عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«یه‌زدان به‌م شێوه‌یه‌ به‌ كۆرشی ده‌ستنیشانكراوی ده‌فه‌رموێت،
ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ ڕاستیم گرت
بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌می ئه‌و نه‌ته‌وه‌كان بخه‌مه‌ ژێر ڕكێفم و
پاشایان چه‌ك بكه‌م،
بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌میدا ده‌روازه‌كان بكه‌مه‌وه‌ و
ده‌رگاكان دانه‌خرێن:
2
”من له‌پێشته‌وه‌ ده‌ڕۆم و
ته‌په‌كان ته‌خت ده‌كه‌م،
ده‌روازه‌ بڕۆنزییه‌كان ده‌شكێنم و
شه‌وبه‌نده‌ ئاسنینه‌كان ده‌بڕمه‌وه‌.
3
گه‌نجینه‌كانی تاریكی و
خشڵه‌ شاردراوه‌كانت ده‌ده‌مێ،
هه‌تا بزانیت كه‌ من یه‌زدانم، خودای ئیسرائیل،
ئه‌وه‌ی به‌ ناوی خۆته‌وه‌ بانگت ده‌كات.
4
له‌به‌ر یاقوبی به‌نده‌م و
ئیسرائیلی هه‌ڵبژارده‌م،
به‌ ناوی خۆت بانگت ده‌كه‌م و
نازناوی چاكم به‌ تۆ به‌خشی
هه‌رچه‌نده‌ تۆ دان به‌ مندا نانێیت.
5
من یه‌زدانم و یه‌كێكی دیكه‌ نییه‌،
بێجگه‌ له‌ من خودای دیكه‌ نییه‌.
هه‌رچه‌نده‌ دانت به‌ مندا نه‌ناوه‌،
به‌ڵام من كه‌مه‌ربه‌ندی تۆ توند ده‌كه‌م.
6
بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ هه‌تا ڕۆژئاوا بزانن
كه‌ بێجگه‌ له‌ من كه‌س نییه‌.
من یه‌زدانم و یه‌كێكی دیكه‌ نییه‌.
7
شێوه‌كێشی ڕووناكی و به‌دیهێنه‌ری تاریكیم،
دروستكه‌ری ئاشتی و به‌دیهێنه‌ری خراپه‌م،[a]
من یه‌زدانم دروستكه‌ری هه‌موو ئه‌مانه‌.“
8
«ئه‌ی ئاسمان له‌ سه‌ره‌وه‌، ڕاستودروستییه‌كه‌م ببارێنه‌،
با هه‌وره‌كان بیپرژێنێت.
با زه‌وی بكرێته‌وه‌ و پێكه‌وه‌
ڕزگاری به‌ر بگرێت و
ڕاستودروستی سه‌رهه‌ڵبدات،
من یه‌زدانم به‌دیم هێنا.
9
«قوڕبه‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كێشه‌ له‌گه‌ڵ شێوه‌كاره‌كه‌ی دروستده‌كات،
پارچه‌ی گۆزه‌یه‌كه‌ له‌نێو گۆزه‌كانی سه‌ر زه‌وی.
ئایا قوڕ به‌ گۆزه‌كه‌ره‌كه‌ی ده‌ڵێت: ”چی دروستده‌كه‌یت“
یان ئیشه‌كه‌ت: ”دوو ده‌ستی نییه‌“؟
10
قوڕبه‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ باوكی ده‌ڵێت:
”چ منداڵێكت خسته‌وه‌؟“
به‌ دایكه‌كه‌شی: ”چیت لێ ده‌بێت؟“
11
«یه‌زدان، پیرۆزه‌كه‌ی ئیسرائیل و شێوه‌كێشه‌كه‌ی،
ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
ده‌رباره‌ی ئه‌وانه‌ی دێت،
ئایا سه‌باره‌ت به‌ منداڵه‌كانم لێم بپرسن،
سه‌باره‌ت به‌ كاری ده‌ستم، ڕامبسپێرن؟
12
من زه‌ویم دروستكرد و
مرۆڤی سه‌ریم به‌دیهێنا.
ده‌سته‌كانی من ئاسمانی لێككرده‌وه‌ و
هه‌موو هێزه‌كانی ئاسمانم پێكهێنا.
13
من كۆرش به‌ ڕاستودروستی هه‌ڵده‌ستێنم و
هه‌موو ڕێگاكانی ڕێك و ڕاست ده‌كه‌م.
ئه‌و شاره‌كه‌م بنیاد ده‌نێته‌وه‌ و
ڕاپێچكراوه‌كانم ئازاد ده‌كات
به‌بێ پاره‌ و به‌بێ به‌رتیل.
ئه‌مه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی سوپاسالاره‌.»
14
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«به‌رهه‌می میسر و بازرگانی كوش و
سه‌بئییه‌ باڵا به‌رزه‌كان
بۆ لای ئێوه‌[b] ده‌په‌ڕنه‌وه‌ و
بۆ ئێوه‌ ده‌بن.
