عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ماڵی باوکم 
1
«نیگەران مەبن. پشت بە خودا ببەستن[a] ، پشت بە منیش ببەستن.
2
ماڵی باوکم ژووری زۆری لێیە، ئەگەر ئاوا نەبووایە پێم دەگوتن. من دەچم تاکو شوێنتان بۆ ئامادە بکەم.
3
جا کە ڕۆیشتم و شوێنم بۆ ئامادەکردن، دێمەوە و دەتانبەمە لای خۆم، تاکو ئێوەش لەو شوێنە بن کە من لێی دەبم.
4
ئێوەش ڕێگای ئەو شوێنە دەزانن کە بۆی دەچم.»
منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان 
5
تۆماس پێی گوت: «گەورەم، نازانین بۆ کوێ دەچیت، چۆن ڕێگاکە بزانین؟»
6
عیساش پێی فەرموو: «منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان. کەس نایەتە لای باوک لە ڕێگەی منەوە نەبێت.
7
ئەگەر ئێوە منتان بناسیایە، باوکیشمتان دەناسی. لە ئێستاوە دەیناسن و بینیوتانە.»
8
فیلیپۆس پێی گوت: «گەورەم، باوکمان پیشان بدە و بەسمانە.»
9
عیساش پێی فەرموو: «فیلیپۆس، ئایا تەنانەت لەدوای ئەم ماوە زۆرەش کە لەگەڵتانم، نەتناسیوم؟ ئەوەی منی بینیوە باوکی بینیوە. ئیتر چۆن دەڵێی: ”باوکمان نیشان بدە“؟
10
ئایا باوەڕ ناکەی من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە؟ ئەو قسانەی پێتانی دەڵێم لە خۆمەوە نایڵێم، بەڵکو باوک کە لە مندا نیشتەجێیە، ئەو کارەکانی خۆی دەکات.
11
باوەڕم پێ بکەن کە من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە، ئەگەر نا بەهۆی کارەکان خۆیانەوە باوەڕ بکەن.
12
ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەو کارانە دەکات کە من دەیکەم، لەمانەش گەورەتر[b] دەکات، چونکە بۆ لای باوک دەچم.
13
هەرچییەک بە ناوی منەوە داوا بکەن دەیکەم، تاکو باوک لە کوڕەکەدا شکۆدار بێت.
14
ئەگەر شتێکتان بە ناوی منەوە داوا کرد، دەیکەم.
بەڵێنی هاتنی ڕۆحی پیرۆز 
15
«ئەگەر منتان خۆشبوێ کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن.
16
منیش داوا لە باوک دەکەم یارمەتیدەرێکی[c] دیکەتان[d] بداتێ کە هەتاهەتایە لەگەڵتان بمێنێتەوە،
17
ڕۆحی ڕاستی، کە جیهان ناتوانێت وەریبگرێت، چونکە نایبینێت و نایناسێت. بەڵام ئێوە دەیناسن، چونکە لەگەڵتان دەمێنێتەوە و لەناو ئێوەدا دەبێت.
18
بە هەتیوی بەجێتان ناهێڵیم، دێمەوە لاتان.
19
پاش ماوەیەکی کەم ئیتر جیهان نامبینێت، بەڵام ئێوە دەمبینن. لەبەر ئەوەی من زیندووم، ئێوەش دەژین.
20
لەو ڕۆژەدا دەزانن من لە باوکمدام، ئێوەش لە مندان، منیش لە ئێوەدام.
21
ئەوەی ڕاسپاردەکانی منی لەلایە و کاریان پێ دەکات، ئەوا منی خۆشدەوێت. ئەوەی منی خۆشبوێ، باوکیشمی خۆشدەوێت، منیش خۆشمدەوێت و خۆمی بۆ دەردەخەم.»
22
ئینجا یەهوزایەکی دیکە، کە یەهوزای ئەسخەریوتی نەبوو، لێی پرسی: «گەورەم، بۆچی دەتەوێ خۆت بۆ ئێمە دەربخەیت، بەڵام بۆ جیهان نا؟»
23
عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەوەی منی خۆشبوێ کار بە وتەکانم دەکات، باوکیشم خۆشی دەوێت و من و باوک دێینە لای و لەلای ئەویش نیشتەجێ دەبین.
24
ئەوەش کە منی خۆشناوێت کار بە وتەکانم ناکات. ئەم وتانەی گوێتان لێی دەبێت هی من نییە، بەڵکو هی ئەو باوکەیە کە ناردوومی.
25
«ئەمانەم پێ گوتن کە هێشتا لەلاتانم.
26
بەڵام یارمەتیدەرەکە، ڕۆحی پیرۆز، ئەوەی باوک بە ناوی منەوە دەینێرێت، ئەو هەموو شتێکتان فێردەکات و هەموو ئەو شتانەی پێم گوتوون بیرتان دەخاتەوە[e] .
ئاشتی عیسا 
27
«ئاشتیتان بۆ بەجێدەهێڵم، ئاشتی خۆمتان دەدەمێ. ئەوەی من دەتاندەمێ وەک ئەوە نییە کە جیهان دەتانداتێ. نیگەران مەبن و مەترسن.
28
«گوێتان لێبوو پێم گوتن: ”دەڕۆم و دێمەوە لاتان.“ ئەگەر منتان خۆشبوێ، دڵشاد دەبن کە دەچمە لای باوک، چونکە باوک لە من مەزنترە.
29
ئەوەتا ئێستا پێش ڕوودانی پێم گوتن، تاکو کاتێک ڕوویدا باوەڕ بهێنن.
30
لەمەولا زۆر قسەتان لەگەڵ ناکەم، چونکە سەرۆکی ئەم جیهانە[f] وا دێت. هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر مندا نییە،
31
بەڵام ئەو دێت تاکو جیهان بزانێت باوکم خۆشدەوێت و بەو شێوەیە کار دەکەم کە باوک ڕایسپاردووم.
«هەستن، با لێرە بڕۆین.
  1. a. 14‏:1 ئەم دەربڕینە لە یۆنانیدا دوو واتا دەبەخشێت. لەمە نزیکترە کە دانراوە، بەم واتایەش دێت: (باوەڕ بە خودا بکەن.)‏
  2. b. 14‏:12 بە واتای لە ژمارە بەدەر و بێ سنووری جوگرافی.‏
  3. c. 14‏:16 لە زمانی یۆنانی بە واتای ئەوەی بانگکراوە و دێتە تەنیشتت بۆ یارمەتیدانت، مەبەستی لە ڕۆحی پیرۆزە کە شوێنی مەسیح دەگرێتەوە لە یارمەتیدانمان.‏
  4. d. 14‏:16 بە زمانی یۆنانی بە واتای (دیکە) لە هەمان جۆر دێت.‏
  5. e. 14‏:26 بەڵێنێکی تایبەتە بۆ ئەوانەی گوێیان لە وتەکانی مەسیح بووە بە هاتنی سروش بۆ نووسینەوەی ئینجیلی پیرۆز.‏
  6. f. 14‏:30 شەیتان.‏