عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
کەوتنی بابل 
1
«دابەزە و لەسەر خۆڵ دابنیشە،
ئەی بابلی کچە پاکیزە[a] .
بەبێ تەخت لەسەر زەوی دابنیشە،
کچی بابلییەکان،
چونکە چیتر پێت ناگوترێت
ناسک و نازدار.
2
دەستاڕ ببە و باراش بهاڕە،
عەبات فڕێبدە،
دامێن هەڵبکە و قاچ بەدەرخە،
لە ڕووبارەکان بپەڕەوە.
3
ڕووتیت دەردەکەوێت،
هەروەها ڕیسواییت دەبینرێت.
تۆڵەی خۆم دەکەمەوە و
لە کەس نابوورم.»
4
ئەوەی دەمانکڕێتەوە ناوی یەزدانی سوپاسالارە،
پیرۆزەکەی ئیسرائیلە.
5
«بێدەنگ دابنیشە و وەرە ناو تاریکییەوە،
شاری شاهانەی بابلییەکان،
چونکە چیتر پێت ناگوترێت
شاژنی شانشینەکان.
6
تووڕە بووم لە گەلی خۆم و
میراتی خۆمم گڵاوکرد.
ئەوانم دا بە دەست تۆوە،
تۆش لەگەڵیاندا بە بەزەیی نەبوویت.
تەنانەت لەسەر پیرەکانیش
نیری[b] خۆتت زۆر قورس کرد.
7
گوتت: ”بۆ هەتاهەتایە
دەبمە شاژن!“
بەڵام لەم ڕووداوانە وردنەبوویتەوە،
بیرت لە کۆتاییەکەی نەکردەوە.
8
«ئێستا گوێ لەمە بگرە، ئەی سۆزانی،
ئەی دانیشتوو بە ئاسوودەیی،
ئەی ئەوەی لە دڵی خۆیدا دەڵێت:
”هەر خۆم و بەس!
نە بێوەژن دەبم و
نە سک سووتاوی دەزانم.“
9
لەپڕ لە یەک ڕۆژدا
ئەم دووانەت بەسەردێت،
سک سووتان و بێوەژنیێتی.
بە تەواوی بەسەرت دێت،
سەرەڕای زۆری جادووگەری و
سەرەڕای لە ڕادەبەدەر نوشتەکردنت.
10
پشتت بە خراپەکارییەکانت بەست و
گوتت: ”کەس نامبینێت.“
داناییەکەت و زانینەکەت تۆیان لەڕێ لادا،
لە دڵی خۆتدا گوتت:
”هەر خۆم و بەس.“
11
خراپەیەکت بەسەردێت،
سەرهەڵدانەکەی نازانیت،
بەڵایەکت بەسەردێت.
ناتوانیت ڕەتی بکەیتەوە،
لەپڕ کاولبوونێکت بەسەردێت
پێی نازانیت.
12
«جا بەردەوام بە، بە نوشتەکانت و
بە زۆری جادووگەریت،
ئەوەی لە مێردمنداڵیتەوە تێیدا ماندوو بوویت،
بەڵکو سوودی هەبێ بۆت،
بۆ ئەوەی بیانترسێنیت!
13
هێزت لەبەر بڕا لە زۆری ڕاوێژەکانت!
با ئەستێرەناسەکانت بێنە پێشەوە،
ئەوانەی ئاسمان دابەش دەکەن و
چاو لە ئەستێرەکان دەبڕن و
مانگ لەدوای مانگ پێشبینی دەکەن،
با ئەوانە ڕزگارت بکەن
لەوەی بەسەرت دێت.
14
ئەوەتا وەک پووشیان لێدێت،
ئاگر دەیانسووتێنێت.
لە دەست بڵێسە
فریای گیانی خۆیان ناکەون.
ئەو پشکۆ خەڵووزە بۆ خۆگەرمکردنەوە نییە،
ئەو ئاگرەش بۆ دانیشتن لەبەردەمی نییە.
15
ئەو جادووگەرانەی لە مێردمنداڵیتەوە هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکردن و
پێیانەوە ماندوو بوویت،
بەو دەردە دەچن.
هەرکەسە و ملی ڕێی خۆی دەگرێت،
کەس نییە ڕزگارت بکات.
  1. a. 47‏:1 پاکیزە: مەبەست لەپێش داگیرکردنیەتی، کە بەراوردی دەکات بە کچی پاکیزە.‏
  2. b. 47‏:6 مەبەستی لە بارگرانییە.‏