عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پشتێنێكی كه‌تان 
1
یه‌زدان ئه‌مه‌ی پێ فه‌رمووم: «بڕۆ پشتێنێكی كه‌تان بۆ خۆت بكڕه‌ و له‌ ناوقه‌دی خۆتی ببه‌سته‌، به‌ڵام مه‌یخه‌ره‌ ناو ئاوه‌وه‌.»
2
منیش پشتێنم كڕی، به‌پێی فه‌رمانی یه‌زدان، له‌ ناوقه‌دی خۆمم به‌ست.
3
ئینجا دووباره‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات:
4
«ئه‌و پشتێنه‌ی كه‌ كڕیت، كه‌ له‌ ناوقه‌دت به‌ستاوه‌، هه‌سته‌ و بڕۆ بیبه‌ په‌رات[a] و له‌وێ له‌ كه‌لێنی به‌ردێك بیشاره‌وه‌.»
5
منیش به‌پێی ئه‌وه‌ی یه‌زدان فه‌رمانی پێ كردم چووم و له‌ په‌رات شاردمه‌وه‌.
6
دوای ماوه‌یه‌كی درێژ، یه‌زدان پێی فه‌رمووم: «هه‌سته‌، بڕۆ بۆ په‌رات و له‌وێ ئه‌و پشتێنه‌ هه‌ڵبگره‌ كه‌ فه‌رمانم پێكردیت له‌وێ بیشاریته‌وه‌.»
7
منیش چووم بۆ په‌رات، هه‌ڵمكۆڵی و پشتێنه‌كه‌م له‌و شوێنه‌ هه‌ڵگرته‌وه‌ كه‌ تێیدا شاردبوومه‌وه‌، ئه‌وه‌تا ڕزیوه‌ و به‌ كه‌ڵكی هیچ نایه‌ت.
8
ئینجا فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات:
9
«یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”ئاوا شانازی یه‌هودا و شانازییه‌ مه‌زنه‌كه‌ی ئۆرشه‌لیم ده‌ڕزێنم.
10
ئه‌م گه‌له‌ به‌دكاره‌ی نایه‌وێت گوێ له‌ قسه‌ی من بگرێت و به‌دوای كه‌لله‌ڕه‌قی خۆی كه‌وتووه‌، به‌دوای خوداوه‌نده‌كانی دیكه‌ ده‌كه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی بیانپه‌رستێت و كڕنۆشیان بۆ ببات، وه‌ك ئه‌م پشتێنه‌ی لێدێت كه‌ به‌ كه‌ڵكی هیچ نایه‌ت.
11
وه‌ك چۆن پشتێن له‌ پشتی مرۆڤ ده‌به‌سرتێت، ئاوا هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل و هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی یه‌هودام له‌ پشتی خۆم به‌ست، هه‌تا ببنه‌ گه‌لی من و ناو و شانازی و شكۆمه‌ندی، به‌ڵام گوێیان نه‌گرت.“» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
نموونه‌ی گۆزه‌ی شه‌راب 
12
«جا ئه‌م فه‌رمایشته‌یان پێ ڕابگه‌یه‌نه‌: ”یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: هه‌موو گۆزه‌یه‌كی شه‌راب پڕ شه‌راب ده‌بێت.“ جا پێت ده‌ڵێن: ”بۆ ئێمه‌ نازانین هه‌موو گۆزه‌یه‌كی شه‌راب پڕ شه‌راب ده‌بێت؟“
13
تۆش پێیان ده‌ڵێیت: ”یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: ئه‌وه‌تا من هه‌موو دانیشتووانی ئه‌م خاكه‌ پڕ ده‌كه‌م له‌ سه‌رخۆشی، ئه‌و پاشایانه‌ی له‌ داودن، له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی دانیشتوون، كاهین و پێغه‌مبه‌ران و هه‌موو دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم.
14
به‌ یه‌كتری وردوخاش ده‌كه‌م، باوك و كوڕ پێكه‌وه‌، دڵم ناسووتێت و ده‌ست ناپارێزم و به‌زه‌ییم نایه‌ته‌وه‌ له‌ له‌ناوبردنیان.“» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
مه‌ترسی ڕاپێچكراوان 
15
گوێ بگرن و گوێ شل بكه‌ن،
لووتبه‌رز مه‌بن،
چونكه‌ یه‌زدان فه‌رموویه‌تی.
