عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
به‌نده‌ی یه‌زدان 
1
ئه‌ی دوورگه‌كان، گوێم لێ بگرن،
ئه‌ی نه‌ته‌وه‌ دووره‌كان، گوێ شل بكه‌ن:
یه‌زدان پێش له‌دایكبوونم بانگی كردم،
له‌ناو سكی دایكمه‌وه‌ دیاری كردم.
2
ده‌می منی كرد به‌ شمشێرێكی تیژ،
له‌ سێبه‌ری ده‌ستی خۆیدا منی شارده‌وه‌،
منی كرده‌ تیرێكی تیژكراو،
له‌ناو تیردانه‌كه‌ی منی شارده‌وه‌.
3
به‌ منی فه‌رموو: «تۆ به‌نده‌ی منیت،
ئیسرائیل، ئه‌وه‌ی له‌نێویاندا شكۆدار ده‌بم.»
4
منیش گوتم: «به‌خۆڕایی ماندوو بووم،
له‌ شتی هیچوپووچدا توانای خۆمم نه‌هێشت،
به‌ڵام دادم له‌لای یه‌زدانه‌ و
پاداشتم لای خودامه‌.»
5
ئێستاش یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت،
یه‌زدان كه‌ له‌ سكی دایكمه‌وه‌ شێوه‌ی منی كێشا،
بۆ ئه‌وه‌ی ببم به‌ به‌نده‌ی خۆی،
تاوه‌كو یاقوب بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لای ئه‌و،
ئیسرائیلیش بچنه‌ پاڵ ئه‌و،
جا له‌به‌رچاوی یه‌زدان شكۆمه‌ند ده‌بم و
خوداشم ده‌بێته‌ هێزم،
6
ئه‌و ده‌فه‌رموێت:
«كه‌مه‌ كه‌ به‌نده‌ی من بیت
بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی هۆزه‌كانی یاقوب و
بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ ئیسرائیل ئه‌وانم پاراست،
به‌ڵكو ده‌تكه‌مه‌ ڕووناكی بۆ نه‌ته‌وه‌كان
تاكو ڕزگاریم به‌وپه‌ڕی زه‌وی بگه‌یه‌نیت[a]
7
یه‌زدان، پیرۆزه‌كه‌ی ئیسرائیل، ئه‌وه‌ی ده‌یكڕێته‌وه‌، ده‌فه‌رموێت:
به‌ گیان ڕیسواكراو، به‌وه‌ی مایه‌ی ڕقی نه‌ته‌وه‌یه‌،
به‌ خزمه‌تكاری فه‌رمانڕه‌واكان:
«پاشایان ده‌بینن و هه‌ڵده‌ستن،
میرانیش كڕنۆش ده‌به‌ن،
له‌به‌ر یه‌زدان كه‌ دڵسۆزه‌ و
له‌به‌ر پیرۆزه‌كه‌ی ئیسرائیل كه‌ تۆی هه‌ڵبژارد.»
گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیسرائیل 
8
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«له‌ كاتی په‌سه‌ندیم وه‌ڵامت ده‌ده‌مه‌وه‌،
له‌ ڕۆژی ڕزگاریدا یارمه‌تیت ده‌ده‌م،
جا ده‌تپارێزم و ده‌تكه‌مه‌ په‌یمان بۆ گه‌ل،
بۆ بوژاندنه‌وه‌ی زه‌وی،
بۆ به‌میراتكردنی میراتی چیاوچۆڵه‌كان،
9
به‌ دیله‌كان ده‌ڵێت: ”وه‌رنه‌ ده‌ره‌وه‌،“
به‌وانه‌ی له‌ تاریكیدان: ”ئازاد بن!“
«له‌سه‌ر ڕێگاكان ده‌له‌وه‌ڕێن،
له‌وه‌ڕگاكانیان له‌سه‌ر هه‌موو گردۆڵكه‌یه‌كی ڕووته‌نن.
10
نه‌ برسی ده‌بن و نه‌ تینوو،
نه‌ گه‌رما لێیان ده‌دات و نه‌ خۆر،
چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌زه‌یی پێیاندا دێته‌وه‌ ڕێنماییان ده‌كات و
بۆ سه‌ر كانیاوه‌كانیان ده‌بات.
11
هه‌موو چیاكانم ده‌كه‌م به‌ ڕێگا و
ڕێڕه‌وه‌كانم به‌رز ده‌بنه‌وه‌.
12
ئه‌وه‌تا ئه‌مانه‌ له‌ دووره‌وه‌ دێن و
ئه‌وه‌تا ئه‌مانه‌ له‌ باكوور و ڕۆژئاواوه‌ و
ئه‌مانه‌ش له‌ ناوچه‌ی ئه‌سوانه‌وه‌.»
13
ئه‌ی ئاسمان، هاواری خۆشی بكه‌،
ئه‌ی زه‌وی، شادمان به‌!
