عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
عیسا پێی قوتابییه‌كانی ده‌شوات 
1
پێش جه‌ژنی په‌سخه‌، عیسا ده‌یزانی كاتی هاتووه‌ ئه‌م جیهانه‌ به‌جێبهێڵێت و بۆ لای باوك بگه‌ڕێته‌وه‌، جا ئه‌وانه‌ی هی خۆی بوون له‌ جیهاندا خۆشی ده‌ویستن، تاكو ئه‌وپه‌ڕی خۆشویستن.
2
ژه‌می ئێواره‌ بوو، شه‌یتان خستبوویه‌ دڵی یه‌هوزای ئه‌سخه‌ریوتی كوڕی شیمۆن، كه‌ عیسا به‌ده‌سته‌وه‌ بدات.
3
عیساش ده‌یزانی باوك هه‌موو شتێكی خستووه‌ته‌ ژێر ده‌ستی، له‌ خوداوه‌ هاتووه‌ و بۆ خوداش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
4
له‌سه‌ر خوان هه‌ستا، كه‌واكه‌ی داكه‌ند و خاولییه‌كی هه‌ڵگرت و له‌ ناوقه‌دی به‌ست.
5
پاشان عیسا ئاوی كرده‌ ناو له‌گه‌نێك و ده‌ستی به‌ شوشتنی پێی قوتابییه‌كان كرد و به‌و خاولییه‌ی كه‌ به‌ ناوقه‌دیه‌وه‌ به‌ستبووی پێیانی ده‌یسڕییه‌وه‌.
6
كاتێك گه‌یشته‌ سه‌ر شیمۆن په‌ترۆس، شیمۆن پێی گوت: «گه‌وره‌م تۆ پێی من ده‌شۆیت؟»
7
عیسا له‌ وه‌ڵامدا پێی فه‌رموو: «ئێستا ئه‌مه‌ی ده‌یكه‌م تێیناگه‌یت، به‌ڵام دواتر تێیده‌گه‌یت.»
8
په‌ترۆس پێی گوت: «هه‌رگیز پێم ناشۆیت.»
عیساش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «ئه‌گه‌ر پێت نه‌شۆم، له‌گه‌ڵ من به‌شت نابێت.»
9
جا شیمۆن په‌ترۆس پێی گوت: «گه‌وره‌م، ته‌نها پێم نا، به‌ڵكو ده‌ست و سه‌ریشم!»
10
عیساش پێی فه‌رموو: «ئه‌وه‌ی خۆی شوشتبێت ته‌نها پێویستی به‌ پێ شوشتن هه‌یه‌، ته‌واوی جه‌سته‌ی پاكه‌. ئێوه‌ش پاكن به‌ڵام هه‌مووتان نا.»
11
عیسا فه‌رمووی: «هه‌مووتان پاك نین،» چونكه‌ ده‌یزانی كێ به‌ گرتنی ده‌دات.
12
پاش شوشتنی پێیان كه‌واكه‌ی هه‌ڵگرت و دانیشته‌وه‌، لێی پرسین: «ئایا له‌وه‌ تێگه‌یشتن كه‌ بۆم كردن؟
13
ئێوه‌ به‌ ”مامۆستا“ و ”گه‌وره‌“ بانگم ده‌كه‌ن و ڕاست ده‌كه‌ن، چونكه‌ من وام.
14
جا كه‌ من گه‌وره‌ و مامۆستاتانم و پێم شوشتن، ئێوه‌ش له‌سه‌رتانه‌ پێی یه‌كتری بشۆن.
15
من نموونه‌یه‌كم پێدان تاكو ئه‌وه‌ی بۆم كردن ئێوه‌ش بیكه‌ن.
16
ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: كۆیله‌ له‌ گه‌وره‌كه‌ی گه‌وره‌تر نییه‌، نێردراویش له‌وه‌ی ناردوویه‌تی گه‌وره‌تر نییه‌.
17
ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌تان زانی، خۆزگه‌ ده‌خوازرێت به‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر په‌یڕه‌وتان كرد.
18
«باسی هه‌مووتان ناكه‌م. ئه‌وانه‌ی هه‌ڵمبژاردوون ده‌یانناسم، به‌ڵام تاكو ئه‌وه‌ی له‌ نووسراوه‌ پیرۆزه‌كه‌ هاتووه‌ بێته‌ دی: {ئه‌وه‌ی نمه‌كی كردووم، ناپاكی له‌گه‌ڵم كرد[a] ‏.}[b]
19
«له‌ ئێستاوه‌ پێتان ده‌ڵێم پێش ئه‌وه‌ی ڕووبدات، تاكو كاتێك ڕوویدا باوه‌ڕ بكه‌ن كه‌ من ئه‌وم[c] .
20
ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی پێشوازی له‌وه‌ بكات كه‌ ده‌ینێرم، ئه‌وا پێشوازی له‌ من ده‌كات، ئه‌وه‌ی پێشوازی له‌ من بكات، پێشوازی له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ناردوومی.»
