عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
كه‌لله‌ڕه‌قی ئیسرائیل 
1
«گوێ له‌مه‌ بگرن، ئه‌ی بنه‌ماڵه‌ی یاقوب،
ئێوه‌ پێتان ده‌گوترێت ئیسرائیل،
ئێوه‌ له‌ پشتی یه‌هوداوه‌ ده‌رچوون،
ئێوه‌ به‌ ناوی یه‌زدانه‌وه‌ سوێند ده‌خۆن،
ناوی خودای ئیسرائیل ده‌هێنن،
به‌ڵام نه‌ك به‌ دڵسۆزی و نه‌ك به‌ ڕاستودروستی،
2
به‌ خۆتان ده‌ڵێن، خه‌ڵكی شاری پیرۆز و
خۆتان ده‌ده‌نه‌ پاڵ خودای ئیسرائیل
كه‌ ناوی یه‌زدانی سوپاسالاره‌:
3
سه‌ره‌تاكانم له‌ كۆنه‌وه‌ ڕاگه‌یاندووه‌،
له‌ ده‌می منه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و وام كرد ببیسترێن،
له‌پڕ كردم و ڕوویان دا.
4
چونكه‌ ده‌مزانی ئێوه‌ كه‌لله‌ڕه‌قن و
ملتان ده‌ماری ئاسنینه‌ و
ناوچه‌وانتان بڕۆنزه‌.
5
له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ كۆنه‌وه‌ ئه‌مانه‌م پێ ڕاگه‌یاندن،
وام كرد پێش ئه‌وه‌ی ڕووبده‌ن ئێوه‌ گوێتان لێی بێت،
نه‌وه‌ك بڵێن: ”بته‌كه‌م كردی،
خوداوه‌نده‌ ده‌ستكرده‌كه‌م فه‌رمانی دا.“
6
ئێوه‌ گوێتان لێ بوو، جا بڕواننه‌ هه‌مووی.
ئه‌ی ئێوه‌ دانی پێدا نانێن؟
«وا ده‌كه‌م له‌ ئێستاوه‌ گوێتان له‌ شته‌ نوێیه‌كان بێت،
ئه‌و نهێنییانه‌ی كه‌ نایانزانن.
7
ئێستا به‌دیهێنران، له‌ كۆنه‌وه‌ نه‌بوون،
به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ نه‌تانبیستبوون
نه‌وه‌ك بڵێن،
”ئه‌وه‌تا ده‌مانزانی.“
8
هه‌روه‌ها نه‌ گوێتان لێ بوو نه‌ زانیشتان،
له‌ كۆنه‌وه‌ش گوێت نه‌كرده‌وه‌.
باش ده‌زانم چۆن به‌ ته‌واوی ناپاكی ده‌كه‌ن،
له‌ناو سكی دایكتانه‌وه‌ پێتان گوترا: ”یاخی.“
9
له‌ پێناوی ناوی خۆم تووڕه‌ییه‌كه‌م دواخست،
له‌ پێناوی ستایشم دانبه‌خۆمدا ده‌گرم،
نه‌وه‌ك بتانبڕمه‌وه‌.
10
ئه‌وه‌تا ئێوه‌م پاڵاوت، به‌ڵام نه‌ك وه‌كو زیو،
له‌ناو كووره‌ی ئازار چێژتن تاقیم كردنه‌وه‌.
11
له‌ پێناوی خۆم، له‌ پێناوی خۆم ده‌یكه‌م،
چونكه‌ چۆن ناوی من گڵاو بكرێت؟
شكۆمه‌ندیم به‌ یه‌كێكی دیكه‌ ناده‌م.
ده‌ربازكردنی ئیسرائیل 
12
«ئه‌ی یاقوب، گوێم لێ بگرن،
ئه‌ی ئیسرائیل، بانگم كردن.
ئه‌وه‌ منم،
من سه‌ره‌تا و من كۆتاییم.
13
ده‌ستی من زه‌وی دامه‌زراند،
ده‌سته‌ ڕاستم ئاسمانی لێككرده‌وه‌.
كاتێك من بانگیان ده‌كه‌م،
پێكه‌وه‌ ده‌وه‌ستن.
14
«هه‌مووتان كۆبنه‌وه‌ و گوێ بگرن!
كام له‌ بته‌كان ئه‌مه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌؟
هاوپه‌یمانی خۆشه‌ویستی یه‌زدان،[a]
هه‌رچی پێ خۆش بێت به‌ بابلی ده‌كات،
بازووشی له‌ دژی كلدانییه‌كان ده‌بێت.
15
من، من قسه‌م كرد و بانگم كرد،
هێنام و ڕێگاكه‌شی سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت.
16
«وه‌رنه‌ پێش بۆ لام، گوێ له‌مه‌ بگرن:
«له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ نهێنی قسه‌م نه‌كرد،
له‌ كاتی ڕوودانی من له‌وێم.»
ئێستاش یه‌زدانی باڵاده‌ست منی نارد
له‌گه‌ڵ ڕۆحی خۆی.
17
یه‌زدان، ئه‌وه‌ی ده‌تانكڕێته‌وه‌، پیرۆزه‌كه‌ی ئیسرائیل،
ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«من یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانم،
فێرتان ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی سوود وه‌ربگرن،
به‌ ڕێگایه‌كدا ده‌تانبه‌م هه‌تا بیگرنه‌به‌ر.
18
خۆزگه‌ گوێتان له‌ فه‌رمانه‌كانم ده‌گرت،
جا ئاشتیتان وه‌ك ڕووبار ده‌بوو،
ڕاستودروستیشتان وه‌ك شه‌پۆلی ده‌ریا.
19
توخمتان وه‌ك لم ده‌بوو،
وه‌چه‌تان وه‌ك ده‌نكی لم،
ناویان له‌به‌رده‌مم نه‌ ده‌بڕایه‌وه‌ و
نه‌ له‌ناوده‌چوو.»
20
له‌ بابل بچنه‌ ده‌ره‌وه‌،
له‌ بابلییه‌كان هه‌ڵبێن!
به‌ هاواری خۆشییه‌وه‌ ڕایبگه‌یه‌نن،
جاڕی ئه‌مه‌ بده‌ن.
به‌ڕێی بخه‌ن هه‌تا ئه‌وپه‌ڕی زه‌وی،
بڵێن: «یه‌زدان یاقوبی به‌نده‌ی كڕییه‌وه‌.»
21
تینوو نه‌بوون كه‌ به‌ چۆڵه‌وانیدا بردنی،
له‌ تاشه‌به‌رده‌وه‌ ئاوی بۆ هه‌ڵقوڵاندن،
تاشه‌به‌ردی شه‌ق كرد و
ئاو ته‌قییه‌وه‌.
22
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «ئاشتی بۆ به‌دكاران نییه‌.»
  1. a. 48‏:14 مه‌به‌ست له‌ كۆرشی پاشایه‌.