عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بەندەی یەزدان
- 1
- ئەی دوورگەکان، گوێم لێ بگرن،
 ئەی نەتەوە دوورەکان، گوێ شل بکەن:
 یەزدان پێش لەدایکبوونم بانگی کردم،
 لەناو سکی دایکمەوە دیاری کردم.
- 2
- دەمی منی کرد بە شمشێرێکی تیژ،
 لە سێبەری دەستی خۆیدا منی شاردەوە،
 منی کردە تیرێکی تیژکراو،
 لەناو تیردانەکەی منی شاردەوە.
- 3
- بە منی فەرموو: «تۆ بەندەی منیت،
 ئیسرائیل، ئەوەی بەهۆیەوە شکۆی خۆم دەردەخەم.»
- 4
- منیش گوتم: «بەخۆڕایی ماندوو بووم،
 لە شتی هیچوپووچدا توانای خۆمم نەهێشت،
 بەڵام دادم لەلای یەزدانە و
 پاداشتم لای خودامە.»
- 5
- ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
 یەزدان کە لە سکی دایکمەوە شێوەی منی کێشا،
 بۆ ئەوەی ببم بە بەندەی خۆی،
 تاوەکو یاقوب بۆ لای ئەو بگەڕێنمەوە و
 ئیسرائیلیش بخەمەوە پاڵ ئەو،
 جا لەبەرچاوی یەزدان شکۆمەند دەبم و
 خوداشم دەبێتە هێزم،
- 6
- ئەو دەفەرموێت:
 «ئەمە شتێکی کەمە بۆ تۆ کە بەندەی من بیت
 بۆ هەستانەوەی هۆزەکانی یاقوب و
 بۆ گەڕانەوەی ئەوانەی کە لە ئیسرائیل ئەوانم پاراست،
 بەڵکو دەتکەمە ڕووناکی بۆ نەتەوەکان
 تاکو ڕزگاریم بەوپەڕی زەوی بگەیەنیت[a] .»
- 7
- یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەوەی دەیکڕێتەوە، دەفەرموێت:
 بە گیان ڕیسواکراو، بەوەی مایەی ڕقی نەتەوەیە،
 بە خزمەتکاری فەرمانڕەواکان:
 «پاشایان دەبینن و هەڵدەستن،
 میرانیش کڕنۆش دەبەن،
 لەبەر یەزدان کە دڵسۆزە و
 لەبەر پیرۆزەکەی ئیسرائیل کە تۆی هەڵبژارد.»
- گەڕانەوەی ئیسرائیل
- 8
- یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
 «لە کاتی پەسەندیم وەڵامت دەدەمەوە،
 لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیت دەدەم،
 جا دەتپارێزم و دەتکەمە پەیمان بۆ گەل،
 بۆ بوژاندنەوەی زەوی،
 بۆ بەمیراتکردنی میراتی چیاوچۆڵەکان،
- 9
- بە دیلەکان دەڵێت: ”وەرنە دەرەوە،“
 بەوانەی لە تاریکیدان: ”ئازاد بن!“
 «لەسەر ڕێگاکان دەلەوەڕێن،
 لەوەڕگاکانیان لەسەر هەموو گردۆڵکەیەکی ڕووتەنن.
- 10
- نە برسی دەبن و نە تینوو،
 نە گەرما لێیان دەدات و نە خۆر،
 چونکە ئەوەی بەزەیی پێیاندا دێتەوە، ڕێنماییان دەکات و
 بۆ سەر کانیاوەکانیان دەبات.
- 11
- هەموو چیاکانم دەکەم بە ڕێگا و
 ڕێڕەوەکانم بەرز دەبنەوە.
- 12
- ئەوەتا ئەمانە لە دوورەوە دێن و
 ئەوەتا ئەمانە لە باکوور و ڕۆژئاواوە و
 ئەمانەش لە ناوچەی ئەسوانەوە.»
- 13
- ئەی ئاسمان، هاواری خۆشی بکە،
 ئەی زەوی، شادمان بە!
