عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
شكاندنی په‌یمانه‌كه‌ 
1
ئه‌مه‌ ئه‌و په‌یامه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن یه‌زدانه‌وه‌ بۆ یه‌رمیا هات:
2
«گوێ له‌ به‌نده‌كانی ئه‌و په‌یمانه‌ بگرن و له‌گه‌ڵ پیاوانی یه‌هودا و دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم پێی بدوێن.
3
پێیان ده‌ڵێیت كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”نه‌فره‌ت لێكراوه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی گوێڕایه‌ڵی به‌نده‌كانی ئه‌و په‌یمانه‌ نابێت،
4
كه‌ من فه‌رمانم به‌ باوباپیرانتان كرد، له‌و ڕۆژه‌ی له‌ خاكی میسر، له‌ناو كووره‌ی ئاسن ده‌رمهێنان.“ فه‌رمووم: ”گوێم لێ بگرن و كاریان پێ بكه‌ن به‌پێی هه‌موو ئه‌وه‌ی فه‌رمانتان پێ ده‌كه‌م. جا ده‌بن به‌ گه‌لی من و منیش ده‌بم به‌ خودای ئێوه‌،
5
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و سوێنده‌ به‌جێبهێنم كه‌ بۆ باوباپیرانتان خواردم كه‌ خاكێكیان بده‌مێ شیر و هه‌نگوینی لێ بڕژێته‌وه‌،“ هه‌روه‌ك ئه‌و خاكه‌ی ئه‌مڕۆ تێیدان.»
منیش وه‌ڵامم دایه‌وه‌: «ئامین، ئه‌ی یه‌زدان!»
6
ئینجا یه‌زدان پێی فه‌رمووم: «ته‌واوی ئه‌م په‌یامه‌ له‌ناو شارۆچكه‌كانی یه‌هودا و له‌ شه‌قامه‌كانی ئۆرشه‌لیم ڕابگه‌یه‌نه‌ و بڵێ: ”گوێ له‌ به‌نده‌كانی ئه‌م په‌یمانه‌ بگرن و كاریان پێ بكه‌ن،
7
چونكه‌ له‌و ڕۆژه‌وه‌ كه‌ باوباپیرانی ئێوه‌م له‌ خاكی میسره‌وه‌ هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ، به‌ ته‌واوی و به‌رده‌وام ئاگادارم كردوونه‌ته‌وه‌ و به‌ ڕوونی فه‌رموومه‌: ’گوێم لێ بگرن.‘
8
نه‌ گوێیان گرت و نه‌ گوێیان شل كرد، هه‌ریه‌كه‌ به‌دوای كه‌لله‌ڕه‌قییه‌ خراپه‌كه‌ی خۆی كه‌وت، جا منیش هه‌موو نه‌فره‌ته‌كانی ئه‌م په‌یمانه‌م به‌سه‌ریاندا هێنا، ئه‌وه‌ی فه‌رمانم پێكردن كه‌ كاری پێ بكه‌ن، به‌ڵام نه‌یانكرد.“»
9
ئینجا یه‌زدان پێی فه‌رمووم: «به‌ پیلانگێڕیم زانیوه‌ له‌نێو پیاوانی یه‌هودا و دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم.
10
گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر تاوانی باوباپیرانی پێشوویان، كه‌ ڕه‌تیان كرده‌وه‌ گوێ له‌ په‌یامه‌كه‌م بگرن، كه‌وتنه‌ دوای خوداوه‌نده‌كانی دیكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیانپه‌رستن. بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل و بنه‌ماڵه‌ی یه‌هودا ئه‌و په‌یمانه‌یان شكاند كه‌ له‌گه‌ڵ باوباپیرانیان به‌ستم.
11
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”ئه‌وه‌تا من به‌ڵایه‌كیان به‌سه‌ردا ده‌هێنم كه‌ نه‌توانن لێی ده‌رباز بن، جا هاوارم بۆ ده‌كه‌ن و منیش گوێیان لێ ناگرم.