چیاكان ده‌كه‌ونه‌ ناو هاواری خۆشییه‌وه‌،
چونكه‌ یه‌زدان دڵنه‌وایی گه‌لی خۆی ده‌كات و
به‌زه‌یی به‌ زه‌لیله‌كانیدا دێته‌وه‌.
14
به‌ڵام سییۆن گوتی: «یه‌زدان به‌جێی هێشتم!
په‌روه‌ردگار له‌بیری كردم.»
15
«چۆن دایك كۆرپه‌ی شیره‌خۆره‌ی خۆی له‌بیر ده‌كات،
یان به‌زه‌یی به‌ به‌ری سكی خۆی نایه‌ته‌وه‌؟
ته‌نانه‌ت ئه‌ویش له‌بیر ده‌كات،
به‌ڵام من تۆ له‌بیر ناكه‌م.
16
ئه‌وه‌تا له‌ناو له‌پم تۆم هه‌ڵكۆڵیوه‌،
هه‌میشه‌ شووراكانت له‌به‌رچاومن.
17
كوڕه‌كانت خێرا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌،
ڕووخێنه‌ران و تێكده‌رانت لێت ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌.
18
چاوهه‌ڵبڕه‌ بۆ ده‌وروبه‌رت و ببینه‌!
هه‌موو كۆبوونه‌وه‌، هاتن بۆ لات.»
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «به‌ گیانی خۆم،
تۆ هه‌موویان وه‌ك خشڵ له‌به‌ر ده‌كه‌یت،
وه‌ك بووك خۆت به‌وان ده‌ڕازێنیته‌وه‌.
19
«هه‌رچه‌نده‌ بوویت به‌ شوێنێكی كه‌لاوه‌ و وێران و
خاكه‌كه‌شت ڕووخێنرا،
به‌ڵام ئێستا ته‌نگ ده‌بیت بۆ دانیشتووان،
لووشده‌رانت دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌.
20
ڕۆژێك له‌ ڕۆژان گوێت لێ ده‌بێت
كه‌ كوڕانی سه‌رده‌می سك سووتاویت ده‌ڵێن:
”ئه‌م جێیه‌ ته‌نگه‌ بۆمان،
جێمان بكه‌ره‌وه‌ با نیشته‌جێ بین.“
21
له‌ دڵی خۆتدا ده‌ڵێیت:
”كێ ئه‌مانه‌ی بۆم بوون
كه‌ من سك سووتاو و نه‌زۆكم،
دوورخراوه‌ و ده‌ربه‌ده‌رم؟
ئه‌ی كێ به‌خێوی كردن؟
ئه‌وه‌تا من به‌ ته‌نها مابووم،
ئه‌مانه‌ له‌كوێ بوون؟“»
22
یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«ئه‌وه‌تا من ده‌ست بۆ نه‌ته‌وه‌كان به‌رز ده‌كه‌مه‌وه‌،
بۆ گه‌لانیش ئاڵای خۆم به‌رز ده‌كه‌م،
جا كوڕه‌كانت به‌ باوه‌ش ده‌هێنن و
كچه‌كانیشت له‌سه‌ر شانیان هه‌ڵده‌گرن.
23
پاشاكان تۆ په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ن،
شاژنه‌كانیان ده‌بنه‌ دایه‌نی تۆ،
ڕوویان له‌ زه‌وی ده‌بێت،
كڕنۆشت بۆ ده‌به‌ن و تۆزی پێیه‌كانت ده‌لێسنه‌وه‌،
ئیتر تۆ ده‌زانیت كه‌ من یه‌زدانم.
ئه‌وانه‌ی شه‌رمه‌زار نابن ئه‌وانه‌ن چاوه‌ڕوانی منن.»
24
ئایا ده‌ستكه‌وت له‌ پاڵه‌وان ده‌بردرێت؟
ئایا ڕاپێچكراو له‌ ده‌ستی سته‌مكار ده‌ربازی ده‌بێت؟
25
به‌ڵام یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«ته‌نانه‌ت ڕاپێچ له‌ چنگی پاڵه‌وانیش ده‌بردرێت،
ده‌ستكه‌وت له‌ چنگی زۆرداریش ده‌رباز ده‌بێت.
من دژایه‌تی دژه‌كانت ده‌كه‌م و
من منداڵه‌كانت ڕزگار ده‌كه‌م.
26
به‌ سته‌مكارانت گۆشتی خۆیان ده‌رخوارد ده‌ده‌م و
وه‌ك شه‌رابی شیرین، به‌ خوێنی خۆیان سه‌رخۆش ده‌بن.
جا هه‌موو مرۆڤ ده‌زانێت
من كه‌ یه‌زدانم ڕزگاركه‌ری تۆم،
ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌تكڕێته‌وه‌ تواناداره‌كه‌ی یاقوبه‌.»
  1. a. 49‏:6 \+xt بڕوانه‌ لۆقا 2‏:29‏-32.‏\+xt*‏