عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
من مێوی ڕاسته‌قینه‌م 
1
«منم مێوی ڕاسته‌قینه‌، باوكیشم ڕه‌زه‌وانه‌كه‌یه‌.
2
هه‌ر لقێك له‌ مندا به‌ر نه‌گرێت لێی ده‌كاته‌وه‌. هه‌ر لقێكیش به‌ر بگرێت پاكی ده‌كاته‌وه‌ تاكو به‌رهه‌می زیاتر بدات.
3
ئێوه‌ ئێستا به‌هۆی ئه‌و قسه‌یه‌ی بۆم كردن پاكن.
4
به‌ منه‌وه‌ په‌یوه‌ست بن و منیش به‌ ئێوه‌وه‌. چۆن لق به‌ته‌نها ناتوانێت به‌رهه‌م بدات ئه‌گه‌ر به‌ دار مێوه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ست نه‌بێت، ئێوه‌ش ئاوان، ئه‌گه‌ر به‌ منه‌وه‌ په‌یوه‌ست نه‌بن.
5
«منم مێوه‌كه‌ و ئێوه‌ش لقه‌كانن. ئه‌وه‌ی به‌ منه‌وه‌ په‌یوه‌ست بێت و منیش به‌وه‌وه‌، ئه‌وا به‌رهه‌می زۆر ده‌گرێت، چونكه‌ به‌بێ من ناتوانن هیچ شتێك بكه‌ن.
6
ئه‌وه‌ی به‌ منه‌وه‌ په‌یوه‌ست نه‌بێت وه‌ك لق فڕێده‌درێته‌ ده‌ره‌وه‌، وشك ده‌بێت و كۆده‌كرێته‌وه‌، فڕێده‌درێته‌ ناو ئاگر و ده‌سووتێت.
7
ئه‌گه‌ر به‌ منه‌وه‌ په‌یوه‌ست بن و وته‌كانم له‌ ناختان بچه‌سپێت، هه‌رچییه‌كتان ده‌وێ داوای بكه‌ن بۆتان ده‌بێت.
8
باوكم به‌مه‌ شكۆدار ده‌بێت، كه‌ به‌رهه‌می زۆر بهێنن، به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بنه‌ قوتابی من.
9
«هه‌روه‌ك چۆن باوك منی خۆشویستووه‌، ئاوا ئێوه‌م خۆشویستووه‌، جا به‌ خۆشه‌ویستییه‌كه‌مه‌وه‌ په‌یوه‌ست بن.
10
ئه‌گه‌ر ئێوه‌ كار به‌ ڕاسپارده‌كانم ده‌كه‌ن، به‌ خۆشه‌ویستییه‌كه‌مه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌بن، هه‌روه‌ك من كارم به‌ ڕاسپارده‌كانی باوكم كردووه‌ و به‌ خۆشه‌ویستییه‌كه‌یه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌بم.
11
ئه‌م شتانه‌م پێ گوتن تاكو خۆشی منتان تێدابێت و خۆشیتان پڕ و ته‌واو بێت.
12
ڕاسپارده‌ی من ئه‌مه‌یه‌: یه‌كتریتان خۆشبوێ وه‌ك خۆشمویستن.
13
كه‌س خۆشه‌ویستی له‌مه‌ گه‌وره‌تری نییه‌ كه‌ یه‌كێك ژیانی خۆی بۆ دۆسته‌كانی دابنێت.
14
ئێوه‌ دۆستی منن، ئه‌گه‌ر كار به‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ڕاتانده‌سپێرم.
15
ئیتر به‌ كۆیله‌ ناوتان نابه‌م، چونكه‌ كۆیله‌ نازانێت گه‌وره‌كه‌ی چی ده‌كات. به‌ڵام ناوی دۆستم لێنان چونكه‌ هه‌رچییه‌كم له‌ باوكمه‌وه‌ بیستبوو پێم ڕاگه‌یاندن.
16
ئێوه‌ منتان هه‌ڵنه‌بژارد، به‌ڵكو من ئێوه‌م هه‌ڵبژارد، نیشانم كردن تاكو بڕۆن به‌رهه‌م بهێنن و به‌رهه‌مه‌كه‌تان بمێنێت، تاكو هه‌رچییه‌ك به‌ ناوی منه‌وه‌ داوا بكه‌ن باوك بتانداتێ.
17
به‌مانه‌ ڕاتانده‌سپێرم تاكو یه‌كتریتان خۆشبوێ.
ڕقی جیهان 
18
«ئه‌گه‌ر جیهان ڕقی لێتان ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ بزانن پێش ئێوه‌ ڕقی له‌ من بووه‌ته‌وه‌.
19
ئه‌گه‌ر ئێوه‌ هی جیهان بوونایه‌، ئه‌وا جیهان وه‌كو هی خۆی خۆشی ده‌ویستن. ئێستا ئێوه‌ هی جیهان نین به‌ڵام من له‌ جیهان هه‌ڵمبژاردوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ جیهان ڕقی لێتانه‌.
20
بیهێننه‌وه‌ بیرتان چیم پێ گوتن: ”كۆیله‌ له‌ گه‌وره‌كه‌ی گه‌وره‌تر نییه‌.“[a] ئه‌گه‌ر منیان چه‌وساندبێته‌وه‌، ئێوه‌ش ده‌چه‌وسێننه‌وه‌. ئه‌گه‌ر وشه‌ی منیان پاراستووه‌، هی ئێوه‌ش ده‌پارێزن.
21
به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌تان له‌به‌ر ناوی من پێ ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ناردوومی ئه‌وان نایناسن.
22
ئه‌گه‌ر نه‌هاتمایه‌ و قسه‌م بۆ نه‌كردنایه‌، گوناهیان نه‌ده‌بوو، به‌ڵام ئێستا بیانوویان نییه‌ بۆ گوناهه‌كه‌یان[b] .
23
ئه‌وه‌ی ڕقی له‌ من بێته‌وه‌، ڕقی له‌ باوكیشمه‌.
24
ئه‌گه‌ر له‌نێوانیاندا ئه‌و كارانه‌م نه‌كردبووایه‌ كه‌ كه‌سی دیكه‌ نه‌یكردووه‌، گوناهیان نه‌ده‌بوو. به‌ڵام ئێستا بینییان و ڕقیان له‌ من و له‌ باوكم بووه‌ته‌وه‌.
25
به‌ڵام ئه‌مه‌ ڕوویدا تاكو ئه‌و وته‌یه‌ بێته‌ دی كه‌ له‌ ته‌وراته‌كه‌یاندا نووسراوه‌: {به‌بێ هۆ ڕقیان لێم بووه‌وه‌.}[c]
26
«جا كاتێك یارمه‌تیده‌ره‌كه‌ دێت، ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن باوكه‌وه‌ بۆتانی ده‌نێرم، كه‌ ڕۆحی ڕاستییه‌ كه‌ له‌ باوكه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت، ئه‌و شایه‌تیم بۆ ده‌دات.
27
ئێوه‌ش شایه‌تی ده‌ده‌ن، چونكه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌گه‌ڵ منن.
  1. a. 15‏:20 \+xt یۆحه‌نا 13‏:16‏\+xt*‏
  2. b. 15‏:22 مه‌به‌ستی له‌ گوناهی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی عیسایه‌ وه‌ك مه‌سیح.
  3. c. 15‏:25 \+xt زه‌بووره‌كان 35‏:19؛ 69‏:4‏\+xt*‏