت؟»
وایزانی باخەوانەکەیە، پێی گوت: «گەورەم، ئەگەر تۆ بردووتە پێم بڵێ لەکوێ داتناوە تاکو بیبەمەوە.»
16
عیساش پێی فەرموو: «مریەم!»
ئەویش ئاوڕی دایەوە و بە عیبری پێی گوت: «ڕابۆنی!» کە بە واتای مامۆستا دێت.
17
عیسا پێی فەرموو: «دەستم لێ مەدە، چونکە هێشتا بۆ لای باوک بەرز نەبوومەتەوە. بەڵام بڕۆ لای برایانم و پێیان بڵێ: ”من بەرز دەبمەوە بۆ لای باوکم و باوکتان، خودام و خوداتان.“»
18
مریەمی مەجدەلی هات و بە قوتابییەکانی ڕاگەیاند: «گەورەم بینی!» ئەوەشی پێ گوتن کە پێی فەرمووبوو.
دەرکەوتنی مەسیح بۆ قوتابییەکان 
19
ئێوارەی هەمان ڕۆژ، کە یەکەم ڕۆژی هەفتە بوو، لە ترسی ڕابەرانی جولەکە، دەرگاکانی ئەو شوێنە داخرابوون کە قوتابییەکانی لێبوو، عیسا هات و لە ناوەڕاستدا ڕاوەستا و پێی فەرموون: «سڵاوتان[b] لێ بێت!»
20
کە ئەمەی فەرموو، دەستی و کەلەکەی پیشاندان، جا قوتابییەکان کە مەسیحی خاوەن شکۆیان بینی دڵشاد بوون.
21
ئینجا دیسان عیسا پێی فەرموون: «سڵاوتان لێ بێت! هەروەک چۆن باوک منی ناردووە، منیش دەتاننێرم.»
22
کە ئەمەی گوت، فووی لێکردن، پێی فەرموون: «ڕۆحی پیرۆز وەربگرن.
23
ئەوەی ئێوە گوناهی ببەخشن، بەخشراوە. ئەوەی ئێوە گوناهی نەبەخشن، نەبەخشراوە.»
دەرکەوتنی مەسیح بۆ تۆماس 
24
بەڵام تۆماس کە یەکێکە لە دوازدە قوتابییەکە و بە دیدمۆس[c] ناسراوە، لەگەڵ قوتابییەکان نەبوو کاتێک عیسا هات.
25
قوتابییەکانی دیکە پێیان گوت: «گەورەمان بینی!»
ئەویش پێی گوتن: «ئەگەر جێگای بزمارەکان بە دەستیەوە نەبینم، پەنجە نەخەمە شوێنی بزمارەکانەوە، دەست لە کەلەکەی نەدەم هەرگیز باوەڕ ناکەم.»
26
لەدوای هەشت ڕۆژ، قوتابییەکانی دیسان لە ژوورەوە بوون و تۆماسیش لەگەڵیان بوو، دەرگاکانیش داخرابوون، عیسا هات و لە ناوەڕاستیان ڕاوەستا، فەرمووی: «سڵاوتان لێ بێت!»
27
ئینجا بە تۆماسی فەرموو: «پەنجەت بێنە ئێرە و دەستم ببینە، دەستت بێنە و لە کەلەکەمی بدە. بێباوەڕ مەبە بەڵکو باوەڕ بهێنە.»
28
تۆماس وەڵامی دایەوە: «ئەی خاوەن شکۆ و خودای من!»
29
عیسا پێی فەرموو: «لەبەر ئەوەی منت بینی، باوەڕت کرد؟ خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی نەیانبینی و باوەڕیان هێنا.»
ئامانجی نووسینی ئەم پەڕتووکە 
30
عیسا لەبەردەم قوتابییەکانیدا زۆر پەرجووی دیکەی کرد کە لەم پەڕتووکەدا نەنووسراوە.
31
بەڵام ئەمانە نووسراون تاکو ئێوە باوەڕ بهێنن کە عیسا مەسیحەکەیە، کوڕی خودایە، تاکو بە باوەڕهێنان بە ناوی ئەو ژیانتان هەبێت.
  1. a. 20‏:1 بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە.‏
  2. b. 20‏:19 یۆنانی: ئاشتی.‏
  3. c. 20‏:24 بە واتای جمک دێت.‏