12
شارۆچكه‌كانی یه‌هودا و دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم ده‌چن و هاوار ده‌به‌ن بۆ ئه‌و خوداوه‌ندانه‌ی بخووریان بۆ ده‌سووتێنن، به‌ڵام ئه‌وان له‌ كاتی به‌ڵایان ڕزگاریان ناكه‌ن.
13
ئه‌ی یه‌هودا، خوداوه‌نده‌كانت هێنده‌ی ژماره‌ی شارۆچكه‌كانت بوون، قوربانگاتان هێنده‌ی ژماره‌ی شه‌قامه‌كانی ئۆرشه‌لیم بوون بۆ بخوور سووتاندن بۆ خوداوه‌ندی به‌علی شه‌رمه‌زاری.“
14
«تۆش له‌ پێناوی ئه‌م گه‌له‌ نوێژ مه‌كه‌ و له‌ پێناویان پاڕانه‌وه‌ و نزا به‌رز مه‌كه‌ره‌وه‌، چونكه‌ له‌ كاتی هاواركردنیان بۆم له‌به‌ر به‌ڵاكه‌یان گوێیان لێ ناگرم.
15
«ئه‌ی ئه‌وینداره‌كه‌م، له‌ په‌رستگاكه‌م چی ده‌كه‌یت،
پلانگێڕیت له‌گه‌ڵ زۆر لایه‌ن داڕشتووه‌،
ئایا گۆشتی قوربانی پیرۆزكراو سزات له‌سه‌ر لاده‌بات؟
كاتێك خراپه‌ ده‌كه‌یت،
ئینجا دڵخۆش ده‌بیت.»
16
یه‌زدان ناوی لێنایت زه‌یتوونی سه‌وز
له‌گه‌ڵ به‌روبووم به‌ شێوه‌ی جوان،
به‌ڵام به‌ ده‌نگی هاتوهه‌رایه‌كی گه‌وره‌
ئاگری له‌سه‌ر كرده‌وه‌
جا لقه‌كانی ده‌شكێنرێن.
17
یه‌زدانی سوپاسالار، ئه‌وه‌ی تۆی چاند، بڕیاری دا تووشی به‌ڵاتان بكات، له‌به‌ر خراپه‌كه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل و بنه‌ماڵه‌ی یه‌هودا، كه‌ بخووریان بۆ به‌عل سووتاند، به‌و خراپه‌یه‌ په‌ستیان كردم.
پیلان له‌ دژی یه‌رمیا 
18
یه‌زدان پیلانی ئه‌وانی بۆ من ئاشكرا كرد، جا زانیم، له‌م كاته‌دا كرداره‌كانی ئه‌وانی پیشاندام.
19
منیش وه‌ك به‌رخێكی ده‌سته‌مۆ بۆ سه‌ربڕین ببردرێت، نه‌مزانی پیلانیان له‌ دژی من گێڕاوه‌ و ده‌ڵێن:
«با داره‌كه‌ به‌ به‌ره‌كه‌یه‌وه‌ له‌ناو ببه‌ین،
با له‌ خاكی زیندووان بیبڕینه‌وه‌،
ئیتر یادی ناوی ناكرێته‌وه‌.»
20
به‌ڵام تۆ، ئه‌ی یه‌زدانی سوپاسالار، دادوه‌ری ڕاستودروست،
تاقیكه‌ره‌وه‌ی مێشك و دڵ،
با تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ت له‌وان ببینم،
چونكه‌ كێشه‌ی خۆمم به‌ تۆ سپارد.
21
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدان ئه‌مه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ پیاوانی عه‌ناتۆت، ئه‌وانه‌ی داوای گیانی تۆ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: ”به‌ ناوی یه‌زدانه‌وه‌ په‌یام ڕامه‌گه‌یه‌نه‌، با به‌ ده‌ستی خۆمان نه‌تكوژین.“
22
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی سوپاسالار ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”من سزایان ده‌ده‌م، لاوان به‌ شمشێر ده‌مرن و كوڕ و كچیشیان به‌ قاتوقڕی ده‌مرن.
23
پاشماوه‌شیان بۆ نامێنێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ ساڵی سزادانیان به‌ڵا به‌سه‌ر پیاوانی عه‌ناتۆتدا ده‌هێنم.“»