عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - منم مێوی ڕاستەقینە
 - 1
 - «منم مێوی ڕاستەقینە، باوکیشم ڕەزەوانەکەیە.
 - 2
 - هەر لقێک لە مندا بەر نەگرێت لێی دەکاتەوە. هەر لقێکیش بەر بگرێت پاکی دەکاتەوە تاکو بەرهەمی زیاتر بدات.
 - 3
 - ئێوە ئێستا بەهۆی ئەو قسەیەی بۆم کردن پاکن.
 - 4
 - بە منەوە پەیوەست بن و منیش بە ئێوەوە. چۆن لق بەتەنها ناتوانێت بەرهەم بدات ئەگەر بە دار مێوەکەوە پەیوەست نەبێت، ئێوەش ئاوان، ئەگەر بە منەوە پەیوەست نەبن.
 - 5
 - «منم مێوەکە و ئێوەش لقەکانن. ئەوەی بە منەوە پەیوەست بێت و منیش بەوەوە، ئەوا بەرهەمی زۆر دەگرێت، چونکە بەبێ من ناتوانن هیچ شتێک بکەن.
 - 6
 - ئەوەی بە منەوە پەیوەست نەبێت وەک لق فڕێدەدرێتە دەرەوە، وشک دەبێت و کۆدەکرێتەوە، فڕێدەدرێتە ناو ئاگر و دەسووتێت.
 - 7
 - ئەگەر بە منەوە پەیوەست بن و وتەکانم لە ناختان بچەسپێت، هەرچییەکتان دەوێ داوای بکەن بۆتان دەبێت.
 - 8
 - باوکم شکۆدار دەبێت ئەگەر ئێوە بەرهەمی زۆر بگرن؛ بەوە دەردەکەوێ کە ئێوە قوتابی منن.
 - 9
 - «هەروەک چۆن باوک منی خۆشویستووە، ئاوا ئێوەم خۆشویستووە، جا بە خۆشەویستییەکەمەوە پەیوەست بن.
 - 10
 - ئەگەر ئێوە کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن، بە خۆشەویستییەکەمەوە پەیوەست دەبن، هەروەک من کارم بە ڕاسپاردەکانی باوکم کردووە و بە خۆشەویستییەکەیەوە پەیوەست دەبم.
 - 11
 - ئەم شتانەم پێ گوتن تاکو خۆشیی منتان تێدابێت و خۆشیتان پڕ و تەواو بێت.
 - 12
 - ڕاسپاردەی من ئەمەیە: یەکتریتان خۆشبوێ وەک خۆشمویستن.
 - 13
 - کەس خۆشەویستیی لەمە گەورەتری نییە کە یەکێک ژیانی خۆی بۆ دۆستەکانی دابنێت.
 - 14
 - ئێوە دۆستی منن، ئەگەر کار بەوە بکەن کە ڕاتاندەسپێرم.
 - 15
 - ئیتر بە کۆیلە ناوتان نابەم، چونکە کۆیلە نازانێت گەورەکەی چی دەکات. بەڵام ناوی دۆستم لێنان چونکە هەرچییەکم لە باوکمەوە بیستبوو پێم ڕاگەیاندن.
 - 16
 - ئێوە منتان هەڵنەبژارد، بەڵکو من ئێوەم هەڵبژارد، دەستنیشانم کردن تاکو بڕۆن بەرهەم بهێنن و بەرهەمەکەتان بمێنێت، تاکو هەرچییەک بە ناوی منەوە لە باوک داوا بکەن بتانداتێ.
 - 17
 - بەمانە ڕاتاندەسپێرم تاکو یەکتریتان خۆشبوێ.
 - ڕقی جیهان
 - 18
 - «ئەگەر جیهان ڕقی لێتان دەبێتەوە، ئەوە بزانن پێش ئێوە ڕقی لە من بووەتەوە.
 - 19
 - ئەگەر ئێوە هی جیهان بوونایە، ئەوا جیهان وەکو هی خۆی خۆشی دەویستن. ئێستا ئێوە هی جیهان نین بەڵام من ئێوەم لە جیهانەوە هەڵبژاردووە، لەبەر ئەوە جیهان ڕقی لێتانە.
 - 20
 - بیهێننەوە بیرتان چیم پێ گوتن: ”کۆیلە لە گەورەکەی زیاتر نییە.“[a] ئەگەر منیان چەوساندبێتەوە، ئێوەش دەچەوسێننەوە. ئەگەر وشەی منیان پاراستبێت، هی ئێوەش دەپارێزن.
 - 21
 - بەڵام هەموو ئەمانەتان لەبەر ناوی من پێ دەکەن، چونکە ئەوەی ناردوومی ئەوان نایناسن.
 - 22
 - ئەگەر نەهاتبام و قسەم بۆ نەکردبان، گوناهیان نەدەبوو، بەڵام ئێستا بیانوویان نییە بۆ گوناهەکەیان[b] .
 - 23
 - ئەوەی ڕقی لە من بێتەوە، ڕقی لە باوکیشمە.
 - 24
 - ئەگەر لەنێوانیاندا ئەو کارانەم نەکردبووایە کە کەسی دیکە نەیکردووە، گوناهیان نەدەبوو. بەڵام ئێستا بینییان و ڕقیان لە من و لە باوکم بووەتەوە.
 - 25
 - بەڵام ئەمە ڕوویدا تاکو ئەو وتەیە بێتە دی کە لە تەوراتەکەیاندا نووسراوە: ﴿بەبێ هۆ ڕقیان لێم بووەوە.﴾[c] 
 - کاری ڕۆحی پیرۆز
 - 26
 - «جا کاتێک یارمەتیدەرەکە دێت، ئەوەی لەلایەن باوکەوە بۆتانی دەنێرم، کە ڕۆحی ڕاستییە کە لە باوکەوە هەڵدەقوڵێت، ئەو شایەتیم بۆ دەدات.
 - 27
 - ئێوەش شایەتی دەدەن، چونکە لە سەرەتاوە لەگەڵ منن.
 
- a. 15:20 یۆحەنا 13:16
 - b. 15:22 مەبەستی لە گوناهی ڕەتکردنەوەی عیسایە وەک مەسیح.
 - c. 15:25 زەبوورەکان 35:19؛ 69:4
 

