عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
خوداوه‌نده‌كانی بابل 
1
بێل[a] چۆكی دادا و نه‌بۆ چه‌مایه‌وه‌،
بته‌كانیان بارن بۆ ڕه‌شه‌وڵاخ.
ئه‌وه‌ی باری ده‌كه‌ن باری هه‌ڵگیراون،
بارن به‌سه‌ر ئاژه‌ڵه‌ ماندووه‌كانه‌وه‌.
2
هه‌موو چه‌مانه‌وه‌، پێكه‌وه‌ چۆكیان دادا،
نه‌یانتوانی باره‌كه‌ ده‌رباز بكه‌ن و
ئه‌وان خۆشیان ڕاپێچ كران.
3
«ئه‌ی بنه‌ماڵه‌ی یاقوب، گوێم لێ بگرن،
ئه‌ی هه‌موو پاشماوه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل،
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی هه‌ڵمگرتوون له‌و كاته‌وه‌ی له‌ناو ڕه‌حم بوونه‌،
له‌و ڕۆژه‌وه‌ی كه‌ له‌دایك بوونه‌ گرنگیم پێداون.
4
هه‌تا پیریش بن هه‌ر من ئه‌وم،
هه‌تا ڕیش سپیێتیش هه‌ر من هه‌ڵتانده‌گرم.
من دروستم كردوون و ئێوه‌ باری منن،
هه‌ر من هه‌ڵده‌گرم و ده‌رباز ده‌كه‌م.
5
«به‌ كێ هاوشێوه‌م ده‌كه‌ن و یه‌كسانم ده‌كه‌ن و
هاووێنه‌م ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ یه‌ك بچین؟
6
ئه‌وانه‌ زێڕ له‌ كیسه‌وه‌ به‌تاڵ ده‌كه‌ن و
زیویش به‌ ته‌رازوو ده‌كێشن،
زێڕنگه‌رێك به‌كرێ ده‌گرن و ده‌یكاته‌ خوداوه‌ندێك،
ڕوو له‌ زه‌وی ده‌كه‌ن بۆی و كڕنۆشی بۆ ده‌به‌ن.
7
ده‌یخه‌نه‌ سه‌ر شان، هه‌ڵیده‌گرن،
له‌ جێی خۆی دایده‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی ڕاوه‌ستێت،
له‌ جێی خۆی ناجوڵێته‌وه‌.
هاواری بۆ ده‌كات و وه‌ڵام ناداته‌وه‌،
له‌ ته‌نگانه‌كه‌ی ڕزگاری ناكات.
8
«ئه‌مه‌تان له‌بیر بێت و وردبنه‌وه‌!
ئه‌ی یاخیبووان، بیخه‌نه‌ مێشكتانه‌وه‌.
9
سه‌ره‌تاكانتان له‌بیر بێت كه‌ له‌ كۆنه‌وه‌یه‌،
به‌ ڕاستی من خودام و یه‌كێكی دیكه‌ نییه‌،
خودام و هیچی دیكه‌ نییه‌ وه‌ك من.
10
له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كۆتاییم ڕاگه‌یاندووه‌،
له‌ كۆنه‌وه‌ش ئه‌وه‌ی هێشتا نه‌كراوه‌.
فه‌رمووم: ”ڕاوێژی من سه‌ر ده‌گرێت،
هه‌موو ئه‌وه‌ی پێم خۆشه‌ ده‌یكه‌م.“
11
داڵ له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ بانگ ده‌كه‌م،
له‌ خاكێكی دووریشه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ئامانجی من به‌جێده‌گه‌یه‌نێت.
فه‌رمووم و ئه‌نجامی ده‌ده‌م،
دامڕشتووه‌ و ده‌یكه‌م.
12
ئه‌ی كه‌لله‌ڕه‌قه‌كان، گوێم لێ بگرن،
ئه‌ی دووره‌كان له‌ ڕاستودروستی.
13
ڕاستودروستی خۆمم نزیك خستووه‌ته‌وه‌،
دوور ناكه‌وێته‌وه‌ و
ڕزگاربوونم دوا ناكه‌وێت.
ڕزگاری به‌ سییۆن ده‌به‌خشم،
به‌ ئیسرائیلی شكۆمه‌ندیم.
  1. a. 46‏:1 بێل یه‌كێكه‌ له‌ خوداوه‌ند و بته‌ ناوداره‌كانی سه‌رده‌می شانشینی بابل.