 چیاکان دەکەونە ناو هاواری خۆشییەوە،
 چونکە یەزدان دڵنەوایی گەلی خۆی دەکات و
 بەزەیی بە زەلیلەکانیدا دێتەوە.
- 14
- بەڵام سییۆن گوتی: «یەزدان بەجێی هێشتم!
 پەروەردگار لەبیری کردم.»
- 15
- «چۆن دایک کۆرپەی شیرەخۆرەی خۆی لەبیر دەکات،
 یان بەزەیی بە بەری سکی خۆی نایەتەوە؟
 تەنانەت ئەویش لەبیر دەکات،
 بەڵام من تۆ لەبیر ناکەم.
- 16
- ئەوەتا لەناو لەپم تۆم هەڵکۆڵیوە،
 هەمیشە شووراکانت لەبەرچاومن.
- 17
- کوڕەکانت خێرا دەگەڕێنەوە،
 ڕووخێنەران و تێکدەرانت لێت دەچنە دەرەوە.
- 18
- چاوهەڵبڕە بۆ دەوروبەرت و ببینە!
 هەموو کۆبوونەوە، هاتن بۆ لات.»
 یەزدان دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم،
 تۆ هەموویان وەک خشڵ لەبەر دەکەیت،
 وەک بووک خۆت بەوان دەڕازێنیتەوە.
- 19
- «هەرچەندە بوویت بە شوێنێکی کەلاوە و وێران و
 خاکەکەشت ڕووخێنرا،
 بەڵام ئێستا تەنگ دەبیت بۆ دانیشتووان،
 لووشدەرانت دوور دەکەونەوە.
- 20
- ڕۆژێک لە ڕۆژان گوێت لێ دەبێت
 کە کوڕانی سەردەمی سک سووتاویت دەڵێن:
 ”ئەم جێیە تەنگە بۆمان،
 جێمان بکەرەوە با نیشتەجێ بین.“
- 21
- لە دڵی خۆتدا دەڵێیت:
 ”کێ ئەمانەی بۆ من بوو
 کە من سک سووتاو و نەزۆکم،
 دوورخراوە و دەربەدەرم؟
 ئەی کێ بەخێوی کردن؟
 ئەوەتا من بە تەنها مابوومەوە،
 ئەمانە لەکوێ بوون؟“»
- 22
- یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
 «ئەوەتا من دەست بۆ نەتەوەکان بەرز دەکەمەوە،
 بۆ گەلانیش ئاڵای خۆم بەرز دەکەمەوە،
 جا کوڕەکانت بە باوەش دەهێنن و
 کچەکانیشت لەسەر شانیان هەڵدەگرن.
- 23
- پاشاکان تۆ پەروەردە دەکەن،
 شاژنەکانیان دەبنە دایەنی تۆ،
 ڕوویان لە زەوی دەبێت،
 کڕنۆشت بۆ دەبەن و تۆزی پێیەکانت دەلێسنەوە،
 ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم.
 ئەوانەی شەرمەزار نابن ئەوانەن چاوەڕوانی منن.»
- 24
- ئایا دەستکەوت لە پاڵەوان دەبردرێت؟
 ئایا ڕاپێچکراو لە دەستی ستەمکار دەربازی دەبێت؟
- 25
- بەڵام یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
 «تەنانەت ڕاپێچ لە چنگی پاڵەوانیش دەبردرێت،
 دەستکەوت لە چنگی زۆرداریش دەرباز دەبێت.
 من دژایەتی دژەکانت دەکەم و
 من منداڵەکانت ڕزگار دەکەم.
- 26
- وا دەکەم ستەمکارانت گۆشتی خۆیان بخۆن و
 وەک شەرابی شیرین، بە خوێنی خۆیان سەرخۆش بن.
 جا هەموو مرۆڤ دەزانێت
 من کە یەزدانم ڕزگارکەری تۆم،
 ئەوەش کە دەتکڕێتەوە توانادارەکەی یاقوبە.»
- a. 49:6 بڕوانە لۆقا 2:29-32.

