عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - ماڵی باوکم
 - 1
 - «نیگەران مەبن. پشت بە خودا ببەستن[a] ، پشت بە منیش ببەستن.
 - 2
 - ماڵی باوکم ژووری زۆری لێیە، ئەگەر ئاوا نەبووایە پێم دەگوتن. من دەچم تاکو شوێنتان بۆ ئامادە بکەم.
 - 3
 - جا کە ڕۆیشتم و شوێنم بۆ ئامادەکردن، دێمەوە و دەتانبەمە لای خۆم، تاکو ئێوەش لەو شوێنە بن کە من لێی دەبم.
 - 4
 - ئێوەش ڕێگای ئەو شوێنە دەزانن کە بۆی دەچم.»
 - منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان
 - 5
 - تۆماس پێی گوت: «گەورەم، نازانین بۆ کوێ دەچیت، چۆن ڕێگاکە بزانین؟»
 - 6
 - عیساش پێی فەرموو: «منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان. کەس نایەتە لای باوک لە ڕێگەی منەوە نەبێت.
 - 7
 - ئەگەر ئێوە منتان بناسیایە، باوکیشمتان دەناسی. لە ئێستاوە دەیناسن و بینیوتانە.»
 - 8
 - فیلیپۆس پێی گوت: «گەورەم، باوکمان پیشان بدە و بەسمانە.»
 - 9
 - عیساش پێی فەرموو: «فیلیپۆس، ئایا تەنانەت لەدوای ئەم ماوە زۆرەش کە لەگەڵتانم، نەتناسیوم؟ ئەوەی منی بینیوە باوکی بینیوە. ئیتر چۆن دەڵێی: ”باوکمان نیشان بدە“؟
 - 10
 - ئایا باوەڕ ناکەی من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە؟ ئەو قسانەی پێتانی دەڵێم لە خۆمەوە نایڵێم، بەڵکو باوک کە لە مندا نیشتەجێیە، ئەو کارەکانی خۆی دەکات.
 - 11
 - باوەڕم پێ بکەن کە من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە، ئەگەر نا بەهۆی کارەکان خۆیانەوە باوەڕ بکەن.
 - 12
 - ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەو کارانە دەکات کە من دەیکەم، لەمانەش گەورەتر[b] دەکات، چونکە بۆ لای باوک دەچم.
 - 13
 - هەرچییەک بە ناوی منەوە داوا بکەن دەیکەم، تاکو باوک لە کوڕەکەدا شکۆدار بێت.
 - 14
 - ئەگەر شتێکتان بە ناوی منەوە داوا کرد، دەیکەم.
 - بەڵێنی هاتنی ڕۆحی پیرۆز
 - 15
 - «ئەگەر منتان خۆشبوێ کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن.
 - 16
 - منیش داوا لە باوک دەکەم یارمەتیدەرێکی[c] دیکەتان[d] بداتێ کە هەتاهەتایە لەگەڵتان بمێنێتەوە،
 - 17
 - ڕۆحی ڕاستی، کە جیهان ناتوانێت وەریبگرێت، چونکە نایبینێت و نایناسێت. بەڵام ئێوە دەیناسن، چونکە لەگەڵتان دەمێنێتەوە و لەناو ئێوەدا دەبێت.
 - 18
 - بە هەتیوی بەجێتان ناهێڵیم، دێمەوە لاتان.
 - 19
 - پاش ماوەیەکی کەم ئیتر جیهان نامبینێت، بەڵام ئێوە دەمبینن. لەبەر ئەوەی من زیندووم، ئێوەش دەژین.
 - 20
 - لەو ڕۆژەدا دەزانن من لە باوکمدام، ئێوەش لە مندان، منیش لە ئێوەدام.
 - 21
 - ئەوەی ڕاسپاردەکانی منی لەلایە و کاریان پێ دەکات، ئەوا منی خۆشدەوێت. ئەوەی منی خۆشبوێ، باوکیشمی خۆشدەوێت، منیش خۆشمدەوێت و خۆمی بۆ دەردەخەم.»
 - 22
 - ئینجا یەهوزایەکی دیکە، کە یەهوزای ئەسخەریوتی نەبوو، لێی پرسی: «گەورەم، بۆچی دەتەوێ خۆت بۆ ئێمە دەربخەیت، بەڵام بۆ جیهان نا؟»
 - 23
 - عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەوەی منی خۆشبوێ کار بە وتەکانم دەکات، باوکیشم خۆشی دەوێت و من و باوک دێینە لای و لەلای ئەویش نیشتەجێ دەبین.
 - 24
 - ئەوەش کە منی خۆشناوێت کار بە وتەکانم ناکات. ئەم وتانەی گوێتان لێی دەبێت هی من نییە، بەڵکو هی ئەو باوکەیە کە ناردوومی.
 - 25
 - «ئەمانەم پێ گوتن کە هێشتا لەلاتانم.
 - 26
 - بەڵام یارمەتیدەرەکە، ڕۆحی پیرۆز، ئەوەی باوک بە ناوی منەوە دەینێرێت، ئەو هەموو شتێکتان فێردەکات و هەموو ئەو شتانەی پێم گوتوون بیرتان دەخاتەوە[e] .
 - ئاشتی عیسا
 - 27
 - «ئاشتیتان بۆ بەجێدەهێڵم، ئاشتی خۆمتان دەدەمێ. ئەوەی من دەتاندەمێ وەک ئەوە نییە کە جیهان دەتانداتێ. نیگەران مەبن و مەترسن.
 - 28
 - «گوێتان لێبوو پێم گوتن: ”دەڕۆم و دێمەوە لاتان.“ ئەگەر منتان خۆشبوێ، دڵشاد دەبن کە دەچمە لای باوک، چونکە باوک لە من مەزنترە.
 - 29
 - ئەوەتا ئێستا پێش ڕوودانی پێم گوتن، تاکو کاتێک ڕوویدا باوەڕ بهێنن.
 - 30
 - لەمەولا زۆر قسەتان لەگەڵ ناکەم، چونکە سەرۆکی ئەم جیهانە[f] وا دێت. هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر مندا نییە،
 - 31
 - بەڵام ئەو دێت تاکو جیهان بزانێت باوکم خۆشدەوێت و بەو شێوەیە کار دەکەم کە باوک ڕایسپاردووم.
«هەستن، با لێرە بڕۆین. 
- a. 14:1 ئەم دەربڕینە لە یۆنانیدا دوو واتا دەبەخشێت. لەمە نزیکترە کە دانراوە، بەم واتایەش دێت: (باوەڕ بە خودا بکەن.)
 - b. 14:12 بە واتای لە ژمارە بەدەر و بێ سنووری جوگرافی.
 - c. 14:16 لە زمانی یۆنانی بە واتای ئەوەی بانگکراوە و دێتە تەنیشتت بۆ یارمەتیدانت، مەبەستی لە ڕۆحی پیرۆزە کە شوێنی مەسیح دەگرێتەوە لە یارمەتیدانمان.
 - d. 14:16 بە زمانی یۆنانی بە واتای (دیکە) لە هەمان جۆر دێت.
 - e. 14:26 بەڵێنێکی تایبەتە بۆ ئەوانەی گوێیان لە وتەکانی مەسیح بووە بە هاتنی سروش بۆ نووسینەوەی ئینجیلی پیرۆز.
 - f. 14:30 شەیتان.
 