ناپاكی یه‌هوزا 
21
كاتێك عیسا ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، ڕۆحی خه‌مبار بوو و شایه‌تی دا: «ڕاستی ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: یه‌كێكتان به‌ گرتنم ده‌دات.»
22
قوتابییه‌كان سه‌یری یه‌كتریان ده‌كرد و دڵنیا نه‌بوون مه‌به‌ستی له‌ كێیه‌.
23
یه‌كێك له‌ قوتابییه‌كان كه‌ عیسا خۆشی ده‌ویست له‌ته‌نیشتی پاڵیدابووه‌وه‌،
24
شیمۆن په‌ترۆس ئاماژه‌ی بۆ كرد تاكو پرسیار له‌ عیسا بكات كه‌ مه‌به‌ستی له‌ كێیه‌.
25
ئه‌ویش شانی دا به‌سه‌ر سنگی عیسادا و پێی گوت: «گه‌وره‌م، كێیه‌؟»
26
عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ ئه‌م پارووه‌ نانه‌ له‌ قاپه‌كه‌ هه‌ڵده‌كێشم و ده‌یده‌مێ.» ئینجا پارووه‌كه‌ی له‌ قاپه‌كه‌ هه‌ڵكێشا و دای به‌ یه‌هوزای كوڕی شیمۆنی ئه‌سخه‌ریوتی.
27
هه‌ر كه‌ پارووه‌كه‌ی وه‌رگرت، شه‌یتان چووه‌ ناویه‌وه‌.
عیساش پێی فه‌رموو: «ئه‌وه‌ی به‌ته‌مای بیكه‌یت، خێرا بیكه‌.»
28
هیچ كه‌سێك له‌وانه‌ی له‌سه‌ر خوانه‌كه‌ له‌گه‌ڵی دانیشتبوون تێنه‌گه‌یشتن بۆچی عیسا ئه‌مه‌ی پێ فه‌رموو.
29
هه‌ندێكیان وایانزانی عیسا پێی ده‌فه‌رموێ كه‌ چییان پێویسته‌ بۆ جه‌ژن بیكڕێت، یان شتێك بداته‌ هه‌ژاران، چونكه‌ سندوقی پاره‌ش له‌لای یه‌هوزا بوو.
30
ئه‌ویش كه‌ پارووه‌كه‌ی وه‌رگرت یه‌كسه‌ر چووه‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌و كاته‌ شه‌و بوو.
ڕاسپارده‌ی نوێ 
31
كاتێك چووه‌ ده‌ره‌وه‌، عیسا فه‌رمووی: «ئێستا كوڕی مرۆڤ شكۆدار كرا و خوداش تێیدا شكۆدار كرا.
32
جا ئه‌گه‌ر خودا تێیدا شكۆدار كرا، خوداش كوڕه‌كه‌ له‌ خۆیدا شكۆدار ده‌كات، ده‌ستبه‌جێ شكۆداری ده‌كات.
33
«ڕۆڵه‌كانم، ماوه‌یه‌كی كورت له‌گه‌ڵتاندا ده‌بم. جا به‌دوامدا ده‌گه‌ڕێن، به‌ڵام وه‌ك چۆن به‌ جوله‌كه‌كانم گوت، ئێستا به‌ ئێوه‌شی ده‌ڵێم: ئێوه‌ ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ من بۆی ده‌چم.
34
«من ڕاسپارده‌یه‌كی نوێتان ده‌ده‌مێ: یه‌كتریتان خۆشبوێ. وه‌ك خۆشمویستن، ئێوه‌ش به‌و جۆره‌ یه‌كتریتان خۆشبوێ.
35
به‌مه‌ هه‌موو خه‌ڵك ده‌زانن كه‌ قوتابی منن، ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستیتان بۆ یه‌كتری هه‌بێت.»
پێشبینیكردنی نكۆڵی په‌ترۆس 
36
شیمۆن په‌ترۆسیش لێی پرسی: «گه‌وره‌م، بۆ كوێ ده‌چیت؟»
عیساش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «ئه‌و شوێنه‌ی بۆی ده‌چم، ئێستا ناتوانیت دوامبكه‌ویت، به‌ڵام دواتر دوام ده‌كه‌ویت.»
37
دیسان په‌ترۆس لێی پرسی: «گه‌وره‌م، بۆچی ئێستا ناتوانم دواتبكه‌وم؟ ژیانم بۆ تۆ داده‌نێم.»
38
عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «ژیانت بۆ من داده‌نێیت؟ ڕاستی ڕاستیت پێ ده‌ڵێم: پێش خوێندنی كه‌ڵه‌شێر، تۆ سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت!
  1. a. 13‏:18 یۆنانی: گۆزینگی لێ به‌رز كردمه‌وه‌.
  2. b. 13‏:18 \+xt زه‌بووره‌كان 41‏:9.‏\+xt*‏
  3. c. 13‏:19 مه‌به‌ستی له‌ مه‌سیحه‌.