عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - کەللەڕەقیی ئیسرائیل
- 1
- «گوێ لەمە بگرن، ئەی بنەماڵەی یاقوب،
 ئێوە پێتان دەگوترێت ئیسرائیل،
 ئێوە لە پشتی یەهوداوە دەرچوون،
 ئێوە بە ناوی یەزدانەوە سوێند دەخۆن،
 ناوی خودای ئیسرائیل دەهێنن،
 بەڵام نەک بە دڵسۆزی و نەک بە ڕاستودروستی،
- 2
- بە خۆتان دەڵێن، خەڵکی شاری پیرۆز و
 خۆتان دەدەنە پاڵ خودای ئیسرائیل
 کە ناوی یەزدانی سوپاسالارە:
- 3
- سەرەتاکانم لە کۆنەوە ڕاگەیاندووە،
 لە دەمی منەوە هاتوونەتە دەرەوە و وام کرد ببیسترێن،
 لەپڕ کردم و ڕوویان دا.
- 4
- دەمزانی ئێوە کەللەڕەقن و
 ملتان دەماری ئاسنینە و
 ناوچەوانتان بڕۆنزە.
- 5
- لەبەر ئەوە لە کۆنەوە ئەمانەم پێ ڕاگەیاندن،
 وام کرد پێش ئەوەی ڕووبدەن ئێوە گوێتان لێی بێت،
 نەوەک بڵێن: ”بتەکەم کردی،
 خوداوەندە دەستکردەکەم فەرمانی دا.“
- 6
- ئێوە گوێتان لێ بوو، جا بڕواننە هەمووی.
 ئەی ئێوە دانی پێدا نانێن؟
 «وا دەکەم لە ئێستاوە گوێتان لە شتە نوێیەکان بێت،
 ئەو نهێنییانەی کە نایانزانن.
- 7
- ئێستا بەدیهێنران، لە کۆنەوە نەبوون،
 بەر لە ئەمڕۆ نەتانبیستبوون
 نەوەک بڵێن،
 ”ئەوەتا دەمانزانی.“
- 8
- هەروەها نە گوێتان لێ بوو نە زانیشتان،
 لە کۆنەوەش گوێت نەکردەوە.
 باش دەزانم چۆن بە تەواوی ناپاکی دەکەن،
 لەناو سکی دایکتانەوە پێتان گوترا: ”یاخی.“
- 9
- لە پێناوی ناوی خۆم تووڕەییەکەم دوا دەخەم،
 لە پێناوی ستایشم دانبەخۆمدا دەگرم،
 نەوەک بتانبڕمەوە.
- 10
- ئەوەتا ئێوەم پاڵاوت، بەڵام نەک وەکو زیو،
 لەناو کوورەی ئازارچێژتن تاقیم کردنەوە.
- 11
- لە پێناوی خۆم، لە پێناوی خۆم دەیکەم،
 چۆن ڕێگا دەدەم ناوی من گڵاو بکرێت؟
 شکۆمەندیم بە یەکێکی دیکە نادەم.
- دەربازکردنی ئیسرائیل
- 12
- «ئەی یاقوب، گوێم لێ بگرن،
 ئەی ئیسرائیل، ئەوانەی کە بانگم کردن.
 ئەوە منم،
 من سەرەتا و من کۆتاییم.
- 13
- دەستی من زەوی دامەزراند،
 دەستی ڕاستم ئاسمانی لێککردەوە.
 کاتێک من بانگیان دەکەم،
 پێکەوە دەوەستن.
- 14
- «هەمووتان کۆبنەوە و گوێ بگرن!
 کام لە بتەکان ئەمەی ڕاگەیاندووە؟
 هاوپەیمانی خۆشەویستی یەزدان،[a]
 هەرچی پێ خۆش بێت بە بابلی دەکات،
 بازووشی لە دژی بابلییەکان دەبێت.
- 15
- من، من قسەم کرد و بانگم کرد،
 هێنام و ڕێگاکەشی سەرکەوتوو دەبێت.
- 16
- «وەرنە پێش بۆ لام، گوێ لەمە بگرن:
 «لە سەرەتاوە بە نهێنی قسەم نەکرد،
 کاتێک ڕوودەدات، من لەوێم.»
 ئێستاش یەزدانی باڵادەست منی نارد
 لەگەڵ ڕۆحی خۆی.
- 17
- یەزدان، ئەوەی دەتانکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل،
 ئەمە دەفەرموێت:
 «من یەزدانی پەروەردگارتانم،
 فێرتان دەکەم بۆ ئەوەی سوود وەربگرن،
 بەو ڕێگایەدا دەتانبەم کە دەبێت بیگرنەبەر.
- 18
- خۆزگە گوێتان لە فەرمانەکانم دەگرت،
 جا ئاشتیتان وەک ڕووبار دەبوو،
 ڕاستودروستیشتان وەک شەپۆلی دەریا.
- 19
- نەوەکانتان وەک لم دەبوو،
 وەچەتان وەک دەنکی لم،
 ناویان لەبەردەمم نە دەبڕایەوە و
 نە لەناودەچوو.»
- 20
- لە بابل بچنە دەرەوە،
 لە بابلییەکان هەڵبێن!
 بە هاواری خۆشییەوە ڕایبگەیەنن،
 جاڕی ئەمە بدەن.
 سەرتاسەری زەوی لێ ئاگادار بکەنەوە،
 بڵێن: «یەزدان یاقوبی بەندەی کڕییەوە.»
- 21
- تینوو نەبوون کە بە چۆڵەوانیدا بردنی،
 لە تاشەبەردەوە ئاوی بۆ هەڵقوڵاندن،
 تاشەبەردی شەقکرد و
 ئاو تەقییەوە.
- 22
- یەزدان دەفەرموێت: «ئاشتی بۆ بەدکاران نییە.»
- a. 48:14 مەبەست لە کۆرشی پاشایە.