16
شكۆ بده‌نه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان
به‌ر له‌وه‌ی تاریكی دابێنێت،
به‌ر له‌وه‌ی په‌ل بكوتن
له‌سه‌ر چیا به‌ر له‌ تاریكایی شه‌و.
ئێوه‌ خوازیاری ڕووناكین
به‌ڵام ئه‌و ده‌یكاته‌ سێبه‌ری مه‌رگ،
ده‌یكاته‌ ئه‌نگوسته‌چاو.
17
به‌ڵام ئه‌گه‌ر گوێ نه‌گرن،
به‌ نهێنی ده‌گریێم
له‌به‌ر لووتبه‌رزیتان،
چاوه‌كانم به‌كوڵ ده‌گریێن و
فرمێسك ده‌ڕێژێت،
چونكه‌ مێگه‌لی یه‌زدان ڕاپێچ كرا.
18
به‌ پاشا و به‌ شاژنی دایك بڵێ:
«له‌سه‌ر ته‌خته‌كان وه‌رنه‌ خواره‌وه‌،
چونكه‌ تاجی شكۆمه‌ندیتان
له‌سه‌رتان دێته‌ خواره‌وه‌.»
19
شاره‌كانی نه‌قه‌ب داده‌خرێن و
كه‌س نییه‌ بیانكاته‌وه‌.
هه‌موو یه‌هودا ڕاپێچ ده‌كرێ،
سه‌راپای ڕاپێچ ده‌كرێن.
20
چاوت هه‌ڵبڕه‌[b] و
ئه‌وانه‌ ببینه‌ كه‌ له‌ باكووره‌وه‌ دێن!
كوا ئه‌و مێگه‌له‌ی پێت درا،
ئه‌و مه‌ڕانه‌ی شانازیت پێوه‌ ده‌كردن؟
21
چی ده‌ڵێی كاتێك یه‌زدان ئه‌وانه‌ت له‌سه‌ر داده‌نێت
كه‌ فێری هاوپه‌یمانیت كردن؟
ئایا ژان ناتگرێت
وه‌ك ئه‌و ژنه‌ی منداڵی ده‌بێت؟
22
ئه‌گه‌ر له‌ دڵی خۆتدا بڵێی،
«بۆچی ئه‌مانه‌م به‌سه‌رهات؟»
له‌به‌ر زۆری تاوانت، دامێنت هه‌ڵكرا
ده‌ستدرێژییان كرده‌ سه‌رت.
23
ئایا حه‌به‌شی ده‌توانێت پێستی خۆی بگۆڕێت،
یان پڵنگ به‌ڵه‌كه‌كانی؟
ئێوه‌ش ناتوانن چاكه‌ بكه‌ن،
كه‌ له‌ خراپه‌ ڕاهاتوون!
24
«وه‌ك پووش په‌رتیان ده‌كه‌م
كه‌ بای چۆڵه‌وانی هه‌ڵیده‌گرێت.»
25
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «ئه‌مه‌ به‌ختی تۆیه‌،
ئه‌و به‌شه‌ی له‌لایه‌ن منه‌وه‌ پێتدراوه‌،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی منت له‌بیر كرد و
پشتت به‌ خوداوه‌ندی درۆیین به‌ست.
26
منیش دامێنت به‌سه‌ر ڕووتدا هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه‌،
ئینجا ده‌ستدریژیت ده‌كرێته‌ سه‌ر!
27
داوێنپیسی و حیلاندنت،
بێڕوویی له‌شفرۆشیت!
له‌سه‌ر گرده‌كان له‌ كێڵگه‌
قێزه‌ونییه‌كانی تۆم بینی.
ئه‌ی ئۆرشه‌لیم، قوڕبه‌سه‌رت!
هه‌تا كه‌ی پاك نابیته‌وه‌؟»
  1. a. 13‏:4 په‌رات: یان ده‌شێت ڕووباری فورات بێت.
  2. b. 13‏:20 مه‌به‌ستی له‌ شاری ئۆرشه‌لیمه‌.