عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ده‌ركه‌وتنی عیسا له‌سه‌ر ده‌ریاچه‌ 
1
دوای ئه‌مه‌ دیسان عیسا له‌ ده‌ریاچه‌ی جه‌لیل[a] خۆی بۆ قوتابییه‌كان ده‌رخست. به‌م شێوه‌یه‌ خۆی ده‌رخست:
2
شیمۆن په‌ترۆس و تۆماس كه‌ به‌ دیدمۆس ناسراوه‌، له‌گه‌ڵ ناتانئیل كه‌ خه‌ڵكی قانای جه‌لیل بوو، هه‌روه‌ها كوڕه‌كانی زه‌بدی و دوو قوتابی دیكه‌ی ئه‌و پێكه‌وه‌ بوون.
3
شیمۆن په‌ترۆس پێی گوتن: «بۆ ڕاو ده‌چم.» پێیان گوت: «ئێمه‌ش له‌گه‌ڵت دێین.» ئینجا ڕۆیشتن و سواری به‌له‌م بوون، به‌ڵام له‌و شه‌وه‌دا هیچیان نه‌گرت.
4
كاتی به‌ره‌به‌یان، عیسا له‌سه‌ر كه‌ناره‌كه‌ وه‌ستا، به‌ڵام قوتابییه‌كان نه‌یانزانی ئه‌وه‌ عیسایه‌.
5
عیسا پێی فه‌رموون: «كوڕینه‌، هیچ ماسیتان پێنییه‌؟» وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: «نه‌خێر.»
6
پێی فه‌رموون: «تۆڕه‌كه‌ هه‌ڵبده‌نه‌ لای ڕاستی به‌له‌مه‌كه‌، ماسی ده‌بیننه‌وه‌.» جا هه‌ڵیاندا و ئیتر له‌به‌ر زۆری ئه‌و ماسییانه‌ی تێیدا بوو نه‌یانتوانی تۆڕه‌كه‌ ڕابكێشنه‌ ناو به‌له‌مه‌كه‌.
7
ئه‌و قوتابییه‌ی عیسا خۆشی ده‌ویست به‌ په‌ترۆسی گوت: «ئه‌وه‌ عیسای خاوه‌ن شكۆیه‌!» كاتێك په‌ترۆس بیستی «ئه‌وه‌ عیسای خاوه‌ن شكۆیه‌،» خۆی به‌ جله‌كانی داپۆشی چونكه‌ ڕووت بوو، خۆی هه‌ڵدایه‌ ناو ئاوه‌كه‌وه‌.
8
قوتابییه‌كانی دیكه‌ به‌ به‌له‌مه‌كه‌ هاتن و تۆڕی ماسییه‌كه‌یان ڕاده‌كێشا، چونكه‌ له‌ وشكانی دوور نه‌بوون، ته‌نها دوو سه‌د باڵ[b] .
9
كاتێك دابه‌زینه‌ وشكانی، بینییان وا خه‌ڵووز ئاماده‌ كراوه‌ و ماسی خراوه‌ته‌ سه‌ری و نان دانراوه‌.
10
عیسا پێی فه‌رموون: «له‌و ماسییانه‌ بهێنن كه‌ ئێستا گرتتان.»
11
شیمۆن په‌ترۆسیش سه‌ركه‌وت و تۆڕه‌كه‌ی ڕاكێشایه‌ سه‌ر وشكانی، سه‌د و په‌نجا و سێ ماسی گه‌وره‌ی تێدابوو، له‌گه‌ڵ زۆریه‌كه‌شی تۆڕه‌كه‌ نه‌دڕا.
12
عیسا پێی فه‌رموون: «وه‌رن بخۆن.» هیچ كام له‌ قوتابییه‌كان نه‌یانوێرا پرسیاری لێ بكه‌ن: «تۆ كێیت؟» زانییان عیسای خاوه‌ن شكۆیه‌.
13
عیسا هات، نانه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و پێیدان، ماسییه‌كه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌.
14
ئه‌مه‌ سێیه‌م جاره‌ عیسا بۆ قوتابییه‌كان ده‌ربكه‌وێت پاش هه‌ستانه‌وه‌ی له‌نێو مردوواندا.
گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌ترۆس بۆ خزمه‌ت 
15
دوای ئه‌وه‌ی نانیان خوارد عیسا به‌ شیمۆن په‌ترۆسی فه‌رموو: «شیمۆنی یۆنا، منت له‌وانه‌ خۆشتر ده‌وێت؟»
پێی گوت: «به‌ڵێ گه‌وره‌م، ده‌زانیت كه‌ تۆم خۆشده‌وێت.»
پێی فه‌رموو: «به‌رخه‌كانم بله‌وه‌ڕێنه‌.»
16
دیسان پێی فه‌رمووه‌وه‌: «شیمۆنی یۆنا، منت خۆشده‌وێت؟»
پێی گوت: «به‌ڵێ گه‌وره‌م، ده‌زانیت خۆشمده‌وێیت.»
پێی فه‌رموو: «ببه‌ به‌ شوانی مه‌ڕه‌كانم.»
17
سێیه‌م جار پێی فه‌رموو: «شیمۆنی یۆنا، منت خۆشده‌وێت؟»
په‌ترۆس دڵگران بوو، چونكه‌ سێ جار پێی فه‌رموو: «منت خۆشده‌وێت؟» پێی گوت: «ئه‌ی گه‌وره‌م، هه‌موو شتێك ده‌زانیت. ده‌زانیت كه‌ خۆشمده‌وێیت.»
عیسا پێی فه‌رموو: «مه‌ڕه‌كانم بله‌وه‌ڕێنه‌.
18
ڕاستی ڕاستیت پێ ده‌ڵێم، كاتێك گه‌نج بوویت پشتێنه‌كه‌تت ده‌به‌ست و بۆ هه‌ركوێ ده‌تویست، ده‌چوویت. به‌ڵام كاتێك پیر ده‌بیت ده‌ستت درێژ ده‌كه‌یت و یه‌كێكی دیكه‌ پشتێنه‌كه‌ت ده‌به‌ستێت و ده‌تباته‌ شوێنێك كه‌ ناته‌وێت.»
19
ئه‌مه‌ی گوت وه‌ك ئاماژه‌كردنێك بۆ مردنی په‌ترۆس كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ شكۆداریی خودا ده‌رده‌خات. له‌دوای ئه‌مه‌ پێی فه‌رموو: «دوام بكه‌وه‌!»
20
په‌ترۆس ئاوڕی دایه‌وه‌ و بینی كه‌ ئه‌و قوتابییه‌ی كه‌ عیسا خۆشی ده‌ویست دوایان كه‌وتووه‌، ئه‌وه‌ی له‌ كاتی نانی ئێواره‌دا شانی به‌ سنگی عیساوه‌ نابوو، پێی گوت: «گه‌وره‌م، كێیه‌ ئه‌وه‌ی به‌ گرتنت ده‌دات؟»
21
كاتێك په‌ترۆس ئه‌مه‌ی بینی به‌ عیسای گوت: «گه‌وره‌م، ئه‌ی ئه‌مه‌ چی لێدێت؟»
22
عیساش پێی فه‌رموو: «ئه‌گه‌ر بمه‌وێت ده‌مێنێته‌وه‌ هه‌تا دێمه‌وه‌، به‌ تۆ چی؟ تۆ دوام بكه‌وه‌.»
23
ئیتر ئه‌م قسه‌یه‌ له‌نێو برایان وا بڵاو بووه‌وه‌ كه‌ ئه‌و قوتابییه‌ نامرێت. به‌ڵام عیسا پێی نه‌فه‌رموو كه‌ نامرێت، به‌ڵكو «ئه‌گه‌ر بمه‌وێت ده‌مێنێته‌وه‌ هه‌تا دێمه‌وه‌، به‌ تۆ چی؟»
24
ئه‌مه‌ش ئه‌و قوتابییه‌یه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌م شتانه‌ شایه‌تی ده‌دات و ئه‌م شتانه‌ی نووسیوه‌. ئێمه‌ش ده‌زانین شایه‌تییه‌كه‌ی ڕاسته‌.
25
زۆر شتی دیكه‌ هه‌یه‌ عیسا كردوویه‌تی، ئه‌گه‌ر یه‌ك له‌دوای یه‌ك بنووسرایه‌ته‌وه‌، وابزانم خودی جیهان جێگای ئه‌و په‌ڕتووكه‌ نووسراوانه‌ی تێدا نه‌ده‌بووه‌وه‌.
  1. a. 21‏:1 یۆنانی: ته‌به‌رییه‌.
  2. b. 21‏:8 نزیكه‌ی 90 مه‌تر.