عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - کەوتنی بابل
- 1
- «دابەزە و لەسەر خۆڵ دابنیشە،
 ئەی بابلی کچە پاکیزە[a] .
 بەبێ تەخت لەسەر زەوی دابنیشە،
 کچی بابلییەکان،
 چونکە چیتر پێت ناگوترێت
 ناسک و نازدار.
- 2
- دەستاڕ ببە و باراش بهاڕە،
 عەبات فڕێبدە،
 دامێن هەڵبکە و قاچ بەدەرخە،
 لە ڕووبارەکان بپەڕەوە.
- 3
- ڕووتیت دەردەکەوێت،
 هەروەها ڕیسواییت دەبینرێت.
 تۆڵەی خۆم دەکەمەوە و
 لە کەس نابوورم.»
- 4
- ئەوەی دەمانکڕێتەوە ناوی یەزدانی سوپاسالارە،
 پیرۆزەکەی ئیسرائیلە.
- 5
- «بێدەنگ دابنیشە و وەرە ناو تاریکییەوە،
 شاری شاهانەی بابلییەکان،
 چونکە چیتر پێت ناگوترێت
 شاژنی شانشینەکان.
- 6
- تووڕە بووم لە گەلی خۆم و
 میراتی خۆمم گڵاوکرد.
 ئەوانم دا بە دەست تۆوە،
 تۆش لەگەڵیاندا بە بەزەیی نەبوویت.
 تەنانەت لەسەر پیرەکانیش
 نیری[b] خۆتت زۆر قورس کرد.
- 7
- گوتت: ”بۆ هەتاهەتایە
 دەبمە شاژن!“
 بەڵام لەم ڕووداوانە وردنەبوویتەوە،
 بیرت لە کۆتاییەکەی نەکردەوە.
- 8
- «ئێستا گوێ لەمە بگرە، ئەی سۆزانی،
 ئەی دانیشتوو بە ئاسوودەیی،
 ئەی ئەوەی لە دڵی خۆیدا دەڵێت:
 ”هەر خۆم و بەس!
 نە بێوەژن دەبم و
 نە سک سووتاوی دەزانم.“
- 9
- لەپڕ لە یەک ڕۆژدا
 ئەم دووانەت بەسەردێت،
 سک سووتان و بێوەژنیێتی.
 بە تەواوی بەسەرت دێت،
 سەرەڕای زۆری جادووگەری و
 سەرەڕای لە ڕادەبەدەر نوشتەکردنت.
- 10
- پشتت بە خراپەکارییەکانت بەست و
 گوتت: ”کەس نامبینێت.“
 داناییەکەت و زانینەکەت تۆیان لەڕێ لادا،
 لە دڵی خۆتدا گوتت:
 ”هەر خۆم و بەس.“
- 11
- خراپەیەکت بەسەردێت،
 سەرهەڵدانەکەی نازانیت،
 بەڵایەکت بەسەردێت.
 ناتوانیت ڕەتی بکەیتەوە،
 لەپڕ کاولبوونێکت بەسەردێت
 پێی نازانیت.
- 12
- «جا بەردەوام بە، بە نوشتەکانت و
 بە زۆری جادووگەریت،
 ئەوەی لە مێردمنداڵیتەوە تێیدا ماندوو بوویت،
 بەڵکو سوودی هەبێ بۆت،
 بۆ ئەوەی بیانترسێنیت!
- 13
- هێزت لەبەر بڕا لە زۆری ڕاوێژەکانت!
 با ئەستێرەناسەکانت بێنە پێشەوە،
 ئەوانەی ئاسمان دابەش دەکەن و
 چاو لە ئەستێرەکان دەبڕن و
 مانگ لەدوای مانگ پێشبینی دەکەن،
 با ئەوانە ڕزگارت بکەن
 لەوەی بەسەرت دێت.
- 14
- ئەوەتا وەک پووشیان لێدێت،
 ئاگر دەیانسووتێنێت.
 لە دەست بڵێسە
 فریای گیانی خۆیان ناکەون.
 ئەو پشکۆ خەڵووزە بۆ خۆگەرمکردنەوە نییە،
 ئەو ئاگرەش بۆ دانیشتن لەبەردەمی نییە.
- 15
- ئەو جادووگەرانەی لە مێردمنداڵیتەوە هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکردن و
 پێیانەوە ماندوو بوویت،
 بەو دەردە دەچن.
 هەرکەسە و ملی ڕێی خۆی دەگرێت،
 کەس نییە ڕزگارت بکات.
- a. 47:1 پاکیزە: مەبەست لەپێش داگیرکردنیەتی، کە بەراوردی دەکات بە کچی پاکیزە.
- b. 47:6 مەبەستی لە بارگرانییە.

