عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - سکاڵانامەی یەرمیا
- 1
- ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت
 کاتێک سکاڵای خۆم بۆ تۆ دەهێنم.
 لەگەڵ ئەوەشدا سەبارەت بە حوکمەکانی تۆ دەدوێم:
 بۆچی ڕێگای بەدکاران سەرکەوتووە؟
 بۆچی هەموو ناپاکەکان ئاسوودەن؟
- 2
- ئەوانت چاند و ڕەگیان داکوتا،
 گەشەیان کرد و بەریان دا.
 تۆ هەردەم لەسەر زاری ئەوانیت
 بەڵام لە دڵیان دووریت.
- 3
- بەڵام ئەی یەزدان، تۆ دەمناسیت،
 دەمبینیت و لەلای خۆت دڵی من تاقی دەکەیتەوە.
 وەک مەڕ بۆ سەربڕین جیایان بکەوە!
 بۆ ڕۆژی کوشتن تەرخانیان بکە!
- 4
- هەتا کەی زەوی بگریێ و
 گیای هەموو کێڵگەکان وشک بێت؟
 لەبەر خراپەی دانیشتووانەکەی
 ئاژەڵ و باڵندە لەناوچوون،
 چونکە گوتیان: «خودا کۆتایی ئێمە نابینێت.»
- وەڵامی خودا
- 5
- «ئەگەر لە ڕاکردن لەگەڵ پیادەکان ماندوو بیت،
 ئەی چۆن پێشبڕکێ لەگەڵ ئەسپەکان دەکەیت؟
 ئەگەر لەسەر خاکێکی سەلامەت ساتمە دەکەیت و دەکەویت،
 ئەی لە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردون چی دەکەیت؟
- 6
- براکانت و بنەماڵەکەشت،
 ئەوانیش ناپاکییان لەگەڵ کردیت،
 ئەوانیش پڕ بەدەم بەدواتدا هاواریان کرد.
 لێیان دڵنیا مەبە، هەرچەندە باسی چاکەشیان بۆ کردیت.
- 7
- «واز لە ماڵی خۆم دەهێنم،
 میراتی خۆم ڕەت دەکەمەوە،
 ئەویندارەکەی خۆم
 دەخەمە چنگی دوژمەنەکانیەوە.
- 8
- میراتەکەم لێم دەبێتە
 شێرێک لە دارستان،
 بەسەرمدا دەنەڕێنێت،
 لەبەر ئەوە دژایەتی دەکەم.
- 9
- ئایا میراتەکەم مەلی گۆشتخۆری خاڵدارە،
 کە مەلە گۆشتخۆرەکانی دیکە چواردەوریان داوە و هێرشیان کردووەتە سەری؟
 بڕۆن هەموو ئاژەڵە کێوییەکان کۆبکەنەوە،
 بیانهێنن بۆ خواردن.
- 10
- زۆر شوان ڕەزەمێوەکەی من تێکدەدەن،
 کێڵگەکەی من پێپەست دەکەن.
 کێڵگە ئارەزووبەخشەکەی من
 دەکەنە چۆڵەوانییەکی کاول.
- 11
- دەیکەنە کاولگە،
 کاولگە شیوەن بۆ من دەگێڕێت.
 هەموو زەوی کاول دەبێت،
 چونکە کەس نییە گرنگی پێبدات.
- 12
- لەسەر هەموو گردۆڵکەکانی چۆڵەوانی
 تاڵانکەران دێن،
 چونکە شمشێری یەزدان
 لەوپەڕی زەوییەوە هەتا ئەم پەڕی دەخوات،
 ئاشتی بۆ هیچ کەسێک نابێت.
- 13
- گەنم دەچێنن و دڕک دەدورنەوە،
 ماندوو دەبن و قازانج ناکەن.
 ئیتر شەرمەزار دەبن لە بەروبوومەکەتان،
 لە گڕی تووڕەیی یەزدان.»
- 14
- یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەو نەتەوە بەدکارانەی دراوسێم کە دەستیان لە میراتەکەم دا کە دامە ئیسرائیلی گەلەکەم، ئەوەتا لە خاکەکەدا ڕیشەکێشیان دەکەم و بنەماڵەی یەهوداش لە ناوەڕاستیان ڕیشەکێش دەکەم.
- 15
- لەدوای ئەوەی ڕیشەکێشیان دەکەم، دەگەڕێمەوە بەزەییم پێیاندا دێتەوە، هەریەکە بۆ میراتەکەی خۆی و بۆ خاکەکەی خۆی دەگەڕێنمەوە.
- 16
- لە ڕابردوو گەلەکەی منیان فێرکرد سوێند بە ناوی بەعل بخۆن، بەڵام ئەگەر ئێستا بە تەواوی فێری نەریتی گەلەکەی من ببن، ئەگەر سوێندیان بە ناوی من خوارد و گوتیان: ”بە یەزدانی زیندوو،“ ئەوا لەنێو گەلەکەم بنیاد دەنرێن.
- 17
- بەڵام هەر نەتەوەیەک ئەگەر گوێ نەگرێت، من لە ڕەگەوە ڕیشەکێشی دەکەم و لەناوی دەبەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