له‌دوای ئێوه‌وه‌ به‌ كۆت و زنجیره‌وه‌ ده‌ڕۆن و
ده‌په‌ڕنه‌وه‌ بۆ لاتان.
كڕنۆش بۆ ئێوه‌ ده‌به‌ن و
له‌ ئێوه‌ ده‌پاڕێنه‌وه‌:
”بێگومان خودا له‌نێو ئێوه‌دایه‌ و یه‌كێكی دیكه‌ نییه‌،
خودای دیكه‌ نییه‌.“»
15
به‌ڕاستی تۆ خودایه‌كی خۆت ده‌شاریته‌وه‌،
خودای ئیسرائیل، ئه‌ی ڕزگاركه‌ر.
16
هه‌روه‌ها هه‌موو وه‌ستای په‌یكه‌ره‌كان شه‌رمه‌زار و ڕیسوا ده‌بن،
پێكه‌وه‌ به‌ سه‌رشۆڕییه‌وه‌ ده‌ڕۆن،
17
به‌ڵام ئیسرائیل به‌ یه‌زدان ڕزگاری ده‌بێت،
به‌ ڕزگارییه‌كی هه‌تاهه‌تایی.
شه‌رمه‌زار و ڕیسوا نابن
هه‌تاهه‌تایه‌.
18
چونكه‌ یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت،
به‌دیهێنه‌ری ئاسمان،
ئه‌و خودایه‌،
شێوه‌كێشی زه‌وی و دروستكه‌ری،
ئه‌و دایمه‌زراند.
به‌خۆڕایی به‌دی نه‌هێنا،
به‌ڵام بۆ نیشته‌جێبوون شێوه‌ی كێشا،
ده‌فه‌رموێت:
«من یه‌زدانم و
یه‌كێكی دیكه‌ نییه‌.
19
له‌ په‌ناوه‌ قسه‌م نه‌كرد،
له‌ شوێنێكی تاریكی زه‌وی.
به‌ توخمی یاقوبم نه‌فه‌رموو،
”به‌خۆڕایی به‌دوامدا بگه‌ڕێن.“
من یه‌زدانم به‌ ڕاستی ده‌دوێم،
به‌ ڕاستودروستی ڕایده‌گه‌یه‌نم.
20
«كۆببنه‌وه‌ و وه‌رن،
ئه‌ی ده‌ربازبووانی نه‌ته‌وه‌كان، پێكه‌وه‌ وه‌رنه‌ پێش.
نازانن ئه‌وانه‌ی هه‌ڵیانگرتووه‌، داری بته‌ داتاشراوه‌كانیان،
ئه‌وانه‌ی داوا له‌ خوداوه‌ندێك ده‌كه‌ن كه‌ ڕزگار ناكات.
21
ڕایبگه‌یه‌نن و وه‌رنه‌ پێش.
با ئه‌وان پێكه‌وه‌ ڕاوێژ بكه‌ن.
له‌ كۆنه‌وه‌ كێ پێشبینی ئه‌مه‌ی كردووه‌،
له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ ڕایگه‌یاندووه‌؟
ئایا منی یه‌زدان نه‌بوو؟
بێجگه‌ له‌ من هیچ خودایه‌ك بێت،
خودایه‌كی ڕاستودروست و ڕزگاركه‌ر
بێجگه‌ له‌ من نییه‌.
22
«ڕوو له‌ من بكه‌ن و ڕزگارتان بێت،
ئه‌ی هه‌موو لایه‌كانی زه‌وی،
چونكه‌ من خودام و یه‌كێكی دیكه‌ نییه‌.
23
سوێندم به‌ گیانی خۆم خوارد،
ڕاستی له‌ ده‌ممه‌وه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌،
وشه‌یه‌كه‌ و ناگه‌ڕێته‌وه‌،
كه‌ هه‌موو ئه‌ژنۆیه‌ك بۆ من چۆك ده‌دات،
هه‌موو زمانێك به‌ من سوێند ده‌خوات.
24
سه‌باره‌ت به‌ من ده‌ڵێن: ”ڕاستودروستی و هێز
ته‌نها به‌ یه‌زدانه‌.“»
هه‌موو ئه‌وانه‌ی ڕقیان لێی هه‌ستاوه‌
بۆ لای ئه‌و دێن و شه‌رمه‌زار ده‌بن،
25
به‌ڵام هه‌موو توخمی ئیسرائیل
به‌ یه‌زدان ڕاستودروست ده‌بن و شانازی ده‌كه‌ن.
  1. a. 45‏:7 \+xt بڕوانه‌ ئه‌یوب 2‏:1‏-10،‏\+xt*‏ خودا هه‌ندێك جار ڕێ ده‌دات كه‌ شتی خراپ ڕووبده‌ن بۆ به‌دیهێنانی مه‌به‌سته‌كانی خۆی.
  2. b. 45‏:14 مه‌به‌ست له‌ یه‌هودایه‌ له‌دوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی گه‌لی خودا له‌ ڕاپێچكراوی له‌لایه‌ن كۆرش پاشای فارسه‌وه‌.